پەرلەمانتارێك لە زاری مەحموود سەنگاوییەوە وردەكاریی ڕووداوەكە بۆ پەرەگراف دەگێڕێتەوە

19-09-2019 10:00
شەمۆل ئاشتی لە كاتی سەردانی ئەمشەوی بۆ لای مەحموود سەنگاوی

پەرەگراف - سەنگەر سالار

مەحموود سەنگاوی بۆ ماوەی زیاتر لە 10 خولەك لە بازگەكەی پارتی چاوەڕێی كردووە و بەرپرسانی بازگەكە پەیوەندییان بە سەرووی خۆیانەوە كردووە، دواتر پێیان ڕاگەیاندووە "فەرمانمان پێ‌ كراوە و داوای لێبوردن دەكەین نابێت بڕۆیت". ئەگەر بیویستایە بڕوات، دەبوو بە شەڕ بچێت، پەرلەمانتارێكی یەكێتی كە ئەمشەو سەردانی سەنگاویی كردووە، بۆ پەرەگراف وا دەڵێت.

شەمۆل ئاشتی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی، پاش ڕووداوی ڕێگری لە چوونی مەحموود سەنگاویی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حیزبەكەی بۆ هەولێر، سەردانی ناوبراوی كردووە و لە زاری سەنگاوی خۆیەوە چۆنێتیی ڕووداوەكەی بۆ پەرەگراف گێڕایەوە.

شەمۆل ئاشتی وتی "ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی مەكتەبی سیاسی لە شاری هەولێر هەبوو، كە بڕیاربوو گفتوگۆیش لەگەڵ پەرلەمانتارەكانی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق بكرێت، سەبارەت بە پرسەكانی پەیوەست بە هەرێم و عێراق. كاك مەحموود كە بۆ ئەو كۆبوونەوەیە چووە، لە یەكێك لە بازگەكانی هەولێر ڕێگریی لێ‌ كرابوو بچێتە ناو شارەكەوە".

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت "پاش ئەوەی كاك مەحموود گەیشتووەتە بازگەكە، پێیان وتووە فەرمانمان پێ‌ كراوە نەهێڵین بڕۆیت".

"كاك مەحموود بەو شێوەیە باسی ڕووداوەكەی كرد كە ئەگەر بیویستایە بچێتە ناو شاری هەولێر، دەبوو بە شەڕ بچێت، ئەوكاتیش ڕەنگە كەسێكی هەژار یان كوڕە شەهیدێك لەوێ‌ بكوژرایە" شەمۆل ئاشتی بۆ پەرەگراف وای وت.

لە وەڵامی ئەوەی كە ئایا مەحموود سەنگاوی لە بازگەكە ماوەتەوە تا ڕێگەی پێ‌ بدەن بچێتە ناو شاری هەولێرەوە؟ پەرلەمانتارەكەی یەكێتی وتی "بەلێ‌، كاك مەحموود بۆ ماوەی 10 تا 15 خولەك چاوەڕێیشی كردووە و ئەوانەی بازگەكە چەند تەلەفۆنێكیان كردووە، بەڵام دواتر پێیان وتووە فەرمانمان پێ‌ كراوە و داوای لێبوردن دەكەین نابێت بڕۆیت. ئیتر ئەویش گەڕاوەتەوە و مەكتەبی سیاسیی ئاگادار كردووەتەوە".

سەنگاوی ئێستا لە ماڵەكەی خۆیەتی لە ڕاپەڕین. وەكو ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت "چاوەڕێی هەڵوێستی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی دەكات. دڵنیاشین مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی یەكێتی ئەوە قبووڵ ناكات".

شەمۆل ئاشتی دەڵێت "ڕەنگە سبەینێ‌ كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی یەكێتی ئەنجام بدرێت و هەڵوێستێك لەوبارەیەوە ڕابگەیەنرێت".

"دەكرێت تۆ هەر كەسێك كەیفت پێی نەیەت، نەهێڵیت بێتە زۆنەكەی خۆت؟! دەبێت پارتی خۆی یەكلایی بكاتەوە، ئەگەر بتەوێت حكوومەتداری بكەیت و لە زاخۆ تا خانەقین دەسەڵاتت هەبێ‌، نابێ‌ زۆنی خۆت جیا بكەیتەوە"، شەمۆل ئاشتی وای وت.

ڕێگریی لە مەحموود سەنگاوی كاردانەوەی لێكەوتەوە و وە‌زارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێم ڕوونكردنەوەیەكی لەوبارەیەوە بڵاو كردەوە و دەڵێت: هیچ بڕیار و ڕاسپاردەی لە پشتەوە نەبووە و لێكۆڵینەوەی ورد ئەنجام دەدەن.

ھاوكات نیوەڕۆی ئەمڕۆ وتەبێژی یەكێتیی كاتێك ڕایگەیاند، لە بازگەی هەولێر ڕێگری لە مەحموود سەنگاوی كراوە بچێتە ئەو شارە بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی، ئەو كارەی بە "قبوڵنەكراو" و لێدان لە ڕێككەوتنەكانی نێوان پارتی‌ و یەكێتی ناو برد.

لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی فەرمیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە هەولێر، حكوومەتی هەرێمی بە بەرپرسیاری ئەو كارە ناوبرد، وتی"كارێكی نایاساییە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لێی بەرپرسیارە، بەو سیفەتەی ئەو جێبەجێكاری یاسایە لەم وڵاتەدا".