ئێران دەربارەی هێرشەكەی سەر سعوودیە، وەڵامی ئەمریكای دایەوە

22-09-2019 12:08

پەرەگراف

ڕووحانی ڕایگەیاند، تۆمەتباركردنی ئێران لەلایەن ئەمریكاوە بە هەبوونی دەستی لە هێرشەكەی سەر كەرتی نەوتی سعوودیە، "دووبارەكردنەوەی درۆكانی پێشتر" و "هاوشێوەی هەموو درۆ ئاشكراكراوەكانی ئەوانە".

حەسەن ڕووحانی، سەرۆككۆماری ئێران، لە مەراسیمێكی سەربازی كە بە بۆنەی ساڵیادی دەستپێكردنی شەڕی ئێران - عێراق ڕێكخرابوو، داوای لە وڵاتانی ڕۆژئاوا كرد كە ئەگەر ئاسایشی ناوچەكەیان دەوێت، لە هەناردەكردنی "ئەم هەموو چەكە مەترسیدارە" خۆیان بپارێزن و "ناوچەكە بۆ شوێنی پێشبڕكێی چەك" نەگۆڕن.

ڕووحانی دەڵێت "لە هەر شوێنێكی ناوچەكە كە ئەمریكییەكان و دوژمنەكانی ئێمە هەبوون، بە ناوی پاراستنی ئاسایشەوە، ئاسایشیان لەناو بردووە، بەڵام هێزە سەربازییەكانی ئێمە بۆ هەر شوێنێك ڕۆیشتبن، ئاسایشیان لەگەڵ خۆیان بردووە".

سەرۆككۆماری ئێران جەختی لەوە كردەوە "بە دراوسێكانمان ڕادەگەیەنین كە دەستی دۆستایەتی و براییان بۆ درێژ دەكەین، تەنانەت ئامادەین لە هەڵەكانی ڕابردوویان خۆش ببین".

هەروەها ئاماژەی بەوە كرد "ئێران ئامادەیە بە هاوكاریی وڵاتانی دیكە ئاسایشی كەنداوی فارس و گەرووی هورمز و دەریای عومان دەستەبەر بكات". بوونی هێزە بیانییەكانیشی لە ناوچەی كەنداوی فارس بە "مەترسیدار" ناو برد و بە هۆكاری زیاتر دروستبوونی كێشە بۆ كەشتیوانی و ئاسایشی نەوت و وەزە وەسفی كرد.