"زیاتر لە 200 جۆر دەرمان لە نەخۆشخانەكانی شێرپەنجەدا نەماون"

23-09-2019 11:53
كازم فارووق، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌

پەرەگراف

كابینەی پێشووی حكوومەتی هەرێم بە ناوی قەیرانی داراییەوە پارەی سندووقی شێرپەنجەی بۆ بواری دیكە بەكار هێناوە، كە ئەو پارەیە "بە خێر و خێرات" بۆ ئەو نەخۆشانە كۆكراوەتەوە، ئەمە بەپێی قسەی سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لە پەرلەمانی كوردستان.

كازم فارووق، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "تا 31-12-2018، بڕی ئەو پارەیەی كە لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە لە سندووقی شێرپەنجە دەرهێنراوە، 111 ملیار دینار و 657 ملیۆن و 336 هەزار دینار بووە، لەگەڵ پێنج ملیۆن و 133 هەزار و 589 دۆلار".

ئەم پارەیە مافی نەخۆشانی شێرپەنجەیە لە سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، وەكو كازم فارووق دەڵێت "ئێستا ئەو مافەیان لێ‌ زەوت كراوە و حكوومەت بۆیان ناگەڕێنێتەوە".

ئەمە لە كاتێكدایە نەخۆشخانەكانی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان پێویستیان بە چەندین جۆر دەرمان هەیە و بودجەی پێویستیان بۆ دابینكردنی نییە. سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ دەڵێت "لە سەردانێكدا بۆ نەخۆشخانەی نانەكەلی لە هەولێر، نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی و سەنتەری چارەسەری شێرپەنجە لە دهۆك، بۆمان دەركەوت زیاتر لە 200 جۆری دەرمان ئێستا لەو نەخۆشخانانەدا نەماون".

ئەو پارانەی سندووقی شێرپەنجە لە بانكی فیدراڵی، بانكی كوردستان و بانكی زاگرۆس دانراون و زۆرینەی لە خێخوازانەوە هاتووە، هەندێكیشی لە باجی جگەرە و خواردنەوە كحوولییەكانەوە، بەڵام حكوومەت بۆ بواری دیكە بەكاری هێناوە.

كازم فارووق ئاماژە بەوە دەكات "بەهۆی نەبوونی دەرمان لە نەخۆشخانەكانی شێرپەنجە، ئەو نەخۆشانەی كە سێ‌ جۆر كیمیایی وەردەگرن، ناچارن دوانیان لە بازاڕەكاندا بكڕن كە زۆر جار دەبێت هەفتانە یان دوو هەفتە جارێك بەكاری بهێن".

بەهۆی ئەو قەرزەی لەسەر وەزارەتی تەندروستیش كەڵەكە بووە، كۆمپانیا ئەسڵییەكان، دەرمان بە وەزارەتەكە نافرۆشن، ئەمەش وای كردووە دەرمان لە كۆمپانیا پلە دووەكان بكڕێت. سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌ دەڵێت "ئەمە وا دەكات ڕێژەی چاكبوونەوە لە نەخۆشیی شێرپەنەجە دابەزێت".

"بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی دەڵێن: ئەگەر حكوومەت مانگانە تەنیا دوو ملیار دینار لەو پارەیە بۆ وەزارەتەكە بگەڕێنێتەوە، ئێمە دەتوانین زۆرێك لە كێشەكانی نەخۆشخانەكانی شێرپەنجە چارەسەر بكەین"، كازم فارووق وای وت.