
پەرەگراف- سوركێو محەمەد
بزوتنەوەی گۆڕان بە فەرمی نیگەرانییەكانی گەیاندووەتە پارتی لەبارەی دانانی سێ یاریدەدەر بۆ سەرۆكی حكومەت، جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەكە بڕیاریداوە لیژنەیەك پێكبهێنێت بۆ چاودێریكردنی ڕێككەوتنی بەشداریكردن لە حكومەت كە لەگەڵ پارتی واژۆی كردووە لەگەڵ ئەدای وەزیرەكانی لە جێبەجێكردنی بەرنامەی گۆڕان.
دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەت لە سێ مانگ نزیك دەبێتەوەو هێشتا پڕۆسەی چاكسازیی كە كۆكەرەوەی لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەت بەتایبەت پارتیو گۆڕانە، لە دروشمەوە نەبووە بەكردار، هاوكات ئەو پۆستە نوێیەی پشكی گۆڕانەو سەرپەرشتیی چاكسازیی دەكات، هێشتا كەسی بۆ دیارینەكراوەو دەستبەكار نەبووە ئەویش یاریدەدەری سەرۆك وەزیرانە بۆ چاكسازیی.
بەڵام مەسرور بارزانی سێ یاریدەدەری دیكەی بۆ سێ بواری جیاواز بۆخۆی داناوە، ئەمەش گۆڕانی نیگەران كردووە بەتایبەت كە دوو لەوانە پێشتر هەڵسوڕاوی گۆڕان بوونو ئێستا "بوون بە پارتی"، هەریەكە لە ئاشتی هەورامی بۆ كاروباری وزە، ڕێباز حەملان بۆ كاروباری وەبەرهێنان و ڕاژە، محەممەد حاجی، بۆ كاروباری تەندروستی و كوالێتیی خۆراك و دەرمان بوون بە یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت.
بەرپرسێكی باڵای گۆڕان نیگەرانیی بزوتنەوەكەیانی بۆ پەرەگراف خستەڕوو لە دانانی ئەو یاریدەدەرانە بۆ سەرۆكی حكومەت، وتی "بە فەرمی نیگەرانی بە پارتی گەیەندراوە، بەتایبەت ئەو سێ یاریدەدەرە كە نایاسایینو دوانیشیان پێشتر گۆڕان بوونو ئێستا بوون بە پارتی، لە وەڵامدا پارتی وتویەتی مەسرور بارزانی خۆی دایناون نەك حیزب".
نیگەرانیی گۆڕان لە پارتی هاوكاتە لەگەڵ نیگەرانیی یەكێتی لە پارتی بەتایبەت بەهۆی ئەوەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت هەمان ئەو دەسەڵاتانەی پێ نەدراوە كە لە كابینەی پێشوودا هەیبووە، ئێستا لە سێ پێكهێنەری حكومەت، دوانیان لەوەی دیكەیان نیگەرانە كە پارتییە.
ڕێككەوتنەكەی نێوان گۆڕانو پارتی كە بەهۆیەوە گۆڕان بەشداریی لە حكومەتدا كردووە، فراوانەو كۆی سێكتەرەكانی گرتووەتەوەو تێیدا ئاماژە بە بچوككردنەوەی حكومەتو لامەركەزییەتو شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان كراوە لەسەرەوە بۆ خوارەوە، بەڵام ئێستا گۆڕان ئاماژەی جیاواز دەبینێت.
"بەپێی ڕێككەوتنەكەمان دەبێت لامەركەزیی بچەسپێتو دەسەڵات شۆڕببێتەوە بۆ خوارەوە، بەڵام ئێستا وا دەردەكەوێت مەسرور بارزانی دەیەوێت مەركەزییەتێكی بە هێز بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دروست بكات، ئەمەش ئاماژەیەكی باش نییە" بەرپرسە باڵاكەی گۆڕان وای وت.
ئەنجامدانی چاكسازییو ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی خاڵێكی دیكەی ڕێككەوتنەكەی گۆڕانە لەگەڵ پارتیو ئەو بزوتنەوەیە ئەو خاڵە بە پاڵنەری سەرەكیی لە قەڵەم دەدات بۆ بەشداریكردن لە حكومەت، ئێستاش دەیەوێت ئەزموونەكانی ڕابردوو دووبارە نەبنەوەو چاكسازیی تەنها لەسەر كاغەز نەمێنێتەوەو لە دروشمەوە ببێت بە كردارو ئەنجامەكانی پیشانی خەڵكو دەنگدەرانی بدات، هەربۆیە لە كارنامەی حكومەتدا كە پێكەوە لەگەڵ پارتیو یەكێتی دایان ناوە، خاڵیان لەسەر پیتەكانی ئەو بوارە داناوەو ماوەتەوە بەكردار كردنی.
لەو چوارچێوەیەدا گۆڕان لیژنە بۆ چاودێریكردنی ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی پێكدەهێنێت، بەرپرسە باڵاكەی گۆڕان كە بەوردیی ئاگادار ئەم پرسەیە وتی "لە جڤاتی نیشتیمانی بڕیاری پێكهێنانی لیژنەكە دراوەو ماوەتەوە ئەندامانی لیژنەكە دیاری بكرێنو دەستبەكار بێت، لیژنەكە ڕاپۆرتی دەوریی(سێ مانگ جارێك) ئاڕاستەی جڤاتی نیشتیمانی دەكات لەبارەی جێبەجێ كردنی ڕێككەوتنی نێوان گۆڕانو پارتی".
ئەو بەرپرسەی گۆڕان ئەوەشی خستە ڕوو، "كارێكی دیكەی لیژنەكە چاودێریكردنی وەزیرەكانی گۆڕان دەبێت كە تاچەند بەرنامەی بزوتنەوەكە جێبەجێ دەكەن كە بووە بە بەشێك لە كارنامەی حكومەت".
لە وەڵامی پرسیارێكی پەرەگراف كە ئایا هەنگاوەكانی ئێستای مەسرور بارزانی بە دانانی ئەو یاریدەدەرانە بۆخۆی كە گۆڕانی نیگەران كردووە، پێچەوانە نییە لەگەڵ ناوەڕۆكی ڕێككەوتنەكەی گۆڕانو پارتی؟
بەرپرسەكەی گۆڕان لە وەڵامدا وتی "هێشتا ناتوانین وا بڵێین. لەبەرئەوەی لەگەڵ ئەوانەشدا، وەزیرەكانی ئێمە دەڵێن ئازادیی باشیان پێدراوە بۆ كاركردنو ئاستەنگییو ڕێگرییان لێ ناكرێت، بەڵام لە داهاتوودا چی ڕوودەداتو چی دەگۆڕێت هێشتا دیار نییە".
گۆڕان دەیەوێت لە ڕێی چاودێریكردنی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی، ئەوەی بۆ ڕوون ببێتەوە كە ئایا پارتی كە پێكهێنەری سەرەكیی حكومەتە پابەندە بە ناوەڕۆكی ڕێككەوتنەكەو ئەنجامدانی چاكسازیی؟ ئایا ئەو پابەند بوونە لە ئاست خواستو چاوەڕوانییەكانی گۆڕانو بەپێی ئەو گفتوگۆو بەڵێنانەیە كە لە سەروەختی ڕێككەوتنی نێوانیاندا كراون یاخود نا؟.
بەپێی وەڵامی ئەو پرسیارانە بزوتنەوەكە لە داهاتوودا قسەی نوێی دەبێتو هەڵوێست وەردەگرێت، بەتایبەت لەكاتێكدا هەر لەسەرەتاوە لەسەر زاری ڕێكخەری گشتییەكەیەوە، گۆڕان ماوەی یەك ساڵی بۆ كابینەی نوێو ئەنجامدانی چاكسازیی دانا، ئێستاش چارەكێك بەسەر ئەو وادەیەدا تێدەپەڕێت.