
پەرەگراف
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، كاتژمێر دووی ئەمشەو، ڕاستەوخۆ لە بەغدای پایتەختەوە وتارێكی سەبارەت بە خۆپیشاندانەكان پێشكەش كرد و بەڵێنی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ڕەخساندنی هەلی كار و خزمەتگوزاریی دا، كە سێ داواكاریی سەرەكیی خۆپیشاندەرانن.
سەرۆكوەزیرانی عێراق سەرەتای وتارەكەی بەوە دەست پێ كرد كە عێراق لەبەردەم بژارەی "دەوڵەت و نەمانی دەوڵەتدایە"، لەو ڕووەشەوە وتی "ئێمە دەمانەوێت دەوڵەتێك بونیاد بنێین كە گرەنتیی ژیانێكی ئازاد و شەرەفمەندانە بكات".
پاشان تیشكی خستە سەر ئەوەی كە لە سەرەتای هاتنە سەر دەسەڵاتی، هیچ دیوار و بەربەستێكی لە نێوان خۆی و خەڵكدا نەهێشتووە و وتی "ئێمە دیوارەكانمان لابرد". ئەوەش وەك ئاماژەدانێك بە لابردنی دیوارە كۆنكرێتییەكانی ناوچەی سەوز.
سەبارەت بە چاكسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی كە لە داواكارییە سەرەكییەكانی خۆپیشاندەرانن، عادل عەبدولمەهدی وتی "چاكسازیی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتیمان دەست پێ كردووە و لەسەری بەردەوام دەبین".
هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە بەڵێنی بێبنەمای نەداوە و شتێكی نەوتووە كە نەتوانێت جێبەجێی بكات، بەڵام تیشكی خستە سەر ئەوەی كە حكوومەت ناتوانێت ئەو هەموو كێشە و داواكارییەی كە دەیان ساڵە كەڵەكە بوون، بە ساڵێك چارەسەر بكات.
هەر بۆیە داوای لە خۆپیشاندەران كرد كە دەرفەت بە كابینە حكوومییەكەی بدەن بۆ جێبەجێكردنی بەرنامە و ئامانجەكانی.
وەكو وەڵام بۆ بەشێك لە داواكاریی خۆپیشاندەران، عادل عەبدولمەهدی وتی "مووچە بۆ ئەو كەسانە دەبڕدرێتەوە كە هیچ داهات و سەرچاوەیەكی بژێوییان نییە".
سەبارەت بە كوژراوانی خۆپیشاندانەكان، سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند كە بە "شەهید" لە قەڵەم دەدرێن.
جەختیشی لەوە كردەوە كە داواكاریی خۆپیشاندەران بۆ شەڕی دژی گەندەڵی هەلی كار و خزمەتگوزاری، داواكاریی ڕەوان و ڕێز لە داواكارییەكانیان دەگرن.
بەڵام هاوكات وتی "هەندێك كەس دەیانەوێت سوودی خراپ لە خۆپیشاندانەكان وەربگرن و بە سیاسی بكەن و بە لاڕێیدا ببەن". لەو ڕووەشەوە عادل عەبدولمەهدی ڕایگەیاند "ڕێوشوێنی توند دەگرینە بەر".
"پاراستنی ئاسایش سەرەتاییترین ئەركە، پاراستنی ماڵ و سامانی تایبەت و گشتی و شوێنە بازرگانییەكان ئەركی حكوومەتە"، سەرۆكوەزیرانی عێراق وای وت.
لە كۆتاییشدا داوای لە پەرلەمانی عێراق كرد كە هاوكار بێت بۆ پڕكردنەوەی ئەو پۆسەتە وەزاری و حكوومییانەی كە تا ئێستا بە بەتاڵی ماونەتەوە.