سەدر داوا لە پەرلەمانتارەكانی دەكات ئەندامێتییان هەڵپەسێرن

04-10-2019 04:53


پەرەگراف

موقتەدا سەدر داوا لە پەرلەمانتارانی هاوپەیمانیی سائیرون دەكات كە گەورەترین هاوپەیمانییە لە پەرلەمانی عێراق، ئەندامێتییان لە پەرلەمان هەڵپەسێرن‌و ئامادەی دانیشتنەكان نەبن.

پەیامەكەی ڕێبەری ڕەوتی سەدر كاردانەوەی خۆپیشاندانەكانی عێراقە كە بەهۆیەوە دەیان كەس كوژراون‌و سەدانی دیكە بریندار بوون، سەدر لە پەیامە دەستنووسەكەیدا دەڵێت "بۆسەرجەم هاوكارانمان لە هاوپەیمانیی سائیرون بەخێرایی ئەندامێتیتان لە پەرلەمان هەڵپەسێرن ئەو بڕیارە بۆ ئێوە زۆر باشترە‌و ئامادەی دانیشتنەكانی پەرلەمان مەبن، تا ئەوكاتەی بەرنامەیەكی حكومیی دەردەچێت كە جێی ڕەزامەندیی گەل‌و مەرجەعییەت بێت‌و پێویستی بە دەنگە ئازادەكانی ئێوە بێت".

سەدر داوا لە سەرجەم فراكسیۆنەكانی دیكەی پەرلەمان دەكات پابەندی هەمان هەڵوێست بن‌و دەڵێت "بۆ ڕەزامەندیی خوای گەورەو گەل‌و مەرجەعییەت".

پەیامەكەی سەدر لە كاتێكدایە ماوەی چوار ڕۆژە خۆپیشاندان لە بەغدای پایتەخت و ژمارەیەك لە پارێزگاكانی دیكەی عێراق بەڕێوە دەچێت. بەپێی دوایین ئاماری كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤی عێراق، "31 كەس كوژراون و 1188 كەسی دیكەش بریندار بوون".

خۆپیشاندەران داوای خزمەتگوزاری، هەلی كار، ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چاكسازیی سیاسی و ئابووری دەكەن.

درەنگانێكی شەوی ڕابردوویش عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، ڕاستەوخۆ لە بەغدای پایتەختەوە وتارێكی سەبارەت بە خۆپیشاندانەكان پێشكەش كرد و بەڵێنی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ڕەخساندنی هەلی كار و خزمەتگوزاریی دا، كە سێ‌ داواكاریی سەرەكیی خۆپیشاندەرانن.

سەرۆكوەزیرانی عێراق سەرەتای وتارەكەی بەوە دەست پێ‌ كرد كە عێراق لەبەردەم بژارەی "دەوڵەت و نەمانی دەوڵەتدایە"، لەو ڕووەشەوە وتی "ئێمە دەمانەوێت دەوڵەتێك بونیاد بنێین كە گرەنتیی ژیانێكی ئازاد و شەرەفمەندانە بكات".

سەبارەت بە چاكسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی كە لە داواكارییە سەرەكییەكانی خۆپیشاندەرانن، عادل عەبدولمەهدی وتی "چاكسازیی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتیمان دەست پێ‌ كردووە و لەسەری بەردەوام دەبین".

وەكو وەڵام بۆ بەشێك لە داواكاریی خۆپیشاندەران، عادل عەبدولمەهدی وتی "مووچە بۆ ئەو كەسانە دەبڕدرێتەوە كە هیچ داهات و سەرچاوەیەكی بژێوییان نییە".

سەبارەت بە كوژراوانی خۆپیشاندانەكان، سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند كە بە "شەهید" لە قەڵەم دەدرێن.

جەختیشی لەوە كردەوە كە داواكاریی خۆپیشاندەران بۆ شەڕی دژی گەندەڵی هەلی كار و خزمەتگوزاری، داواكاریی ڕەوان و ڕێز لە داواكارییەكانیان دەگرن. بەڵام هاوكات وتی "هەندێك كەس دەیانەوێت سوودی خراپ لە خۆپیشاندانەكان وەربگرن و بە سیاسی بكەن و بە لاڕێیدا ببەن". لەو ڕووەشەوە عادل عەبدولمەهدی ڕایگەیاند "ڕێوشوێنی توند دەگرینە بەر".