پارتەكەی ئەردۆغان دەیەوێت بە پلانێكی نوێ ڕێ لە سەركەوتنی هەدەپە بگرێت

13-04-2019 10:30
ئاهەنگی لایەنگرانی هەدەپە


پەرەگراف- ڕێنوار نەجم

بەپێی بڕیارێكی نوێی دامەزراوەی هەڵبژاردنی توركیا پێنج كاندیدی هەڵبژێردراوی هەدەپە ناتوانن پۆستەكانیان وەربگرن، هاوكات دەیان كاندیدی دیكەی سەركەوتووی ئەو پارتە كارنامەی دەستبەكاربوونیان نادرێتێ. ئەوەش نیگەرانی‌و توڕەیی بەرپرسان‌و لایەنگرانی هەدەپەی لێ كەوتووەتەوەو دەڵێن، ئەوەی ڕوودەدات پیلانگێڕییەكی سیاسییە.

بەپێی بڕیارە نوێیەكەی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنی توركیا كە لەدوای هەڵبژاردنەكەی 31ی مانگی ڕابردووەوە دەركراوە، هەر كاندیدێك ئەگەر پێشتر لە كارەكەی دوورخرابێتەوە بەپێی فەرمانی حكومەت، ئەوا ئەگەر لە هەڵبژاردنەكانیشدا سەركەوتنی بەدەستهێنابێت، ناتوانێت ئەو پۆستە بەڕێوببات كە بۆی هەڵبژێردراوە، بەڵكو لەبری ئەو، كاندیدی دووەم كە لە پارتێكی دیكەیە دەستبەكاردەبێت. پێنج كاندیدی سەركەوتووی هەدەپەش دەچنە چوارچێوەی ئەو بڕیارەوە.

سەروهان ئۆڵوچ وتەبێژی هەدەپە ئاماژە بۆ ئەوەدەكات كە پارتەكەی كراوەتە ئامانجی "پیلانگێڕییەكەی سیاسیی ڕێكخراو"، ئەوەش دوای ئەوەدێت كاندیدەكانی هەدەپە لە بەشی زۆری شارەكانی باكووری كوردستان سەركەوتنیان بەدەستهێنا. بەڵام جگە لە ڕەتكردنەوەی پێنجیان، لە كۆی 70 سەرۆك شارەوانی هەڵبژێردراوی هەدەپە، هێشتا 48یان فەرمانی دەستبەركاربوونیان پێ نەدراوە.

بەپێی بڕیارەكەی دامەزراوەی هەڵبژاردنی توركیا، لە بری پێنج كاندیدەكەی هەدەپە، كاندیدەكانی پارتی داد و گەشەپێدان(ئاكەپە) كە پارتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتەیە، وەك كاندیدی براوە مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت‌و پۆستەكان وەردەگرن.

بڕیارەكە كاندیدەكانی هەدەپە لە شاری سرت، ناوچەی باگلەر لە دیاربەكر، داگپینار لە قارس‌و چەند ناوچەیەكی دیكە دەگرێتەوە، جگە لەوەی چەند ڕۆژێك دوای هەڵبژاردن داوایەكی یاسایی دژی هەردوو هاوسەرۆكی شارەوانی تازە هەڵبژێردراوی هەدەپە لە ئامەد تۆماركراو ڕێگە بە دەستبەكاربوونیان نادرێت.

"هەنگاوەكەی دامەزراوەی هەڵبژاردنی توركیا هیچ نییە جگە لە بەشێك لە پیلانگێڕییەكی سیاسیی لەلایەن ئاكەپە و هاوپەیمانە سیاسییەكانی"، وتەبێژەكەی هەدەپە وادەڵێت و جەخت دەكاتەوە كە كارێكی لەو شێوەیە توركیا ڕادەكێشێتە ناو "ئاژاوەیەكی زۆر گەورەوە."

هاوكات میتحەت سانجار پەرلەمانتاری هەدەپە دەڵێت، تانە لە بڕیارەكەی دامەزراوەی هەڵبژاردن دەدەن، بەوپێیەی لەكاردوورخستنەوەی پێشتری ئەو كاندیدانە نابێتە هۆی ئەوەی بێبەرییان بكات لە دەستبەكاربوونیان لە پۆستە نوێیەكانیاندا.

"بڕیارەكە هەمووی چەوتە‌و دژی یاساو دەستوورە. هەروەها شەرمە بۆ دیموكراسی. باشتروابوو بڕیارێكی لەو شێوەیە نەدرێت، بەڵام هێشتا دەرفەتێك هەیە بۆ كەمكردنەوەی ئەو زیانە"، ئەوەش بەوتەی پەرلەمانتارەكەی هەدەپە.

نووسینگەی شاری ماردینی ئاكەپە داوایەكیان پێشكەش بە دامەزراوەی هەڵبژاردنی توركیا كرد كە لەبری ئەحمەد تورك كاندیدی سەركەوتووی هەدەپە لەو شارە، كاندیدەكەی ئەوان پۆستی شارەداری ماردین وەربگرێت، بەهۆی ئەوەی ئەحمەد تورك "پیربووەو نەخۆشە" هەروەها بەپاساوی ئەوەی كاندیدەكەی هەدەپە یەكێك بووە لەو شارەدارانەی دوای هەوڵی كودەتاكەی 2016 لەكارەكەی دوورخراوەتەوە، بەڵام دامەزراوەكە داواكەی ئاكەپەی ڕەتكردەوە.

ئەحمەد تورك لە وەڵامی تۆمەتەكانی ئاكەپە ئاماژە بۆ ئەوەدەكات كە ڕەنگە تەمەنی هەڵكشابێت، بەڵام هێشتا هەست بە گەنجیی دەكات و باوەڕی بە ئاشتی و دیموكراسی لەدەستنەداوە، دەشڵێت"ئاكەپە بە دەنگ بە ئێمەی دۆڕاندووە، هەوڵ دەدەن ڕێگای دیكە بدۆزنەوە دژی ئێمە."

ئەو سیاسەتمەدارە ناودارەی كورد لە توركیا باس لەوەش دەكات ئامانج لەو كارە سزادانی دەنگدەرانی هەدەپەیە بەتایبەت ئەوانەی كە لە ڕۆژئاوای توركیا دژی ئاكەپە دەنگیان دا.

"لە ساڵی 1973 وەك ئەندام پەرلەمان هەڵبژێردرام‌و هەمیشە لە سیاسەتدا چالاكبووم، هیچ كات سەردەمێكی ئاوام نەبینیوە. هیچ كاتێك سەردەمێك نەبووە كە هەڵبژاردن بێمانا بكرێت، كە بەم شێوەیە باوەڕ بە دیموكراسی لەق بكرێت"، ئەحمەد تورك وادەڵێت.

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیادا، پارتی داد و گەشەپێدان(ئاكەپە) كە پارتەكەی ئەردۆغانە، لەكۆی شەش شاری گەورە، پێنج شاریانی بە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان دۆڕاند، ئەوە گەورەترین پاشەكشەی ئەو پارتەیە لەماوەی 17 ساڵی ڕابردوو كە دەسەڵاتی توركیای بەدەستەوەیە.

لەو هەڵبژاردنانەدا گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆنی توركیا پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) لەگەڵ پارتی ئیی هاوپەیمانێتییەكیان پێكهێنا تا پێكەوە ڕووبەڕووی هەژموونی ئاكەپە ببنەوە، هەرچەندە هەدەپە بە فەرمی نەچووە ناو ئەو هاوپەیمانێتییەوە، بەڵام ستراتیژێكی پەیڕەوكرد كە لەبەرژەوەندی هاوپەیمانێتییەكەی دژ بە ئەردۆغان بوو.

لە هەڵبژاردنەكەی 31ی ئاداردا هەدەپە زۆرینەی دەنگەكانی هەشت پارێزگای بردەوە، لە كاتێكدا لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2014 هەدەپە 11 پارێزگای بردبووەوە. ئەو هەشت پارێزگایەی هەدەپە تێیدا براوەبوو بریتین لە؛ ئامەد، ماردین، وان، قارس، باتمان، سرت، بەتلیس و هەكاری.

هەدەپە لە هەڵبژاردنەكاندا بە بەراورد بە ساڵی 2014، چوار شارەداری چوار شاری لەدەستدا، كە بریتین لە شارەكانی؛ دەرسیم، ئاگری، شەرناخ و بەتلیس. لەبەرامبەردا بۆ یەكەمجار هەڵبژاردنەكانی لە شاری قارس بردەوە.

بەرپرسانی هەدەپە باس لەوە دەكەن ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئەوان وەك شەڕی مانەوە وەهابوو، بەوپێیەی لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا هەزاران ئەندام و لایەنگریان زیندانیكراون و دوورخراونەتەوە، لەسەروو هەموویانەوە هەردوو هاوسەرۆكی پێشووی پارتەكە.

هەدەپە دەڵێت، فشارێكی زۆر لەسەر هەموو ئەوانە هەیە كە هاوسۆزن لەگەڵیاندا، بۆیە لەم هەڵبژاردنەدا سەركەوتووبوون لەوەی پارێزگاریی لە بەشی زۆری دەنگەكانیان بكەن و پەیامێكیش بگەیەنن بەوەی گەرچی ئەوان لە توركیا دەنگیشیان كەم بێت، بەڵام دواجار دەتوانن بە ویستی خۆیان ململانێی پارتە گەورەكان بەلایەكدا بخەن.