گۆڕان ڕوبەڕوبونەوەی خۆپیشاندەرانی عێراق بە فیشەك بە توندی ئیدانە دەكات

05-10-2019 12:22
خۆپیشاندەرێكی عیراق پەنجەی وەك ئاماژەی سەركەوتن بەرزكردووەتەوە


پەرەگراف

گۆڕان پشتگیریی تەواوی داخوازییەكانی خۆپیشاندەرانی عێراق دەكات‌و ڕوبەڕوبونەوەیان بە فیشەك بە توندی ئیدانە دەكات، داواش دەكات حكومەت‌ بە زوترین كات بەرنامەیەكی گونجاوی فیعلی بۆ چاكسازی و گۆڕانكاریی وەزاری بنێرێتە پەرلەمان.

فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی بۆ پەرەگراف نێردراوە، هەڵوێستی خۆی خستووەتە ڕوو، دەڵێت "ئێمە پشتگیری چاكسازیی ریشەیی دەكەین لە عێراق و پێمان وایە ئیسڵاح لە عێراق پاڵنەری چاكسازیش دەبێ لە هەرێمی كوردستان. لە هەمان كات دا كۆبونەوەی پەرلەمان بێ بونی نەخشەرێگا و بێ پرۆژەی رون بۆ گۆڕانكاری و چاكسازی ریشەیی بە چارەسەر نازانین و پێمان وایە هێندەی تر دۆخەكە ئاڵۆز ئەكات".

هەڵوێستی فراكسیۆنەكە دوای خۆپیشاندانەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی بەغدادو شارەكانی دیكەی عێراقە كە بەهۆیەوە دەیان كەس كوژراون‌و سەدانی دیكە بریندار بوون.

خۆپیشاندانەكە كاردانەوەی فراوانی لێكەوتەوەو حكومەت چەند بڕیارێكی دەركرد وەك وەڵام بۆ داواكاریی خۆپیشاندەران، بەڵام ئەوە كۆتایی بە ناڕەزاییەكان نەهێناوە، هاوكات چەند سەركردەیەكی دیاری عێراق لەناویاندا موقتەدا سەدرو حەیدەر عەبادی داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت‌و هەڵوەشانەوەی حكومەت دەكەن.

دەقی بەیاننامەكەی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەران

خۆپیشاندانەكانی عێراق پەنگخواردنەوەی چەندان ساڵی گەندەڵیی دەسەڵاتدارە یەكلەدوای یەكەكانی عێراق و بە هەدەردانی سەدان ملیار دۆلار و نەبونی سەرەتایی ترین خزمەتگوزارییەكان و بێكاریی بەربڵاو و لاواز بونی متمانەی هاوڵاتیان بە پڕۆسەی دیموكراسی بە هۆی تەزویری هەڵبژاردنەكانەوەیە.

‎ئێمە پشتگیریی تەواو و بێچەندوچونی داخوازییە رەواكانی خۆپیشاندەرانی عێراقین و روبەڕوبونەوەیان بە فیشەك بە توندی ئیدانە دەكەین.

‎لەهەمان كاتدا ترسی خۆشمان ناشارینەوە كە درێژەكێشانی ئەم دۆخە، عێراق دەكاتە مەیدانی یەكلاكردنەوەی ململانێ گەرمە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكانی پەیوەندیدار بە ناوچەكە.

‎هەربۆیە داوا لە حكومەتی‌ ئیتیحادی ئەكەین بە زوترین كات بەرنامەیەكی گونجاوی فیعلی بۆ چاكسازی و گۆڕانكاریی وەزاری بنێرێتە پەرلەمان بۆ پەسەند كردنی.

‎ئێمە پشتگیری چاكسازیی ریشەیی دەكەین لە عێراق و پێمان وایە ئیسڵاح لە عێراق پاڵنەری چاكسازیش دەبێ لە هەرێمی كوردستان. لە هەمان كات دا كۆبونەوەی پەرلەمان بێ بونی نەخشەرێگا و بێ پرۆژەی رون بۆ گۆڕانكاری و چاكسازی ریشەیی بە چارەسەر نازانین و پێمان وایە هێندەی تر دۆخەكە ئاڵۆز ئەكات.


فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٥/ ١٠/ ٢٠١٩