ئەمریكا گڵۆپی سەوزی بۆ ئۆپەراسیۆنی توركیا لە ڕۆژئاوای كوردستان هەڵكرد

07-10-2019 01:08

پەرەگراف

هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بە سەركردایەتیی ئەمریكا، لە خاڵەكانی چاودێریی سنووری ڕۆژئاوای كوردستان - توركیا كشانەوە. توركیا سووربوونی خۆی لەسەر هێرش بۆ سەر باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دووپات دەكاتەوە و ئەردۆغان دەڵێت بەپێی پلانەكەیان دەچنە ئەو ناوچەیە.

دوای ئەوەی لە بەیاننامەیەكدا كۆشكی سپی بێلایەنیی هێزەكانی ئەمریكای لە هێرشی چاوەڕوانكراوی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان ڕاگەیاند، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، دەڵێت "دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی دوێنێ ئێوارەمان (لەگەڵ ترەمپ)، وەك ئەوەی بەڕێز سەرۆك ئاماژەی پێ كرد، لە ناوچەكە كشانەوە دەستی پێ كردووە".

بڕیارە بەم نزیكانەیش ئەردۆغان و ترەمپ لە كۆشكی سپی كۆببنەوە. لەوبارەیەوە ئەرۆدغان وتی "بە ئەگەرێكی زۆرەوە لە نیوەی یەكەمی مانگی داهاتوودا" سەردانەكەی بۆ ئەمریكا ئەنجام دەدات و لەگەڵ ترەمپ كۆدەبێتەوە.

هاوكات مەولوود چاوشئۆغڵوو، وەزیری دەرەوەی توركیا، پێداگریی وڵاتەكەی لەسەر هێرش بۆ سەر باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاوای كوردستان) دووپات كردەوە و ئەوەشی بە "پاككردنەوەی ناوچەكە لە تیرۆریستان و دەستەبەری ئاسایش و مانەوەی توركیا" ناو برد.

چاوشئۆغڵوو دەڵێت ''لە سەرەتای قەیرانی سووریاوە پشتیوانیمان لە یەكپارچەیی خاكی ئەو وڵاتە كرد، لەمەودواش بەردەوام دەبین لەسەری".

پاش پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی دوێنێ‌ نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، كۆشكی سپی لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند "توركیا بە زووی دەست بەو ئۆپەراسیۆنەی بۆ باكووری سووریا دەكات كە ماوەیەكە پلانی بۆ ئەنجامدانی داڕشتووە".

لە بەیاننامەكەدا هاتووە "هێزەكانی سوپای ئەمریكا پاڵپشتی لەم ئۆپەراسیۆنە ناكەن و ڕۆڵیشیان تێیدا نابێت".

كۆشكی سپی ئاماژەی بەوە كردووە كە هێزەكانی ئەمریكا پاش ئەوەی كۆتاییان بە "خەلافەتی داعش" لە ناوچەكە هێنا، ئیتر لەو ناوچەیەدا نابن و هێزەكانیان لە ناوچەكانی سنووری ئۆپەراسیۆنەكە دەكشێنەوە.

هەر لە دوای بەیاننامەكەی كۆشكی سپی، هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی لە خاڵەكانی چاودێریی نێوان ڕۆژئاوای كوردستان و توركیا ڕاگەیاند.

هەسەدە دەڵێت "ئێمە هەوڵی زۆرمان دا بۆ ئەوەی توركیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام نەدات و نەرمیشمان بۆ دروستكردنی ناوچەی ئارام نواند. هەروەها تەواوی ئەو ئەركانەی لەسەر شانی ئێمە بوو لەو ڕووەوە، جێبەجێمان كرد، بەڵام ئەمریكا ئەركی خۆی بەجێنەهێنا و هێزەكانی لەسەر سنوور كشاندەوە".

ڤیدیۆی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە خاڵەكانی نێوان ڕۆژئاوای كوردستان - توركیا

هێزەكانی سووریا ئاماژە بەوە دەكات كە "توركیا ئامادەكاری بۆ داگیركردنی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەكات".

فەرماندەیی گشتیی هەسەدە، جەخت لەوە دەكاتەكە كە ئۆپەراسیۆنی توركیا لە باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، "كاریگەری گەورەی نەرێنیی لەسەر شەڕی داعش دەبێت و خەباتی چەند ساڵی ڕابردوو بۆ ئارامی لە ناوچەكە تێك دەدات".

هەسەدە بڕیاری ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێكی توركیای داوە و داواش لە "گەل و هەموو پێكهاتەكانی كورد، عەرەب، سریان و ئاشوور" دەكات "یەك بگرن و لەگەڵ هێزی ڕەوای خۆیان بوەستن بۆ ئەوەی پێكەوە بەرگری لە گەل و خاك بكەین".

هاوكات كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (كەنەكە)، لە بەیاننامەیەكدا داوای لە گەلی كورد كردووە لە پاچە جیاوازەكان، دژی هێرشی توركیا و بۆ بەرگریی لە ڕۆژئاوی كوردستان بێنە دەنگ و "بەرخۆدان" بكەن.

كەنەكە دەڵێت "كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لەسەر سنوور، ڕێ لە بەردەم هێرشی دەوڵەتی تورك خۆش دەكات و بڕیارێكی ئەخلاقی نییە. هێزەكانی ڕۆژئاوا هاوكاریی هاوپەیمانانیان كرد لە دژی دوژمنە مرۆڤایەتییەكانی وەكو داعش شەڕێكی گەورەی كرد و قوربانی گەورەشی دا. دۆخی هێزەكانی هاوپەیمانان ئەمڕۆ، لەسەر هێڵی دۆستایەتی و هاوڕێیەتی نییە".

لەگەڵ بەیاننامەكەی كۆشكی سپیدا، بەیانیی ئەمڕۆ ئاژانسی هاوارنیوز بڵاوی كردەوە كە هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەستیان بە كشانەوە لە خاڵەكانی خۆیان لەو ناوچانە كردووە.

هاوارنیوز دەڵێت "هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە خاڵەكانی خۆیان لە ناوچەی سەرێ كانی سەر بە كانتۆنی حەسەكەی هەرێمی جزیرە و گرێ سپی لە هەرێمی فورات، دەستیان بە پاشەكشە كردووە".

ئێستا لە ڕۆژئاوای كوردستان خۆپیشاندان دژی ئۆپەراسیۆنی پێشبینیكراوی توركیا دەستی پێ‌ كردووە.

لە بەیانیی ئەمڕۆوە هاووڵاتیانی كانتۆنی جزیرە ڕوویان لە شارۆچكەی سەرێكانی كردووە و لە گوندی تل ئەرقەمی سەر سنووری توركیا و ڕۆژئاوای كوردستان خۆپیشاندانی بەرفراوان ئەنجام دەدەن.

ئەمە لە كاتێكدایە سوپای توركیا ماوەیەكی زۆرە ئامادەكاری بۆ هێرشكردنە سەر باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاوای كوردستان) دەكات. سەرۆككۆماری توركیا چەندین جار ڕایگەیاندووە كە لە كاتژمێری سفردا پەلاماری هێزەكانی یەپەگە دەدەن كە وڵاتەكەی بە مەترسییان دەزانێت بۆ سەر ئاسایشی خۆی و سنوورەكانی.