ترەمپ: كورد بە چەك‌و پارە شەڕی داعشی لەگەڵ كردووین

07-10-2019 03:43


پەرەگراف

ترەمپ ڕایگەیاند، هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا دەكشێننەوە و "لەو شەڕە گاڵتەجاڕییە بێ‌ كۆتاییە" دێنە دەرەوە كە لە ناوچەكە هەیە. دەشڵێت: كوردەكان لە بەرانبەر شەڕكردن لەگەڵ داعشدا پارە و چەكی زۆريان وەرگرتووە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، زنجیرەیەك تویتی لەبارەی بڕیاری كشانەوەی هێزەكانیان لە سووریا و بێلایەنبوون لە ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوی كوردستان، بڵاو كردەوە.

سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت "كوردەكان شانبەشانی ئێمە شەڕیان كرد، بەڵام لە بەرانبەردا پارە و پێداویستیی سەربازی و چەكی  زۆريان پێ‌ دراوە".

لەبارەی هێرشی توركیا بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان‌و شەڕی نێوان كورد‌و توركیا، ترەمپ ئاماژەی بەوە كردووە "كوردەكان چەندین دەیەیە شەڕ لەگەڵ توركیا دەكەن، من بۆ ماوەی سێ‌ ساڵ ئەو شەڕەم ڕاگرت".

ترەمپ  شەڕ و ململانێی نێوان كورد و توركیای بە شەڕێكی "گاڵتەجاڕانەی بێ‌ كۆتایی كە زۆربەی شەڕی خێڵەكییە" ناو بردووە و دەڵێت، كاتی ئەوە هاتووە كە ئێمە لەو شەڕە "بێینە دەرەوە و سەربازەكانمان بۆ نیشتمان بگەڕێنینەوە".

هەروەها دەشڵێت''ئەمریكا دەبوو بۆ ماوەی ٣٠ رۆژ لە سووریادا بێت و ئەمە چەندین ساڵ لەمەوبەربوو. ماینەوە و بەبێ ئامانجێكی دیاریكراو و خزاینە نێو جەنگێك و گیرمان خوارد".

سەرۆكی ئەمریكا جەخت لەسەر شەڕكردن لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەی دەكاتەوە و دەڵێت "ئێمە لە شوێنێك شەڕ دەكەین كە لە بەرژەوەندیمان بێت. تەنیا لە كاتێكیشدا شەڕ دەكەین كە براوە بین".

دۆناڵد ترەمپ جارێكی دیكە داوای وەرگرتنەوەی دیلەكانی داعشی لە ئەورووپا كردووە و نووسیویەتی "توركیا، ئەورووپا، سووریا، عێراق، ڕووسیا و كوردەكان دەبێت خۆیان یەكلایی بكەنەوە كە چی لە دیلەكانی داعش دەكەن".

"ئێمە حەوت هەزار میل لە داعشەوە دوورین. ئەگەر نزیكمان ببنەوە دووبارە لەناویان دەبەین"، سەرۆكی ئەمریكا وا دەڵێت.


هەڵوێستەكەی ترەمپ دوای ئەوە دێت، هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بە سەركردایەتیی ئەمریكا، لە خاڵەكانی چاودێریی سنووری ڕۆژئاوای كوردستان - توركیا كشانەوە. ئەوە لە كاتێكدایە توركیا سووربوونی خۆی لەسەر هێرش بۆ سەر باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دووپات دەكاتەوە و ئەردۆغان دەڵێت، بەپێی پلانەكەیان دەچنە ئەو ناوچەیە.

كۆشكی سپی ئەمریكا ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا بێلایەنیی هێزەكانی ئەمریكای لە هێرشی چاوەڕوانكراوی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان ڕاگەیاند، دواتریش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، واتی "دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی دوێنێ ئێوارەمان (لەگەڵ ترەمپ)، وەك ئەوەی بەڕێز سەرۆك ئاماژەی پێ كرد، لە ناوچەكە كشانەوە دەستی پێ كردووە".

بڕیارە بەم نزیكانەیش ئەردۆغان و ترەمپ لە كۆشكی سپی كۆببنەوە. لەوبارەیەوە ئەرۆدغان وتی "بە ئەگەرێكی زۆرەوە لە نیوەی یەكەمی مانگی داهاتوودا" سەردانەكەی بۆ ئەمریكا ئەنجام دەدات و لەگەڵ ترەمپ كۆدەبێتەوە.

هاوكات مەولوود چاوشئۆغڵوو، وەزیری دەرەوەی توركیا، پێداگریی وڵاتەكەی لەسەر هێرش بۆ سەر باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاوای كوردستان) دووپات كردەوە و ئەوەشی بە "پاككردنەوەی ناوچەكە لە تیرۆریستان و دەستەبەری ئاسایش و مانەوەی توركیا" ناو برد.

چاوشئۆغڵوو دەڵێت ''لە سەرەتای قەیرانی سووریاوە پشتیوانیمان لە یەكپارچەیی خاكی ئەو وڵاتە كرد، لەمەودواش بەردەوام دەبین لەسەری".

پاش پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی دوێنێ‌ نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، كۆشكی سپی لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند "توركیا بە زووی دەست بەو ئۆپەراسیۆنەی بۆ باكووری سووریا دەكات كە ماوەیەكە پلانی بۆ ئەنجامدانی داڕشتووە".

لە بەیاننامەكەی كۆشكی سپیدا هاتووە "هێزەكانی سوپای ئەمریكا پاڵپشتی لەم ئۆپەراسیۆنە ناكەن و ڕۆڵیشیان تێیدا نابێت".

كۆشكی سپی ئاماژەی بەوە كردووە كە هێزەكانی ئەمریكا پاش ئەوەی كۆتاییان بە "خەلافەتی داعش" لە ناوچەكە هێنا، ئیتر لەو ناوچەیەدا نابن و هێزەكانیان لە ناوچەكانی سنووری ئۆپەراسیۆنەكە دەكشێنەوە.

هەر لە دوای بەیاننامەكەی كۆشكی سپی، هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی لە خاڵەكانی چاودێریی نێوان ڕۆژئاوای كوردستان و توركیا ڕاگەیاند.

ڤیدیۆی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە خاڵەكانی نێوان ڕۆژئاوای كوردستان - توركیا

هەسەدە دەڵێت "ئێمە هەوڵی زۆرمان دا بۆ ئەوەی توركیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام نەدات و نەرمیشمان بۆ دروستكردنی ناوچەی ئارام نواند. هەروەها تەواوی ئەو ئەركانەی لەسەر شانی ئێمە بوو لەو ڕووەوە، جێبەجێمان كرد، بەڵام ئەمریكا ئەركی خۆی بەجێنەهێنا و هێزەكانی لەسەر سنوور كشاندەوە".

هێزەكانی سووریا ئاماژە بەوە دەكات كە "توركیا ئامادەكاری بۆ داگیركردنی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەكات".

فەرماندەیی گشتیی هەسەدە، جەخت لەوە دەكاتەكە كە ئۆپەراسیۆنی توركیا لە باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، "كاریگەری گەورەی نەرێنیی لەسەر شەڕی داعش دەبێت و خەباتی چەند ساڵی ڕابردوو بۆ ئارامی لە ناوچەكە تێك دەدات".

هەسەدە بڕیاری ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێكی توركیای داوە و داواش لە "گەل و هەموو پێكهاتەكانی كورد، عەرەب، سریان و ئاشوور دەكات، یەك بگرن و لەگەڵ هێزی ڕەوای خۆیان بوەستن بۆ ئەوەی پێكەوە بەرگری لە گەل و خاك بكەین".