مەسعوود بارزانی پەیامێكی سەبارەت بە پێشهاتەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بڵاو كردەوە

08-10-2019 12:21

پەرەگراف

مەسعوود بارزانی نیگەرانیی لەبارەی پێشهاتەكانی ڕۆژئاوای كوردستانەوە دەربڕی ودەڵێت: لە چەند كەناڵێكەوە لە پەیوەندیداین كە خەڵكی ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی كارەساتی دیكە نەبنەوە.

مەسعوود بارزانی لە تویتێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر دەڵێت "زۆر نیگەرانین لە پێشهاتەكانی ئەم دواییەی ڕۆژئاوای كوردستان. ئێمە لە چەندین كەناڵەوە لە پەیوەندیداین و هەموو هەوڵێك دەدەین تا خەڵكی ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی كارەساتی دیكە نەبنەوە".

بەپێی ڕاگەیەندراوی حكوومەتی هەرێمیش، هاوكات شەوی ڕابردوو لە كۆبوونەوەی نێوان مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی سووریا كراوە.

لە ڕاگەیەندراوی حكوومەتی هەرێمدا ئاماژە بەوە كراوە كە "گرژبوونی زیاتری دۆخەكە زیانێكی زۆر بە خەڵكی ناوچەكە دەگەیەنێت و هەردوولا هاوڕابوون كە كورد ڕۆڵی خۆی لە داهاتووی سووریادا هەبێت".