زلهێزەكان ئیدانەی ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا ناكەن

11-10-2019 01:04

پەرەگراف

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكان شكستی هێنا لە دەركردنی بەیاننامەی "ئیدانەكردن"ی ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا لە ڕۆژئاوای كوردستان. هەردوو وڵاتی زلهێزی ئەمریكا و ڕووسیا كە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنەكەن، بە بەكارهێنانی دەستەواژەی "ئیدانەكردن"ی ئۆپەراسیۆنەكە ڕازی نەبوون. بەپێی هەندێك سەرچاوە چینیش هەمان هەڵوێستی هەبووە.

ژمارەیەك وڵاتی ئەورووپیی ناو ئەنجوومەنەكە بەیاننامەیەكی ئیدانەكردنیان دژی ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا ئامادە كردبوو، بەڵام نوێنەرەكانی هەریەك لە چین، ڕووسیا و ئەمریكا ئامادە نەبوون واژوو لەسەر بەیاننامەكە بكەن.

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر داوای ژمارەیەك وڵاتی ئە‌ورووپیی ئەندام لە ئەنجوومەنەكە، لە كۆبوونەوەیەكی داخراودا تاووتوێی پێشهاتەكانی باكووری خۆرهەڵاتی سووریا و ئۆپەراسیۆنی توركیای بۆ سەر ناوچەكە كرد.

پاش كۆبوونەوەكە كە ئەنجامێكی ڕوونی نەبوو، كێڵی كرافت، نوێنەری هەمیشەیی ئەمریكا لە نەتەوەیەكگرتووەكان، ڕایگەیاند "هەر وەكو پێشتر سەرۆك ترەمپ ڕوونی كردەوە، ئەمریكا پاڵپشتی لە هێرشی سەربازیی توركیا بۆ سەر باكووری سووریا ناكات".

وتیشی "ئێستا توركیا بەرپرسیارە لە پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی و گرەنتی دان لە هەڵنەهاتنی داعشە زیندانیكراوەكان و بەهێزبوونەوەی داعش".

هەروەها ڤاسڵی نیبینزیا، نوێنەری هەمیشەیی ڕووسیا لە نەتەوەیەكگرتووەكان، دەڵێت "داوا لە توركیا و سووریا دەكەین گفتوگۆ بكەن. باشترین ڕێگەچارەی كێشەكان، گفتوگۆی ڕاستەخۆی نێوان توركیا و سووریایە".

هاوكات وتی "هانی كوردەكانیش دەدەین كە لەگەڵ حكوومەتی سووریا بچنە قۆناغی گفتوگۆوە".

دەربارەی هۆكاری نەگەیشتنە ئەنجامی كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی ئۆپەراسیۆنەكەی توركیاوە، نوێنەری ڕووسیا لە نەتەوەیەكگرتووەكان تیشكی خستە سەر ئەوەی "لە پرسی سووریادا نابێت تەنیا باس لە ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا بكرێت، بەڵكو بابەتی دیكەش هەیە كە دەبێت سەرنجیان بخرێتە سەر".

ڤاسڵی نیبینزیا ڕوونكردنەوەی زیاتری لەوباریەوە دا و وتی "دەبێت لە ئەنجوومەنی ئاسایشدا باس لە ئامادەیی نایاسایی وڵاتانی دیكەش لە سووریا بكرێت". ئەوەش وەك ئاماژەدانێك بە بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە.

بەڵام دواجار پێنج وڵاتی ئەورووپیی ناو ئەنجوومەنی ئاسایش، بەیاننامەیەكی هاوبەشیان بڵاو كردەوە و تێیدا داوایان لە توركیا كرد كە ئۆپەراسیۆنە تاكلایەنەكەی لە سووریا ڕابگرێت.

هەریەك لە بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، بەلجیكا و پۆڵەندا "نیگەرانیی قووڵ"یان دەربڕیوە و ئەوەیان خستووەتە ڕوو، بیرۆكەی گەڕانەوەی ئاوارە سوورییەكان بۆ ئەو ناوچانەی ئێستا توركیا هێرشیان دەكاتە سەر، بە باش نازانن. "ئەو پلانەی توركیا داوای كردووە بۆ گەڕانەوەی پەنابەران، ڕەنگە بەپێی ئەو مەرجە نێودەوڵەتییانە نەبێت كە كۆمیسەری باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان دیاریی كردووە".

هەروەها تەئكیدیان لە سەروەریی و یەكپارچەیی خاكی سووریا كردەوە و ڕێگاچارەی سەربازییان بۆ دۆخی ئەو وڵاتە ڕەت كردەوە.