هەسەدە لە سەرێكانی سوپای توركیا و گرووپەكانی هاودەستی تێكشكاند

13-10-2019 11:41

پەرەگراف

ڕووانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕایگەیاند، هێزەكانی سووریای دیموكرات لە هێرشێكی پێچەوانەدا كۆنترۆڵی نزیكەی هەموو ناوچەكانی سەرێكانییان كردەوە كە لەلایەن سوپای توركیا و گرووپەكانی لایەنگریەوە داگیر كرابوون. هەسەدە دەڵێت "تەواوی ناوچەكانی سەرێكانی" لەژێر دەستی شەڕڤاناندایە.

ڕووانگە سووری دەڵێت، پاش پێكدادانی قورس لە ناوچەی پیشەسازیی سەرێكانی، هێزەكانی سووریای دیموكرات دەستیان بەسەر ناوچەكەدا گرتووەتەوە و سوپای توركیا و گرووپەكانی لایەنگری بۆ دەروازەی شارۆچكەكە كشاونەتەوە.

ڕووانگەكە دەڵێت "زیاتر لە 17" چەكداری گرووپەكانی سەر بە توركیا لەو هێرشە پێچەوانەدا كوژراون و "چوار" شەڕڤانی هێزەكانی سووریای دیموكراتیش شەهید بوون.

هەروەها ڕووانگەی سووری ئاماژەی بەوە كردووە كە هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە قامیشلوو و كۆبانی بڵاوەیان كردووە و لە ناوچەكە جێگیر بوون.

ئێستا شەڕێكی قورس لە سەرێكانی، گرێ سپی و شارۆچكەی سلوك بەڕێوە دەچێت. هێزەكانی سووریای دیموكرات ئەمڕۆ دووپاتی كردەوە كە تەواوی ناوچەكانی سەرێكانی لەژێر دەستی شەڕڤاناندایە.

بەپێی نوێترین ئاماری ڕووانگەی سووری، تا ئێستا بەهۆی بۆردوومان و تۆپباران و ڕووبەڕووبوونەوەكانەوە "85" شەڕڤانی هەسەدە شەهید بوون. هاوكات ژمارەی كوژراوانی چەكداری گرووپەكانی سەر بە توركیا بۆ "76" چەكدار بەرز بووەتەوە.

دوێنێ‌ هێزەكانی سووریای دیموكرات شەهیدبوونی "45" شەڕڤان و شەهید برینداربوونی "200" هاووڵاتیی مەدەنیی ڕاگەیاند.

هەر بەپێی ئامارەكەی ڕووانگەی سووری، "هەشت سەربازی توركیا كوژراون" كە ئەنقەرە خۆی دانی بە كوژرانی پێنج سەربازیاندا ناوە.

* مەزڵوم كۆبانێ چی بە بەرپرسێكی ئەمریكی وتووە؟

* پۆتین: دڵنیا نیم لەوەی كە توركیا بتوانێت كۆنترۆڵی بارودۆخەكە بكات

* پرۆژەیاساكەی گراهام سزای قورسی دارایی و سەربازی بەسەر توركیادا دەسەپێنێت

* تره‌مپ: بۆ توركیامان ڕوون كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ بیرۆكه‌یه‌كی خراپه‌