ترەمپ تەلەفۆن بۆ مەزڵوم كۆبانێ دەكات‌و ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا تاوتوێ دەكەن

15-10-2019 10:12
دۆناڵد ترەمپ - جەنەڕاڵ مەزڵوم كۆبانێ


پەرەگراف- هەكار مەحمود

دۆناڵد ترەمپ لە بارەی دۆخی ڕۆژئاوای كوردستان پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ جەنەڕاڵ مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئەنجامداوەو دواتر پەیوەندیی بە ئەردۆغانەوە كردووەو داوای كردووە هێرشەكانیان لە سوریا ڕابگرن‌و ئاگربەست ڕابگەیەنن بە مەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ كوردانی سوریا.

مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند، سەرۆكی ئەمریكا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی لەگەڵ مەزڵوم كۆبانێ كە دوێنێ ئەنجامیداوە، باسیان لە ئۆپەراسیۆنەكەی توركیاو چەكدارە دەستگیركراوەكانی داعش كردووە كە لە زیندانەكانی هەسەدە دان.

جێگری سەرۆكی ئەمریكا ئەوەشی خستە ڕوو، ترەمپ هەر هەمان ڕۆژ پەیوەندی بە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیاشەوە كردووەو پێی ڕاگەیاندووە، كە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی دەستكەوتەكانی شەڕی داعشی خستووەتە مەترسییەوەو لە كۆتاییدا سوود بە ئێران دەگەیێنێت.

ترەمپ راستەوخۆ داوای لە ئەردۆغان كردووە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی بۆسەر سوریا بوەستێنێت.

مەزڵوم كۆبانێ لە قسەكردن لەگەڵ ترەمپ تیشكی خستووەتەسەر شاری كۆبانێ كە گرنگییەكی زۆری بۆ كورد هەیەو داوایكردووە ڕێگریی بكات لە هێرشی توركیا بۆسەر ئەو شارە، ترەمپ دواتر ئەو داوایەی لە ئەردۆغان كردووەو ئەویش بەڵێنیداوە هێرش نەكەنەسەر كۆبانێ.

حەوت ڕۆژە توركیا بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان دەستیپێكردووە، ئەوەش كاردانەوەی تووندی نێودەوڵەتی لێكەوتووەتەوەو ترەمپ ڕوبەڕوی ڕەخنەی زۆر بووەتەوە لە ناوخۆی ئەمریكاو دەرەوەی ئەو وڵاتەو بە پشت كردنە كورد‌و خیانەت لە كوردانی ڕۆژئاوا تۆمەتبار دەكرێت، بەهۆی ئەوەی بڕیاری كشانەوەیدا لە سوریاو بێلایەنیی ڕاگەیاند لە هێرشی توركیا بۆسەر كورد كە وەك هەڵكردنی گڵۆپی سەوز بۆ ئەردۆغان لێكدرایەوە.

پەیوەندییە تەلەفۆنییەكی ترەمپ لەگەڵ مەزڵوم كۆبانێ دوای ئەوەدێت كوردانی ڕۆژئاوا ڕوویان كردە دیمەشق‌و بە نێوەندگیریی ڕوسیا ڕێككەوتنێكیان ڕاگەیاند بۆ گەڕانەوەی سوپای سوریا بۆ ناوچە سنورییەكان لە پێناو پاراستنیان لە هێرشی توركیا.

مەزڵوم كۆبانێ پێشتر هەڵوێستێكی تووندی بەرامبەر ئەمریكا پیشاندابوو، بە بەرپرسێكی باڵای سەربازیی ئەو وڵاتەی ڕاگەیاندبوو، ناتانەوێت خەڵك بپارێزن و ناشتانەوێت هێزێكی دیكە بێت و بمانپارێزێت، ئێمەتان فرۆشت، ئەمە كارێكی زۆر نا ئەخلاقییە.

مەزڵوم عەبدی كۆبانێ فەرماندەی گشتی‌و كەسی یەكەمی هەسەدەیە، ئەو جەنەراڵە كوردە داواكراوترین كەسی توركیایەو لە دوای سەركەوتنەكانی لە شەڕی داعش بووە یەكێك لە گرنگترین هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان گەورەترین سەركەوتنی بەسەر داعشدا نووسییەوە.

بەهۆی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی‌و زەمینی توركیا بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان، تائێستا دەیان شەڕڤانی هەسەدە شەهید بوون‌و زیاتر 100 كەسی مەدەنیش شەهیدو بریندار بوون.

مەزڵوم كۆبانێ لە وتارێكدا بۆ گۆڤاری فۆرن پۆلیسی ئەمریكی، نایشارێتەوە كە متمانەی بە ڕووسیا و ڕژێمی سووریا نییە و سەبارەت بە ڕێككەوتنەكەیان ئاشكرای دەكات لە نێوان "سازش و جینۆسایدی خەڵك"ی خۆیاندا، ناچار بوون سازش لە پێناو پاراستنی ژیانی خەڵك هەڵبژێرن.

مەزڵووم كۆبانێ‌، لە وتارەكەیدا دەنووسێت: ڕووسەكان و ڕژێمی سووریا، ژمارەیەك پێشنیازیان كردووە كە دەكرێت ژیانی ملیۆنان كەسی ژێر دەسەڵاتی ئێمە بپارێزن. ئێمە متمانەمان بە بەڵێنەكانیان نییە، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت زەحمەتە بزانیت كە دەبێت متمانە بە كێ بكەیت.

كۆبانێ دەڵێت: دەزانین ئەگەر لەگەڵ كە مۆسكۆ و بەشار ئەسەد كار بكەین، دەبێت سازشی بە ئازاریان بۆ بكەین، بەڵام ئەگەر لە نێوان سازش و جینۆسایدی خەڵكی خۆماندا یەكێكیان هەڵبژێرین، ئەوا بە دڵنیاییەوە ژیانی خەڵكی خۆمان هەڵدەبژێرین.

فەرماندەی گشتی هەسەدە دەشڵێت: ئەو هۆكارەی وای كرد لەگەڵ ئەمریكا بین، بریتییە لە باوەڕبوونمان بە دیموكراسی. ئێمە لەم قەیرانەی ئێستا تووڕە و بێئومێدین. خەڵكەكەمان هێرش دەكرێتە سەری و سەلامەتییان جێگەی نیگەرانیی ئێمەیە. دوو پرسیار لەئارادایە: چۆن بتوانین بە باشترین شێوە خەڵكی خۆمان بپارێزین؟ ئایا هێشتا ئەمریكا هاوپەیمانمانە؟.