ئەمریكا سزای بەسەر سێ‌ وەزیر و دوو وەزارەتی توركیا سەپاند

15-10-2019 01:47

پەرەگراف

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا سزای بەسەر دوو وەزارەت و سێ‌ بەرپرسی باڵای توركیا سەپاند، بەهۆی ئۆپەراسیۆنەكەی ئەو وڵاتە بۆ سەر باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاوای كوردستان).

ستیڤن منوچین، وەزیری خەزێنەی ئەمریكا، ڕایگەیاند كە ئەو سزا نوێیانەی بەسەر توركیادا دەیسەپێنن، كاریگەریی "توند"ی لەسەر ئابووریی توركیا دەبێت.

لە بەیاننامەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكادا هاتووە "هێرشەكانی سوپای توركیا، گیانی هاووڵاتیانی مەدەنی دەخاتە مەترسییەوە و ئارامی و ئاسایش لە ناوچەكە ناهێڵێت".

وەزارەتی خەزێنەی ئەمركیا ڕایگەیاندووە "خڵووسی ئاكار، وەزیری بەرگری و سڵێمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆ و فاتیح دونماز، وەزیری وزەی توركیا"، هەروەها "هەردوو وەزارەتی بەرگری و وزەی توركیا"، خراونەتە لیستی سزاوە.

هەر داراییەكی ئەو سێ‌ وەزیرەی توركیا لە ئەمریكا بلۆك دەكرێت و هەر جۆرە مامەڵەیەكیش لەگەڵیان قەدەغە دەكرێت.

مایك پێنس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا، كە لە كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی ڕاگەیاندنی سزاكان ئامادە بوو، هۆشداریی دایە توركیا سزاكان "بەردەوام و توندتر" دەبن، تەنیا لە حاڵەتێكدا نەبێت كە ئەگەر توركیا "ئاگربەستی خێرا ڕابگەیەنێت و توندووتیژی ڕابگرێت و گفتوگۆ بۆ گەیشتن بە ڕێگەچارەیەكی بنەڕەتی سەبارەت بە سنووری توركیا-سووریا قبووڵ بكات".

بە قسەی مایك پێنس، ترەمپ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی دوێنێی لەگەڵ ئەردۆغان "پێداگری" لەسەر ئەو ڕێگەچارەیە كردووەتەوە و ئامادەیی بۆ نێوندگیریش لەو بارەیەوە ڕاگەیاندووە.

جێگری سەرۆكی ئەمریكا جەختی لەوە كردەوە كە "ئەمریكا گڵۆپی سەوزی بۆ توركیا هەڵنەكردووە كە هێرش بكاتە سەر سووریا".

هەر لە چوارچێوەی سەپاندنی سزا بەسەر توركیا لە بەرانبەر هێرشەكەی بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان، ئەمڕۆ ئیتاڵیاش فرۆشتنی چەكی بە توركیا هەڵپەسارد و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند "دەبێت كێشەی سووریا بە ڕێگەی دیبلۆماسی چارەسەر بكرێت، نەك سەربازی".

هەروەها كۆمپانیای ئۆتۆمبێلی فۆڵكسڤاگنی ئەڵمانی بڕیاری كردنەوەی لقێكی كۆمپانیاكەی لە توركیا هەڵپەسارد.

دوێنێش وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا لە كۆبوونەوەیەكدا لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە، ئیدانەی ئۆپەراسیۆنەكەی توركیایان بۆ سەر باكووری سووریا كرد و داوای ڕاگرتنی بە پەلەی دەكەن. هەروەها وڵاتەكان لەسەر ئەوە ڕێككەوتوون كە فرۆشتنی چەك بە توركیا ڕابگرن.

چەندین وڵات فرۆشتنی چەكیان بە توركیا هەڵپەساردووە، بەڵام ڕژنامەی ئیندیپێندێنتی بەریتانی بڵاوی كردەوە كە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەكێتیی ئەورووپا بەشداریی نەكردووە و لەندەنیش خۆی بەدوور دەگرێت لە بڕیاری ڕاگرتنی فرۆشتنی چەك بە بەریتانیا.

شەوی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند "بەمزووانە بڕیاری سزادان بۆ بەرپرسانی ئێستا و پێشووی توركیا" دەردەكات و سزاكە ئەو كەسانەش دەگرێتەوە كە هاوكاری چالاكییە ناسەقامگیرەكانی توركیا لە سووریا دەكەن.

ترەمپ لە ڕاگەیەندراوێكدا كە لەبارەی كردارەكانی توركیا لە سووریا دەری كردووە، دەڵێت كە ئۆپەراسیۆنی سەربازی توركیا ژیانی مەدەنییەكان و هەروەها ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە خستووەتە مەترسییەوە. ئەو بە تەواوەتی لەگەڵ ئەردۆغان ڕوون بووە و پێی گوتووە كە هەنگاوەكەی توركیا دەبێتە هۆكاری قەیرانی مرۆیی و هەروەها هەلومەرجێك دەڕەخسێنێت كە تاوانی جەنگی تێدا ئەنجام بدرێت.

ترەمپ دەڵێت، سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر توركیا لایەنی دارایی و هەروەها بلۆككردنی سامان و قەدەخكردنی گەشتكردن بۆ ناو ئەمریكا دەگرێتەوە و لەو چوارچێوەیەدا، دانوستاندنەكانیان لەگەڵ توركیا لەبارەی ڕێككەوتنی بازرگانی بە بەهای 100 ملیار دۆلار دەوەستێنن، هاوكات باجی سەر ئاسنی توركیا لەسەدا ٥٠ بەرز دەكەنەوە.

ترەمپ باس لەوە دەكات، توركیا ئێستا و لە داهاتووشدا بەرپرس دەبێت لە چەكدارە داعشە دەستگیركراوەكان، تەئكید لەوەش دەكاتەوە پێویستە توركیا خەڵكی مەدەنی بپارێزێت.