هێشتا ژمارەیەك حیزبی ڕۆژئاوای كوردستان هاوپەیمانی توركیان

18-10-2019 06:19
منداڵێك سەیری ئەو ئۆتۆمبێلە سەربازییانەی توركیا دەكات كە چوونەتە ناو خاكی سوریا


پەرەگراف

حیزبەكانی سەر بە ئەنەكەسە، هێشتا بە فەرمی هاوپەیمانێتییان لەگەڵ بەرەی ئۆپۆزسیۆنی سوریا هەڵنەوەشاندووەتەوە، هەرچەندە ئەو بەرەیە هاوشانی توركیا بەشدارن لە ئۆپەراسیۆنی سەربازیدا دژی ڕۆژئاوای كوردستان.

هاوپەیمانیی ئەنجومەنی نیشتیمانی كورد لە سوریا(ئەنەكەسە)، لە ژمارەیەك پارت و كەسایەتی سیاسی ڕۆژئاوای كوردستان پێكهاتون و لە ساڵانی ڕابردودا، چونە بەرەی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دژی حكومەتی وڵاتەكەیان بە سەرۆكایەتی بەشار ئەسەد.

بەرەی ئۆپۆزسیۆن، كە هێزی چەكداریی سوپای سوریای ئازادی هەیە، لەگەڵ توركیادا لە هێرشكردنە سەر عەفرین و 10 ڕۆژیشە بەشدارن لە شەڕی دژ بە كوردانی ڕۆژئاوا.

سەرچاوەیەك لە ئەنەكەسە كە لەبەر هەستیاری بابەتەكە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بۆ پەرەگراف وتی "لە ساڵی 2011 بە دواوە و بە چاوساغی پارتی دیموكراتی كوردستان، زیاتر لە 10 حیزبی ڕۆژئاوا بووینە هاوپەیمان و چوینە پاڵ سوپای ئازادی سوریا، تا بتوانین لە داهاتوی سوریا و ڕۆژئاوادا دەسەڵاتمان پێبدرێت".

لە سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆوە لە سوریا، ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستان كەوتنە دەستی هێزە نزیكەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان، بە تایبەت پارتی یەكێتی دیموكرات(پەیەدە)، كە باڵە سەربازییەكەی یەپەگەیە و هەر ئەوانیش پێكهێنەری سەرەكی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)ن.

"لە دوای هاوپەیمانی ئەنەكەسە و ئۆپۆزسیۆنی سوریا، زۆرێك لە سەركردەكانی ئەنەكەسە لە توركیا مانەوە" بەوتەی سەرچاوەكە.

حیزبەكانی نێو ئەنەكەسە، كە بە نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان هەژماردەكرێن، لە چەند ساڵی ڕابردودا لە ناكۆكی بەردەوامدا بون لەگەڵ پەیەدە و یەپەگەدا، لە بەرانبەردا هێزی پێشمەرگەی ڕۆژئاوایان لە هەرێم دامەزراند، كە توركیاش پشتگیری دەكردن بۆ گەڕانەوە بۆ ڕۆژئاوا، بەڵام یەپەگە ڕێگەی نەدا.

جیهاد عەفرینی، چالاكوانی مەدەنی لە ڕۆژئاوای كوردستان بۆ پەرەگراف وتی "بەداخەوە لەگەڵ ڕەشەكوژی توركیادا هێشتا بەشێك لە حیزبەكانی كورد هەڵوێستیان ڕون نییە، بە جۆرێك لە جۆرەكانیش پشتیوانی توركیا و سوپای سوریای ئازاد دەكەن".

توركیا و هێزە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، ئەمڕۆ 10 ڕۆژە ئۆپەراسیۆنێكیان بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان دەستپێكردووە بە پاساوی دروستكردنی ناوچەی ئارام، لەوەشدا هێزەكانی هەسەدە بە توندی ڕوبەڕویان بونەتەوە.

چالاكوانەكەی ڕۆژئاوا وتی "هەڵوێستی باشوری كوردستان، بەهۆی بەرژەوەندی حیزبی و كەسایەتی لەگەڵ توركیا زۆر شەرمنانەیە، بۆیە تائێستا لە بەیاننامە تێنەپەڕیووە".

سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان، لە سەروبەندی ئۆپەراسیۆنەكەی توركیاوە، تەنیا لەڕێی بەیاننامەوە داوایانكردووە لەبری شەڕ چارەسەری ئاشتیانەی كێشەكان بكرێت، بەبێ ئیدانەی ڕاستەوخۆی هێرشەكانی توركیا.

ئەوەش لە كاتێكدایە هێرشەكانی توركیا، كاردانەوەی زۆری نێودەوڵەتی بە تایبەت وڵاتانی ئەوروپی لێكەوتەوە، بەوهۆیەوە بە ڕاگرتنی فرۆشتنی چەك و چەندین ڕێكاری تر ئەنقەرە ڕوبەڕوی سزا كرایەوە.

لە دوایین هەنگاویشدا، وەفدێكی باڵای ئەمریكا بە سەرۆكایەتی جێگری سەرۆكی ئەو وڵاتە گەیشتە ئەنقەرە دوای سەپاندنی چەند سزایەك بە سەر توركیادا و هەردولا ڕێككەوتن بە ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان، ئەوەش لە سەرەتادا بۆ ماوەی 120 كاتژمێر.

لە مەرجەكانی ڕاگرتنی شەڕ، بەپێی ئەو ڕێككەوتنە، كشانەوەی هێزەكانی یەپەگەیە بە قوڵایی 32 كیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای كوردستان، بە ئامانجی دروستكردنی ناوچەی ئارام، بەڵام هێشتا لایەنی كوردی لە ڕۆژئاوا بڕیاری فەرمی و كۆتایی خۆی لەوبارەیەوە ئاشكرا نەكردووەو ڕایانگەیاندووە كە پابەندی ئاگر بەست دەبن، بەڵام كشانەوە بە قوڵایی 32 كیلۆمەتر بە "قبوڵ نەكراو" لەقەڵەم دەدەن.