جەنەڕاڵ مەزڵوم بۆ لیندسی گراهام: هەرگیز ڕێگا بە پاكتاوی نەژادیی كورد نادەم

18-10-2019 10:27


پەرەگراف

لیندسی گراهام، سیناتۆری كۆمارییەكان كە یەكێكە لە پشتیوانە سەرسەختەكانی كورد قسەی لەگەڵ مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هەسەدە كردووەو دەڵێت: جەنەراڵ مەزڵوم نیگەرانە لە پابەندنەبوونی هەموان بە ئاگربەستەكەوە، هەروەها سوورە لەسەر ئەوەی هەرگیز ڕێگا نادات بە پاكتاوی نەژادیی كورد كە لەلایەن ئەنقەرەوە باس دەكرێت.

ئەو سیناتۆرەی كۆمارییەكان كەمێك پێش ئێستا لە توویتەر نووسیویەتی، ئێستا قسەم لەگەڵ جەنراڵ مەزڵووم كۆبانێ، فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات كرد. ئەو پێزانینی هەیە بۆ هەوڵەكانی ئیدارەی ترەمپ بۆ وەستاندنی توندوتیژی.

"جەنەراڵ مەزڵووم نیگەرانە لە پابەندنەبوونی هەموان بە ئاگربەستەكەوە، هەروەها سوورە لەسەر ئەوەی هەرگیز ڕێگا نادات بە پاكتاوی نەژادیی كورد كە لە لایەن ئەنقەرەوە باس دەكرێت" لیندسی گراهام وادەڵێت. دەشڵێت "ناوچەی ئارام قبوڵكراوە لەلایەن كوردەكانەوە، بەڵام داگیركاریی سەربازیی كە سەدان هەزاركەس ئاوارە بكات ناوچەی ئارام نییە، بەڵكو پاكتاوی نەژادییە".

ئەو سیناتۆرە ئەمریكییە هیوادارە بتوانن دۆخێكی براوە-براوە بدۆزنەوەو دەڵێت "بەڵام من كۆكم لەگەڵ نیگەرانییەكانی جەنراڵ مەزڵوم. هەروەها پێشم وت كە كۆنگرێس بەتەواوی لە دۆخەكەدا دەمێنێتەوە و زۆر هاوسۆزە بۆ دۆخی كورد".

لیندسی گراهام یەكێكە لە سیناتۆرە كاریگەرەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا. ئەو سەر بە پارتی كۆمارییەكانی ئەمریكایە كە هەمان پارتی دۆناڵد ترەمپە و بە كەسێكی نزیكی ترەمپ دادەنرێت كە لە زۆر پرسی پەیوەست بە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكادا بۆچوونەكانی كاریگەریی بەسەر سەرۆكی وڵاتەوە هەیە، كاتێك ترەمپ 14ی ئەم مانگە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ مەزڵوم كۆبانێ كرد، لیندسی گراهامیش ئامادەبوو لەكاتی ئەنجامدانی پەیوەندییەكەدا.

هەروەها گراهام لەگەڵ سیناتۆرێكی دیكەی ئەمریكی پڕۆژە یاسای سزادانی توركیایان ئامادە كردووە كە سزای زۆر توندی دارایی بۆ بەرپرسانی باڵا و سەربازیی توركیا لە خۆ دەگرێت ئەوەش لە كاردانەوەی هێرشكردنەسەر ڕۆژئاوا كوردستان.

لە كۆتاییەكانی ساڵی ڕابردوو كاتێك دۆناڵد ترەمپ بە هەمان شێوەی ئێستا لە ناكاو بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە باكووری سووریا دا، ئەو كاتیش گراهام بە تووندی دژی بڕیارەكە وەستایەوە و لۆبییەكی بەهێزی بۆ مانەوەی سەربازە ئەمریكییەكان لە ناوچە كوردییەكانی سووریا كرد. تا ئەو ڕادەیەی دووقۆڵی لەگەڵ ترەمپ كۆبوونەوە و ڕایگەیاند، ترەمپ دڵنیای كردووەتەوە كە هیچ شتێكی خراپ بەسەر كوردەكانی سووریادا نایەت.

سەرباری ڕاگەیاندنی ئاگربەست‌و ڕێككەوتنی نێوان ئەمریكاو توركیا بۆ وەستاندنی شەڕ، بەڵام توركیا ئەمڕۆش بەردەوام بوو لە پەلاماردانی ڕۆژئاوای كوردستان.

هاوكات هەر ئەمڕۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند، بەپێی ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ ئەمریكا دەبێت یەپەگە لە ناوچەی ئارام بچێتە دەرەوە كە قوڵاییەكەی ٣٢ كیلۆمەترو درێژییەكەی ٤٤٠ كیلۆمەترە.

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش كرد، ئەو ناوچانەی یەپەگە چۆڵی دەكات لەلایەن توركیاوە بەڕێوەدەبرێن‌و ئاوارە سورییەكانی توركیا كە 3 ملیۆن‌و 600 هەزار كەسن دەگەڕێنرێنەوە بۆئەو ناوچانە.

كوردانی ڕۆژئاوا ڕازین بە ئاگربەست‌و وەستاندنی شەڕ، بەڵام هەر هەوڵێك بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیا ڕەتدەكەنەوەو هاوكات كشانەوە بە قوڵایی 32 كیلۆمەتر بە "قبوڵ نەكراو" ناو دەبەن.

ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤدەم، دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، ئەوەی خستە ڕوو كە پێشوازی لە ئاگربەست دەكەن و وتی "بەرخۆدانمان ئەردۆغانی ناچار بە ئاگربەست كرد".

ئاڵدار خەلیل وتیشی "ئەردۆغان دەیەوێت بە قوڵایی 32 كیلۆمەتر لەشكركێشی بۆ ناو خاكی سووریا بكات، ئێمە پێشتر ئەوەمان ڕەتكردووەتەوە".

هاوكات ساڵح موسلیم ڕایگەیاند "ئاگربەست شتێكە و تەسلیمبوون شتێكی دیكە، ئێمە ئامادەین بۆ بەرگرییكردن لە خۆمان".

ساڵح موسلیم باسی لەوەش كرد، مێژوو بەرخۆدانی پاڵەوانانەی سەرێكانی تۆماردەكات و جەنگی توركیا تاقیكردنەوەیەك بوو بۆ ئەوان، وتیشی "ئەم خاكە چۆڵ نییە و كەسی هەیە بەرگریی لێ بكات. ئەوان هێشتا دەستبەرداری خەونی عوسمانی نەبوون، ناتوانرێت شت بەسەر گەلی ئێمەدا بسەپێندرێت".