توركیا كوژرانی دوو بەرپرسی باڵای دیكەی پەكەكەی لە ئۆپەراسیۆنێكدا ڕاگەیاند

24-10-2019 11:09

پەرەگراف

توركیا كوژرانی دوو بەرپرسی باڵای  دیكەی پەكەكەی لە ئۆپەراسیۆنێكدا ڕاگەیاند.

سوپای توركیا لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، لە چیای گارەی نزیك ئامێدی هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئامانجێكی پەكەكە ئەنجام داوە.

بەپێی ئاژانسی ئەنادۆڵی نیمچەفەڕمیی توركیا، دوو "بەرپرسی باڵای پەكەكە" بە ناوەكانی "سەروەت ئایدین" ناسراو بە كوڵچیا ئامەد و "سۆیلەمەز یەشار" ناسراو بە تێكۆشین باتمان، لە هێرشەكەدا "كوژراون".

هەروەها ئاماژە بەوەش كراوە كە ئەو دوو بەرپرسەی پەكەكە لە "لیستی سووری داواكراوان"ی سوپای توركیادا بوون.

ئاژانسی ئەنادۆڵ دەڵێت، ئەو دوو بەرپرسەی پەكەكە لەم ماوەیەدا لە ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشی ئاسمانیی سوپای توركیا و دەزگای هەواڵگریی توركیا (میت) كراونەتە ئامانج.

ئەمە لە كاتێكدایە دوو ڕۆژ لەمەوبەر دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند "ئێوارەی 15-10-2019، لە نێوان كاتژمێر 5:10 خولەك بۆ 5:15 خولەك، دوو كادیری باڵای پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بە ناوەكانی جەمیل و دەمهات، لەسەر شاخی ئەزمەڕ و لە ناوچەیەكی گەشتیاری و لەناو خەڵكی مەدەنیدا، بە شێوەیەكی دڕندانە كراونەتە ئامانج".

لای خۆیشیەوە كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كەجەكە زانیارییەكانی پشتڕاست كردەوە و ڕایگەیاند "دوو هەڤاڵمان بە ناوەكانی دەمهات عەگید (سەییدخان ئایاز) كە لە باشووری كوردستان خەباتی یەكێتیی نەتەوەیی و لە دژی داگیركەری دەوڵەتی تورك لەسەر ڕۆژئاوا خەباتی بەڕێوە دەبرد و جەمیل ئەحمەد (ئەسەر ئرماك) كە پێشتر لە شەڕدا بریندار ببوو و بۆ نەخۆشی سەردانی سلێمانیی كردبوو، لە لایەن هێزە نێودەوڵەتی و دەوڵەتی تورك و هاوبەشە قێزەونەكانیان شەهید كران".

دوێنێش كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) ڕایگەیاند "بە دڵنیاییەوە تۆڵەی هەڤاڵان جەمیل و دەمهات دەكرێتەوە و هێزەكانمان لە هەموو جێگەیەك بكوژ و دوژمنانی كورد سزا دەدەن".

هاوسەرۆكایەتیی دەستەی بەڕێوەبەری كەجەكە لە ڕاگەیندراوێكدا هۆشداری لە بەهێزبوونی "میت" لە "باشووری كوردستان" و لەناو "پارتی و یەكێتی"دا دەدات و دەڵێت "لە ڕێگەی ڕێكخستنەكانی میت و هاوكاریی سیخورە خۆجێیەكان، دەیان گەریلا شەهید بوون. هێرشی سلێمانی ئاماژەیەكە بۆ هەبوونی سیخوری خۆجێیی".

هاوسەرۆكایەتیی كەجەكە بەهێزبوونی میت لە باشووری كوردستان بە "لاوازیەكی گەورە" بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ناوچەكە ناو دەبات و جەخت لەوە دەكاتەوە كە "پێویستە بەڕێوەبەرایەتیی باشووری كوردستان دەستوەردان لە دۆخەكەدا بكات".

* وردەكاریی كوژرانی دوو بەرپرسەكەی كەجەكە

* كەجەكە: بە دڵنیاییەوە تۆڵەی هەڤاڵان جەمیل و دەمهات دەكرێتەوە

* توركیا گیانلەدەستدانی سەركردەیەكی پەكەكەی لە ئۆپەراسیۆنێكدا ڕاگەیاند

* پەكەكە شەهیدبوونی وتەبێژی كەجەكەو چوار گەریلای ئاشكرا كرد