16 كەس بە تاوانی سووتاندن و كوشتنی قوتابییەكی كچ سزای مردنیان بەسەردا سەپێندرا

24-10-2019 01:54

پەرەگراف

16 كەس بە تاوانی سووتاندن و كوشتنی قوتابییەكی كچ، لەلایەن دادگایەكی بەنگلادیشەوە سزای مردنیان بەسەردا سەپێندرا. ئەو قوتابییە پێشتر مامۆستاكەی خۆی بەوە تۆمەتبار كردبوو كە گێچەڵی سێكسیی پێ‌ كردووە.

نوسرەت جیهان ڕەفیعی 19 ساڵ، لە مانگی نیسانی ئەمساڵ لە شاری فەنی (كە شارێكی بچووكە و بە دووریی 160 كیلۆمەتر لە داكای پایتەختی بەنگلادیش)، كوژرا.

پۆلیس دەڵێت "سێ‌ مامۆستای ئەو قوتابییە كە لەنێویشیاندا بەڕێوەبەری قوتابخانەكەی هەیە و لەناو زندانەوە فەرمانی كوشتنی ئەو كچەیان داوە، لە دادگا وەكو تاوانبار ناسێندراون. دوو تۆمەتباری دیكەی دۆسیەكە لە سەركردەكانی حیزبی دەسەڵاتداری بەنگلادیشن".

ژمارەیەك لە ئەندامانی پۆلیسی ناوچەكەش دەستگیر كراون كە هەواڵی دروستكراویان لەبارەی خۆكوژیی ئەو قوتابییە كچەوە بڵاو كردبووەوە.

كوژرانی نوسرەت جیهان ڕەفیعی كارادنەوەی توند و بەرفراوانی لە بەنگلادیش لێ‌ كەوتەوە و هاووڵاتیان داوای بەرپاكردنی دادپەروەریی لە دۆسیەكەدا دەكەن.

دادگا بە شێوەیەكی خێرا لێكۆڵینەوەی لەم دۆسیە كرد و بڕیاری لەبارەوە دا، كە بە شێوەیەكی گشتی دۆسیەی لە جۆرە لە دادگاكانی وڵاتەكەدا چەند ساڵێك درێژە دەكێشێت تا یەكلایی دەكرێتەوە.

ڕۆژی 6-4-2019، یازدە ڕۆژ دوای ئەوەی كە قوتابییە كچەكە سكاڵای لای پۆلیس تۆمار كردبوو بەوەی كە سیراجولدەولە، بەڕێوەبەری قوتابخانەكەی، بە شیوەیەكی نەشیاو دەستی بۆ بردووە و گێچەڵی سێكسیی پێ‌ كردووە، چەند كەسێك كە ژمارەیان چوار تا پێنج كەس بووە و دەموچاویان هەڵپێچاوە، ئەو كچە دەبەنە پشتی قوتابخانەكەیەوە.

دوای ئەوەی كە هەڕەشەی لێ‌ دەكەن بۆ ئەوەی سكاڵاكەی بكێشێتەوە و ئەویش ڕازی نابێت، ئەو كەسانە ئاگر لە جەستەی بەردەدەن.

پۆلیسی بەنگلادیش دەڵێت، ئەو كەسانە ویستوویانە وای نیشان بدەن كە ئەو كچە خۆكوژیی كردووە، بەڵام قوتابییەكە بەر لە مردنی توانیی قسە بكات و ڕاستیی ڕووداوەكە ئاشكرا بكات.

نوسرەت كە لەسەدا 80ی جەستەی سووتابوو، پاش چوار ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، لە ڕۆژی 10ی نیسان گیانی لەدەست دا.

مەراسیمی بەخاكسپاردنی نوسرەت جیهان

گێچەڵی سێكسی لە وڵاتی بەنگلادیش بەربڵاوە و بەپێی ڕاپۆرتێك، لەسەدا 80 ژنانی بەنگلادیش كە لە كارگەكانی پۆشاكدا كار دەكەن، ڕووبەڕووی گێچەڵی سێكسی بوونەتەوە.