دەنگی نیشتیمان بۆ خەڵكی كوردستان: كۆدەنگ بن لەسەر بایكۆتی كاڵای توركی

24-10-2019 05:38


پەرەگراف- هەكار مەحمود

گروپی دەنگی نیشتیمان داوا لە ڕایگشتی كوردستان دەكات هەمووان كۆدەنگ بن لەسەر درێژەدان بە بایكۆتی كاڵاو خزمەتگوزارییە توركییەكان‌و هەر مامەڵەیەكی بازرگانی‌و گەشتێك بۆ ئەو وڵاتە ڕابگیرێت‌و دەڵێت "ئەمە كەمترین هەڵوێستە كە هەركەسێك لەلای خۆیەوە بیگرێتەبەر".

دەنگی نیشتیمان كە گروپێكن لە نوسەرو هونەرمەند‌و ڕۆشنبیرانی سلێمانی پێكهاتوون، هەڵمەتی چڕیان دەستپێكردووە بۆ بایكۆتی كاڵای توركی ئەوەش كاردانەوەی هێرش‌و پەلامارەكانی سوپای توركیا بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان.

گروپەكە ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا بەیاننامەیەكیان خوێندنەوەو تێیدا داوا لە؛ كڕیارو فرۆشیار، هاوردەو هەناردەكار، سەندیكاو گروپ‌و نوسینگەی پەیوەندیدارەكان‌و ڕاگەیاندن‌و ڕایگشتی كراوە، هەمووان كۆدەنگ بن لەسەر درێژەدان بە بایكۆتی كاڵاو خزمەتگوزارییە توركییەكان‌و هەر مامەڵەیەكی بازرگانی‌و گەشتێك بۆ ئەو وڵاتە ڕابگیرێت‌و دەڵێت "ئەمە كەمترین هەڵوێستە كە هەركەسێك لەلای خۆیەوە بیگرێتەبەر".

هاوكات دەنگی نیشتیمان داوای بڕیاری بەپەلەی پەرلەمانی كوردستان‌و حكومەتی هەرێم دەكات بۆ ڕاگرتنی هاوردەی شمەكی توركی‌و ڕاگرتنی مامەڵەی بازرگانیی لەگەڵ ئەو وڵاتە، هەروەها هەڵپەساردنی پەیوەندیی دیبلۆماسیی حیزبەكانی كوردستان لەگەڵ توركیا.

داواش لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن دەكات، ڕیكلام بۆ كاڵای توركی ڕابگیرێ‌و هەڵمەتی بایكۆت گەرم بكرێت.

شەڕی ڕۆژئاوای كوردستان، ئاگرەكەی لەوێ و بەشێكی هەڵوێستەكەی لە هەرێمی كوردستانە، لەو ڕۆژەوە هاوكات لەگەڵ بایكۆتی شمەكی توركی، خەڵكێكی زۆریش گەشتەكانی بۆ ئەو وڵاتە هەڵوەشاندووەتەوە.

ئۆپەراسیۆنی سەربازی توركیا و چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دژی هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە) لە ڕۆژئاوا، ناڕەزایی بەرفراوانی لە نێو كورددا لێكەوتۆتەوە، ئەوان لەگەڵ خۆپیشاندان و ڕەتكردنەوەی لەشكركێشییەكەدا، بە دوای ڕێگایەكەوەن سزای ئەنقەرە بدەن.

هەرزوو، لەگەڵ یەكەم تەقەی توركیا دژی كوردانی ڕۆژئاوا، لە هەرێمی كوردستانەوە جموجۆڵی زیانگەیاندن بە ئابوری ئەو وڵاتە دەستیپێكرد، لە هەنگاوی سەرەتاشدا خەڵك دەیانەوێت نەچنە گەشتی شارەكانیان و شمەكەكانیشیان بایكۆت بكەن.

 كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی گروپەكە 

شەڕی توركیا بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان، هەرچەندە بە نێوەندگیری ئەمریكا دەبوو بە كاتیی ڕابگیرێت، بەڵام بەپێی دوایین پەیامی ئەمڕۆی فەرماندەی گشتی هەسەدە، هێزەكانی سەربە توركیا بەردەوامن لە پەلاماردانی ڕۆژئاوای كوردستان.

ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا، جگە لە كاردانەوەی كورد لە هەموو دنیادا، لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیش ناڕەزایی لێكەوتەوە، چەندین وڵاتی ئەوروپا وەك سزایەك فرۆشتنی چەكیان بەو وڵاتە ڕاگرت.

لە هەرێمی كوردستان، تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان پڕ بووە لە هاوسۆزی و پشتگیری بۆ ڕۆژئاوا‌و هانی خەڵك دەدرێت چیتر شمەكی توركی نەكڕن و چێژ لە شارە توركییەكان نەبینن بۆ گەشت.

*چیتر خەڵك ناچنە توركیا
شەڕی ڕۆژئاوا زیاتر لە نیوەی گەشتیارانی ڕاگرت