
پەرەگراف
بەرهەم ساڵح پەیوەندیی بە لایەنە باڵاكانی عێراقەوە دەكات بە مەبەستی كۆبوونەوەی بەپەلە، سەرچاوەیەكی ئاگادار دەڵێت "پێدەچێت حكومەت هەڵبوەشێتەوە"، هاوكات موقتەدا سەدر لە نوێترین پەیامیدا ڕووەو بەرپرسانی عێراق دەڵێت: دەست لەكار بكێشنەوە بەرلەوەی لاببرێن.
بۆ دووەم ڕۆژ لەسەر یەك خۆپیشاندانو ئاڵۆزیی لە بەغدای پایتەختو چەند پارێزگایەكی دیكەی باشوری عێراق بەردەوامەو كوژراو و برینداران لە بەرزبوونەوەدان، سەرچاوەیەكی نزیك لە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بۆ پەرەگراف وتی "فشارێكی زۆر لەسەر بەرهەم ساڵح هەیە بۆ خاوكردنەوەی دۆخەكەو كۆتاییهێنان بە خوێن ڕشتن، هەربۆیە پەیوەندیی بە لایەنە باڵاكانی عێراقەوە كردووەو داوای كۆبوونەوەی بەپەلەی كردووە".
ئەو سەرچاوەیە وتیشی "پێدەچێت حكومەتی عێراق هەڵبوەشێتەوەو بڕیار لە هەڵبژاردنی پێشوەخت بدرێت وەك ڕێگاچارەی دەرچوون لەم دۆخە".
هاوكات ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە نوێترین پەیامیدا ڕووەو بەرپرسانی عێراق دەڵێت، دەست لەكار بكێشنەوە بەرلەوەی لاببرێنو خۆتان چاك بكەن بەرلەوەی لەناو بچن.
موقتەدا سەدر سەرەتای پەیامەكەی بەوە دەستپێدەكات كە ئەگەر بەلای هەندێك كەسەوە خۆپیشاندانو مانگرتن چارەسەر نییە، "ئەی دەستگرتن بە دەسەڵاتەوە چارەسەرە لە كاتێكدا نەتوانیت كێشەكانی گەل چارەسەر بكەیتو لە گەندەڵەكان ڕزگاریان بكەیت، ئەگەر دەسەڵات ناتوانێت ئەوە چاك بكات كە گەندەڵەكانی پێشوو بەجێیان هێشتووە، ئەوا ئەویش هیچ خێرێكی نییەو وەك ئەوانی پێشوو وایە".
سەدر دەشڵێت "ئەگەر دەتانەوێت گەل نەكوژرێتو نەسووتێت، ئەی گەندەڵەكان وازیان لێبهێننو واز لە زوڵمو زۆرداری بهێنن، ئەوان دەیانەوێت خۆش بژینو نیشتمانێكی بێ گەندەڵیو گەندەڵكاریان هەبێت. ئەوانە كەسانێكن كە سەركەوتووبوون لە فشارخستنەسەر گەندەڵەكان، بۆیە ناچاریان كردن بە هەوڵدان بۆ چاكسازیی. با عێراق لەوە زیاتر دانەتەپێتو تووشی شەڕی ناوخۆ نەبێت".
هەر لە پەیامەكەیدا سەدر جارێكی دیكە داوای دادگاییكردنی گەندەڵكاران دەكاتو هۆشداریی دەدات لەوەی ئەگەر دۆخەكە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، "كار لە كار دەترازێت".