
پەرەگراف
هاوپەیمانی سائیروون كە گەورەترین هاوپەیمانییە لە پەرلەمانی عێراقو سەربە موقتەدا سەدرە ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی ڕاگەیاندو دەڵێت: كار بۆ لابردنی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەن.
هاوپەیمانیی سائیروون كەمێك لەمەوبەر ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی ڕاگەیاند بەوەش بووە دووەم فراكسیۆنی ئۆپۆزسۆن لە دوای ڕەوتی حیكمە لە پەرلەمانی عێراق، سائیروون دەشڵێت "بەو ڕێگا دەستورییانەدا دەڕۆین كە عادل عەبدولمەهدی لە پۆستەكەی لادەبەن".
هاوكات سائیروون مانگرتنی لەناو پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند. ئەوەش وەك پشتیوانییەك بۆ خۆپیشاندەرانو داواكارییەكانیان.
هەڵوێستەكەی هاوپەیمانیی سائیروون دوای ئەوەدێت ئەمڕۆ موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە نوێترین پەیامیدا ڕووەو بەرپرسانی عێراق وتی، دەست لەكار بكێشنەوە بەرلەوەی لاببرێنو خۆتان چاك بكەن بەرلەوەی لەناو بچن.
موقتەدا سەدر سەرەتای پەیامەكەی بەوە دەستپێدەكات كە ئەگەر بەلای هەندێك كەسەوە خۆپیشاندانو مانگرتن چارەسەر نییە، "ئەی دەستگرتن بە دەسەڵاتەوە چارەسەرە لە كاتێكدا نەتوانیت كێشەكانی گەل چارەسەر بكەیتو لە گەندەڵەكان ڕزگاریان بكەیت، ئەگەر دەسەڵات ناتوانێت ئەوە چاك بكات كە گەندەڵەكانی پێشوو بەجێیان هێشتووە، ئەوا ئەویش هیچ خێرێكی نییەو وەك ئەوانی پێشوو وایە".
سەدر دەشڵێت "ئەگەر دەتانەوێت گەل نەكوژرێتو نەسووتێت، ئەی گەندەڵەكان وازیان لێبهێننو واز لە زوڵمو زۆرداری بهێنن، ئەوان دەیانەوێت خۆش بژینو نیشتمانێكی بێ گەندەڵیو گەندەڵكاریان هەبێت. ئەوانە كەسانێكن كە سەركەوتووبوون لە فشارخستنەسەر گەندەڵەكان، بۆیە ناچاریان كردن بە هەوڵدان بۆ چاكسازیی. با عێراق لەوە زیاتر دانەتەپێتو تووشی شەڕی ناوخۆ نەبێت".
هەر لە پەیامەكەیدا سەدر جارێكی دیكە داوای دادگاییكردنی گەندەڵكاران دەكاتو هۆشداریی دەدات لەوەی ئەگەر دۆخەكە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، "كار لە كار دەترازێت".