وردەكاری چۆنیەتی كوژرانی بەغدادی لە زاری ترەمپەوە

27-10-2019 05:27


پەرەگراف

دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، بەغدادی لەگەڵ سێ لە منداڵەكانی و چەند چەكدارێكی دیكەی داعش و یاریدەدەرەكانی كوژراوە، لە ئۆپەراسیۆنێكدا كە دوو كاتژمێری خایاندووە.

سەرۆكی ئەمریكا، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا وتی "ئەمریكا تیرۆریستی یەكەمی ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتی كردەوە، ئەو دامەزرێنەری داعش بوو، ئەمریكا بەدوای بەغدادیدا دەگەڕا و لەلایەن تیمی ئاسایشی نیشتمانی ئیدارەكەی منەوە لە باكوری سووریا كوژراوە. هێزێكی تایبەتی ئەمریكا توانییان لە شەودا لە باكوری ڕۆژهەڵاتی سووریا ئۆپەراسیۆنەكەیان ئەنجام بدەن".

سەبارەت بە چۆنیەتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكە، ترەمپ گوتی "من زانیم هێزەكانی ئەمریكا بەجدی كارەكەیان ئەنجامداوە، هیچ كەسێكی ئێمە لە ئۆپەراسیۆنەكەدا گیانی لەدەستنەداوە، بەڵام ژمارەیەكی زۆر لە چەكدارەكانی بەغدادی و یاریدەدەرەكانی كوژراون".

سەرۆكی ئەمریكا باسیلەوەش كرد، بەغدادی دوای ئەوە كوژراوە كە چووەتە ناو توونێلێكەوە و هاواری كردووەو بەدرێژایی ڕێگای چوونە ناو تونێلەكە گریاوە، وتی"11 منداڵ لەنێو ژوورەكەدا بردرانە دەرەوەو تاكە كەسێك كە لەنێو توونێلەكەدا بوو بەغدادی بوو لەگەڵ سێ لە منداڵەكانی خۆی كە بردبوونییە ناو تونێلەكە و وەكو سەگێك چووە ناو تونێلەكە. ئەو خۆی تەقاندەوە و خۆی كوشت و سێ منداڵەكەیشی لەگەڵ خۆیدا كوشت. بەهۆی تەقینەوەكەوە بەغدادی بە تەواوی وێران بووبوو، بەڵام تاقیكردنەوە و توێكارییەكان پیشانیاندا كە ئەمە بەغدادییە".

ترەمپ ئەوەشی خستە ڕوو، بەڵگەنامەی زۆر گرنگیان لەو شوێنەدا دەست كەوتووە كە بەغدادی كوژراوە‌و شەوی ڕابردووی بە شەوێكی گەورە بۆ ئەمریكییەكان و هەموو جیهان ناو برد.

لەبارەی ڕۆڵی وڵاتان لە ئۆپەراسیۆنەكەدا، ترەمپ وتی، ڕووسیا بە باشی كاریان لەگەڵ كردین و ڕێڕەوی ئاسمانیی سنووری خۆیانیان بۆ كردینەوە‌و لە سنووری دەسەڵاتی ڕووسیا چالاكییەكەمان ئەنجام دا، بەڵام زانیارییان نەبوو ئێمە چی دەكەین، هەروەها كوردەكان زانیاریی گرنگ و بەنرخیان پێداین‌و توركیاش دەیزانی ئێمە بۆ كوێ دەچین و هاوكاریی باشی كردین.

سەرۆكی ئەمریكا باسیلەوەش كرد، هەشت فڕۆكە بەشداربوون لەدابەزاندی سەرباز بۆسەرحەشارگەكەی بەغدادی‌و كۆمەڵگەیەی بەغدادی تیایداخۆی حەشاردابوو، لە چەند تونێلێك پێك هاتبوو، "وەك ئەوەی سەیری فیلمێكی خۆش بكەین، سەیری چالاكییە سەربازییەكەمان دەكرد، لە هێرشەكەدا ڕووبەڕووبوونەوەی بەهێز ڕووی دا‌و لە ئۆپەراسیۆنەكەداهیچ سەربازێكی ئەمریكی بەرنەكەوتووە و تەنیا سەگێك بریندار بووە".

"هەردوو هاوسەرەكەی بەغدادی لەسەر زەوی كەوتبوون، بەڵام چاكەتە بۆمبڕێژكراوەكەیان نەتەقیبووەوە، بەغدادی ئەوەی هەڵبژارد بچێتە ئەو تونێلەوە ئەگینا لەوانەیە دەرفەتی دەربازبوونی هەبوایە" ترەمپ وای وت.

مۆڵگەكەی بەغدادی لە گوندی باریشا بووە لە پارێزگای ئیدلب لە سوریا كە لەژێر كۆنتڕۆڵی گروپە چەكدارەكانی نزیك لە توركیادایە.

هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە) ڕایگەیاند، كوشتنی بەغدادی ئەنجامی كاری هاوبەشی 5 مانگ بووە لەگەڵ ئەمریكاو دەڵێت: دەبێت توركیا وەڵامی ئەوە بداتەوە كە بەغدادی چی دەكرد لە ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی ئەوان؟.

مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتیی هەسەدە لەبارەی كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی ڕایگەیاند: ماوەی ٥ مانگە كاری هەواڵگریی و گەڕانی ورد هەیە تاوەكو توانرا لە ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشدا ئەبوبەكر بەغدادی تیرۆریست لەناو ببرێت.

مەزڵوم كۆبانێ ئۆپەراسیۆنەكەی بە "مێژوویی" ناوبردو سوپاسی سەرجەم ئەو كەسانەی كرد كە بەشداربوون لەم كارە گەورەیەدا.

ڕێكخراوی داعش ڕۆژی 29ی نیسانی ئەمساڵ پەیامێكی ڤیدیۆیی ئەبووبەكر بەغدادیی بڵاوكردەوە، كە ئەوە یەكەم دەركەوتنی خەلیفەكەی داعش بوو لە ساڵی 2014وە.

بەغدادی لە پەیامە ڤیدیۆییەكەیدا كە ماوەكەی 18 خولەك بوو، بۆ ژمارەیەك چەكداری داعش قسەی دەكرد ‌و دەمووچاوی داعشەكان ڕووپۆش كراوبوو و دیار نەبوو كێن.

بڵاوكردنەوەی ئەو ڤیدیۆیەی بەغدادی لە كاتێكدا بوو، داعش لە عێراق ‌و سووریا هیچ ناوچەیەكی بەدەستەوە نەمابوو، دیار نەبوو ئەبووبەكر بەغدادی لە چ ناوچەیەك خۆی حەشار داوە.

یەكەم دەركەوتنی خەلیفەكەی داعش

یەكەم دەركەوتنی ئەبووبەكر بەغدادیی ڕۆژی هەینی 5-7-2014 بوو، كاتێك وتاری هەینیی لە مزگەوتی گەورەی نوری لە موسڵ خوێندەوە، ئەوكات داعش لە ترۆپكی بەهێزیدابوو، 25 ڕۆژ بوو دەسەڵاتی لە موسڵ گرتبووە دەست، دوای ئەوەی لە 10-6-2014وە لە ماوەی تەنیا شەو و ڕۆژێكدا بەبێ بەرگرییەكی ئەوتۆ دووەم گەورەترین پارێزگای عێراق (موسڵ)ی كۆنتڕۆڵكرد.

مزگەوتی گەورەی نوری لە موسڵ كۆنترین‌و گەورەترینە لە سەنتەری شار، ئەو ڕۆژە تا دەهات قەرەباڵغتردەبوو، هەندێك لەو كەسانەی دەهاتنە مزگەوتەكەوە پێشتر لەوێ نەبینرابوون.

شێخ حمود كە لە ساڵی 2009وە لەو مزگەوتە وتار دەدات‌و پێشنوێژی دەكات، دەڵێت "ڕێوشوێنی ئەمنی توندیان گرتبووەبەر، مۆبایلیان بە هەموو كەس دەكوژاندەوە، هەر كەسێك بیویستایە بچێتە سەرئاو ئەوە كەسێك لەو گروپە تا بەر دەرگا لەگەڵی دەڕۆیشت، كاتێك مۆلیدەكەیان داگیرساند چەكدارێكی داعش لەگەڵیان دەڕۆیشت‌و وتیان كەس بۆی نییە وێنەبگرێت… هەروەها تەواوی تۆڕەكانی پەیوەندی تاوەكو كاتژمێر 5ی ئێوارە نەبوون".

دوای ئەوەی لەڕیزی پێشەوەی نوێژخوێنان، كەسێكی خۆیان بانگی نیوەڕۆیدا، دواتر كەسێكی تریان هەستایە سەرپێ‌و وتی: ئێستا شێخ ئیبراهیم عەواد وتاری ڕۆژی هەینیتان بۆ دەخوێنێت.

شێخ ئیبراهیم عەواد ئیبراهیم سامەرائی ناسراو بە (ئەبوبەكر بەغدادی) چووەسەر مینبەری مزگەوتەكەو وتارێكی 15 خولەكیی پێشكەش كرد.

جگە لە باسكردنی مانگی ڕەمەزان كە چەند ڕۆژێكی كەمی مابوو، بەغدادی باسی خێری شەوی لەیلەتولقەدری كردو دواتر داوای"جیهادی كرد لە پێناو خوادا"، هەرلەوێ خەلافەتەكەی ڕاگەیاند.

بەر لەو تویتەی، مەزڵوم كۆبانێ لە تویتێكی دیكەیدا ڕایگەیاندبوو: ئۆپەراسیۆنێكی مێژویی سەركەوتوو ئەنجامدرا لە ئەنجامی كارێكی ھاوبەشی ھەواڵگریی لەگەڵ ئەمریكا.