فراكسیۆنی گۆڕان هەڵوێستی خۆی دەربارەی پێشهاتەكانی عێراق ڕاگەیاند

30-10-2019 12:29

پەرەگراف

فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەڵێت "تەزویری هەڵبژاردنەكان بە تایبەت دواهەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە هۆكاری سەرەكیی نەمانی متمانەی هاووڵاتیان‌ بە دامەزراوە دەستوورییەكانی عێراق دەزانین".

فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پاش كۆبوونەوەی بەیاننامەیەكی سەبارەت بە پێشهاتەكانی وڵات و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی خەڵك بڵاو كردەوە و تێیدا هەڵوێستی خۆی دەربڕیوە.

د. یوسف محەمەد، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان، دەقی ڕاگەیەندراوێكی فراكسیۆنەكەی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك بڵاو كردووەتەوە و دەڵێت "بڕیاڕمان دا كە جارێكی تر دژوەستانەوەی گەندەڵی و كاركردن بۆ هێنانەكایەی دادی كۆمەڵایەتی، بكەینە چەقی كاركردنمان، لە ڕێی خستنەڕوو و پشتگیریكردنی پڕۆژەیاسا تایبەتەكان بەم بوارە".

یوسف محەمەد ئاماژە بەوەش دەكات كە فراكسیۆنەكەیان "دەست دەكات بە كاركردن بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنەكانی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق و گۆڕینیان بە دادوەر و كەسانی شارەزا، لەژێر سەرپەرشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان". ئەوەش بە هەنگاوێك بۆ "سەرلەنوێ تازەكردنەوەی شەرعیەت بۆ پڕۆسەی سیاسیی عێراق" ناو دەبات.

فراكسیۆنی گۆڕان لە بەیاننامەكەیدا داوای هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات، بە جۆرێك كە گرەنتی پاراستنی دەنگی دەنگدەران بكات و ئەو ئەنجامەی لە هەڵبژاردنەوە سەرچاوە دەگرێت، ڕەنگدانەوەی ئیرادەی ڕاستەقینەی دەنگدەران بێت.

بەباننامەكەی فراكسیۆنی گۆڕان لە كاتێكدایە خۆپیشاندان لە زۆرینەی پارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەردەوامە و تا ئێستا چاكسازییەكانی حكوومەت و پەرلەمان لە ئاست داواكاریی خۆپیشاندەراندا نەبووە و پێی ڕازی نین.

تا ئێستا كورد هیچ هەڵوێستێكی ڕوونی سەبارەت بە پێشهاتەكانی عێراق نییە و ئەمە یەكەم بەیاننامەی فراكسیۆنە كوردستانییەكانە لەوبارەیەوە.

IPO