سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ "تۆمەتی گەندەڵیی لەسەرەو لە هەوڵدایە كوردستان بەجێ بهێڵێت"

31-10-2019 07:31
زیا پترۆس سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم - شیرین ئەمین سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان


پەرەگراف

سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم، تۆمەتی گەندەڵیی لەسەرەو دۆسیەكەی لە ژێر لێكۆڵینەوە دایە، بەڵام لە هەوڵدایە كوردستان بەجێ بهێڵێت، ئەمەش بەوتەی شیرین ئەمین پەرلەمانتاری گۆڕان‌و سەرۆكی لیژنەی دەستپاكیی لە پەرلەمانی كوردستان.

شیرین ئەمین لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی "بۆ هەموو لایەنی پەیوەندیدار تكایە فریا بكەون"، شیرین باسلەوە دەكات سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان تۆمەتبارە بە خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی لەپێناو بەرژەوەندی تاكە كەسی، بەهەدەردانی سامانی گشتی و پێشێلكردنی فەرمانی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و جێبەجێنەكردنی بڕیاری دادگا.

سەرۆكی لیژنەی دەستپاكیی لە پەرلەمانی كوردستان دەشڵێت "پاش ئەوەی لیژنەیەكی پەرلەمان لێكۆڵینەوەی پێویست لە دۆسیەی سەرۆكی دەستە دەكەن و لەم بارەیەوە ڕاپۆرتێكی ورد ئاڕاستەی پەرلەمان دەكەن، پەرلەمانی كوردستان دۆسیەكەی ئاڕاستەی دەستەی دەسپاكی دەكات لەئێستادا دۆسیەكەی لەدەستەدا لە لێكۆڵینەوەدایە، بەڵام پرسەكە ئەمەیە سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ لەلایەن حكومەتەوە ڕەزامەندی وەرگرتوە هەرێمی كوردستان بەجێبهێڵێت و سەفەر بكات بۆ جنێف".

شیرین ئەمین باسلەوەش دەكات، هەوڵی سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ بۆ چوونە دەرەوە لە كوردستان لەكاتێكدایە، هەركەسێك گومانی گەندەڵیی لەسەربێت و دۆسیەكەی لەقۆناغی لێكۆڵینەوەدا بێت مافی سەفەركردنی نابێت تا لێكۆڵینەوەكەی بەكۆتادێت، لەم ڕوانگەشەوە سەرۆكی دەستەی دەستپاكیم ئاگادار كردەوە كە ناوبراو لە هەوڵدایە كوردستان بەجێ بهێڵێت".

زیا پترۆس سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم چەندین تۆمەتی ڕوبەڕوكراوەتەوەو لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمان بەدواداچوونی بۆ كارەكانی كردووەو بە ڕاپۆرتێك ئەنجامی بەدواداچوونەكەی ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووەو پێشێلكارییەكانی خستووەتە ڕوو.

بەپێی ڕاپۆرتی لیژنە پەرلەمانییەكە پێشێلكارییەكان خۆی لە بەهەدەردانی سامانی گشتیی‌و بەكارهێنانی پارەی گشتیی بۆ بەرژەوەندیی خۆی دەبینێتەوەو سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ بە واژۆی خۆی بۆ خودی خۆی خەرج كردووە، لیژنە پەرلەمانییەكە دوای خستنە ڕووی وردەكاریی پێشێلكارییەكان لە خاڵی یەكەمی ڕاسپاردەكانیدا داوا دەكات دۆسیەی سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ ئاڕاستەی دەستەی دەستپاكیی بكرێت‌و داوایان لێبكرێت "بە زووترین كات ڕوبەڕوی دادگا بكرێتەوەو سزای یاسایی خۆی وەربگرێت".

پەرەگراف بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر پەیوەندیکرد بە زیا پترۆس سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ و ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی ھەرێم، بەڵام وەڵامیان نەدایەوە.