حكومەتی هەرێم‌و پارتی وەڵامی یەكێتی دەدەنەوە

02-11-2019 12:21
ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم - مەحمود محەمەد وتەبێژی فەرمیی پارتی‌


پەرەگراف

سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران‌و وتەبێژی پارتی وەڵامی نیگەرانییەكانی یەكێتی دەدەنەوەو دەڵێن، ئەو حیزبە خۆی كاندیدی پۆستەكانی دیاری نەركردووە تا دەستبەكارببن‌و خۆیشی هۆكاری دواخستنی كۆبوونەوەكانە.

هەریەكە لە مەحمود محەمەد وتەبێژی فەرمیی پارتی‌و ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە دوو كۆنگرەی ڕۆژنامەوانییدا بە جیا وەڵامی یەكێتییان دایەوە.

وەڵامەكان دوای ئەوەدێن دوو ڕۆژ لەمەوبەر لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی فەرمی یەكێتی لەبارەی "جێبەجێنەكردن"ی ڕێككەوتنەكانی نێوانیان لەگەڵ پارتی "نیگەرانیی زۆر"ی حیزبەكەی دەربڕی‌و وتی "یەكەم ڕێككەوتنمان كە ڕێككەوتنی سیاسییە و جەوهەرەكەی بەشداریی سیاسییە، ئێمە قەناعەتمان بەوە نییە بەشی زۆری ئەو ڕێككەوتنە جێبەجێ‌ بووبێت. ڕێككەوتنی دووەمیشمان كە بەشدارییە لە حكوومەتی هەرێم، بەشی زۆری جێبەجێ‌ نەبووە، ئەوەشی جێبەجێ‌ بووە تێبینیمان لەسەری هەیە".

حكومەت وەڵام دەداتەوە

لە وەڵامی یەكێتی دا، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ئەوەی خستە ڕوو، حكومەت پابەندی ئەو بەرنامەو ئەجندایەیە كە پێشكەشی پەرلەمان‌و خەڵكی كوردستانی كردووە كە ئەجندایەكی هاوبەشی هەموو لایەنە سیاسییەكانی بەشدار لە حكومەتە، وتی"بەداخەوە مەكتەبی سیاسی هەندێك لە حیزبەكان بە پێچەوانەی دروشمەكانیان، لە كاتێكدا داوا دەكەن حیزبەكان دەست لە كاروباری حكومەت وەرنەدەن. بەڵام كاتێك بەرژەوەندییەكانی خۆیان دێتە بەر باس، بە هەموو شێوەیەك فشار لە سەر حكومەت دروست دەكەن و دەستێوەردان لە ئیشوكاری دەكەن و مەرج بۆ چۆنێتی ئیشكردنی حكومەت دادەنێن".

د.ئومێد سەباح لەبارەی پڕنەكردنەوەی هەندێك لە پۆستەكانی یەكێتی لە حكومەت، باسیلەوە كرد، یەكێتی تەواوی كاندیدەكانی خۆی بۆ ئەو پۆستانەی تائێستا ماون دیاری نەكردووە تا حكومەت بەپێی ڕێككەوتنەكان دایانبمەزرێنێت.

سەبارەت بە دانانی یاریدەدەرەكانی سەرۆك وەزیران كە یەكێتی نیگەران كردووەەو بە حكومەتێكی بچوك لەناو حكومەتدا ناوی دەبات، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران وتی"ئەم بابەتە لە دەسەڵاتی سەرۆك وەزیرانە و هیچ دەقێكی یاساییش نییە لە یاسای ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (3) لە ساڵی 1992 هەمواركراو یان لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (1) 2006 هەموار كراو، كە ڕێگری بكات لەوەی كە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران یاریدەدەری هەبێت، هەروەها یاریدەدەرەكان بە هیچ شێوەیەك بەدیلی وەزیرەكان نین، بەپێچەوانەوە یارمەتیدەر و ئاسانكاریی بەڕێوەچوونی كارەكان دەكەن، ئەمەش بە هیچ شێوەیەك كارێكی نایاسایی نییەو بەپێچەوانەوەی ئەو پڕوپاگەندانەیە كە گوایا حكومەتێكی بچووككراو لە ناو حكومەتدا دروست كرابێت".

ئومێد سەباح لە بارەی دۆسیەی نەوتی هەرێم ئەوەی خستە ڕوو، جێگری سەرۆك وەزیران و وزیری دارایی و وزیری پلاندانان كە ئەندامی ئەنجومەنی نەوت و گازن، لە هەموو وردەكارییەكانی پڕۆسەی نەوت و گاز لە هەرێم ئاگادارن، "لەلایەكی دیكەوە لە كۆبوونەوەكانی پارتی و یەكێتی لە كاتی دانوستاندن بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم، هەردوولا ڕێككەوتن لەسەرئەوەی سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ببێت بە ئەندامی ئەنجوومەنی نەوت و گاز، بەڵام یەكێتی لەو بابەتە پاشگەز بووەتەوە".

"هەروەها سەبارەت بەوەی گوایە دەبوو وەزیرێكی هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا دەستنیشان بكرێت، بۆ ئاگاداری هەموو لایەك، هیچ دەقێكی وا نییە لە ڕێكەوتنەكانی پێكهینانی كابینەی نۆیەم ، كە وەزیرێكی هەرێم هەبێ بۆ كاروباری بەغدا، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا بەڕێز سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، لە ڕوانگەی باوەڕبوونی بە تواناكانی بەڕێز خالد شوانی، بەڕێزیانی ڕاسپارد كە وەكو وەزیری هەرێم بۆ سەرجەم كاروباری دانوستاندن لەگەڵ بەغدا دەستبەكار بێت" سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران وای وت.

پارتی: شەراكەت بە مانای 50 بە 50 نییە

هاوكات مەحمود محەمەد وتەبێژی فەرمی پارتی لە وەڵامی وتەبێژەكەی یەكێتیدا ئەوەی خستە ڕوو، لە خوار ئەنجومەنی وەزیرانەوە هەندێك بەركەوتەی حیزبەكان هەیە بە پارتیشەوە كە تائێستا پڕ نەكراونەتەوە، "ئەوەی بۆتەهۆی ئەوەی بەركەوتەی یەكێتی پڕنەكرێتەوە خودی یەكێتییە كە تائێستا كاندیدەكانی خۆی یەكلایی نەكردووەتەوە".

وتەبێژەكەی پارتی باسیلەوەش كرد، شەراكەت لە حكومەت بە مانای دابەشكاریی 50 بە 50ی پۆستەكان نییەو ئەو سەردەمە تێپەڕیوەو هەر لەسەرەتاوە ئەوە بە یەكێتی وتراوەو ئەو حیزبەش قبووڵی كردووە.

مەحمود محەمەد پرسیاری ئەوەشی كرد با پێمان بڵێن لە كوێدا ڕێككەوتنەكان جێبەجێ نەكراون؟ "لە مانگی ئاب داوای كۆبوونەوەمان لە یەكێتی كردو لەسەر كات‌و شوێنی كۆبوونەوەكەش ڕێككەوتین، بەڵام دوای دوو ڕۆژ یەكێتی ئاگاداریان كردین كە كۆبوونەوەكە دوابخرێت تائێستاش ئەنجام نەدراوە".

وتەبێژەكەی پارتی ئەوەشی خستە ڕوو، لە ماوەی ڕابردوودا وەفدێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەگەڵ سەرۆكی حكومەت كۆبووەتەوەو ڕاشكاوانە قسەیان كردووە.