سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم: بە هیچ جۆرێك لەگەڵ دەستكاریكردنی دەستوور نیین

05-11-2019 01:18

پەرەگراف

كۆبوونەوەكانی سەركردایەتیی سیاسیی كورد سەبارەت بە پێشهاتەكانی عێراق لە شاری هەولێر بەردەوامن. سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم هەمواری دەستووری عێراق ڕەتدەكەنەوە، لە ئەگەری وەها پێشهاتێكیشدا مەرجی پاراستنی فیدراڵیەتی هەرێمی كوردستانیان هەیە.

هاوكات لە بەغدا لیژنەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەیوەست بە هەمواری دەستوور لە كۆبوونەوەدایە.

كۆبوونەوەى لیژنەی هەمواری دەستوور.

كاتژمێر 10ی بەیانیی ئەمڕۆ كۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان بۆ تاووتوێی پێشهاتەكانی عێراق و پرسی هەمواركردنی دەستوور دەستی پێ‌ كرد و پاش نزیكەی یەك كاتژمێر كۆتایی پێ‌ هات.

لە كۆبوونەوەكەدا، سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان جەختیان لە یەكدەنگی و یەكهەڵوێستیی كورد لەم قۆناغەدا كردووەتەوە و دەڵێن "بە هیچ شێوەیەك پەرتەوازەیی قبووڵ ناكرێت".

هەروەها سێ‌ سەرۆكایەتییەكە ڕایانگەیاندووە "هەرێمی كوردستان بە هیچ جۆرێك لەگەڵ دەستكاریكردنی دەستوور نییە".

بڕیاری دووەمی كۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكە لەبارەی دەستووری عێراقە، بڕیاری كۆبوونەوەكە لەوبارەیەوە ئەوەیە: كە هەرێمی كوردستان بەهیچ جۆرێك لەگەڵ دەستكاریكردنی دەستوور نییە، لە لە ئەگەری هەمواركردن و دەستكاریكردنی دەستووریشدا، سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم مەرجی پاراستنی فیدراڵیەتی هەرێمی كوردستانیان هەیە و بە مافێكی سازش لەسەر نەكراو ناویان بردووە.

"ئەگەر بڕیاری هەمواركردن و دەستكاریكردنی دەستوور درا، ئەوا مەرجی هەرێمی كوردستان ئەوەیە فیدراڵیەتی هەرێمی كوردستان و هەر هەرێمێكی دیكەی فیدراڵ كە لە داهاتوودا لە عێراق دروست ببێت، پارێزراو بێت و سازش لەسەر ئەوە ناكرێت"، سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم وا دەڵێن.

پاش كۆبوونەوەی سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان، لە كاتژمێر 11 كۆبوونەوەی كەسی یەكەمی حیزبە كوردستانییەكان و سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم بە ئامادەیی د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق دەستی پێ‌ كرد.

كۆبوونەوەكە بۆ گفتوگۆكردنە لەسەر هەمان پرسی پێشهاتەكانی عێراق و بە تایبەتیش هەڵوێستی كورد دەربارەی هەمواركردنەوەی دەستوور.