پەرەگراف
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێت، پەكەكە ویستوویەتی شەرعییەتی خۆی لەڕێی كوردەكانی سووریاوە وەربگرێت، ئەوەش بە سیاسەتێكی "هەڵە"ی پەكەكە ناودەباتو بەهۆكاری ئەو دۆخەی دەزانێت كە ئێستا لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕوودەدات و بەڵاو بەدبەختیی بۆ كوردانی سووریا هێنا كە مەبەستی هێرشو پەلامارەكانی توركیاو گروپەكانی سەربەو وڵاتەیە.
سەرۆكی هەرێم لە وتارێكدا كە لە دیداری مێری لە هەولێر پێشكەشی كرد، ئاماژەی بە خەباتو بەرخۆدانەكانی ڕۆژئاوای كوردستان كرد لە شەڕی داعشو ئەوەی خستە ڕوو، پێویستە دوور لە عاتیفە كورد هەڵەكانی خۆی ببینێت، "خۆمان لە كوێ هەڵەمان كرد؟ ئەگەر هەڵەكانی خۆمان بەڕێكوپێكی دیراسە بكەین بۆ هەنگاوەكانی داهاتوو دەتوانین بە دیققەت بین".
نێچیرڤان بارزانی باسیلەو پەیوەندییانە كرد كە لەگەڵ كوردانی سووریا، توركیاو ڕووسیاو ئێران هەیبووە لەبارەی دۆخی ڕۆژئاوای كوردستان، وتی "لەناو هەموو مەوزوعەكانی دۆخی سووریا بووم، كێشەی توركیا بە هیچ شێوەیەك كورد نەبوو لە سوریا بەڵكو پەكەكە بوو، توركیا ڕوون بوو لە دەربڕینی یەك ڕا كە -ناتوانین تەحەمولی ئاڵای پەكەكە بكەین لە سنووری خۆمان لە سووریا-، ئەم ڕایەیان بەردەوام بە ئێمە وتووەو ئێمەش بەردەوام هەوڵمانداوە بریانمان لە سووریا تێبگەیەنین كە ئەمە خەتەرێكی گەورەیە".
نێچیرڤان بارزانی وتیشی، ئەوكاتە پارتی پەیوەندییەكی باشی نەبووە لەگەڵ پەیەدە، "هەتا توركەكان وتیان حەزدەكەین ناوبژیی بكەینو ئێمە یەك داوامان لە كوردەكان هەیە كە خۆیان جیابكەنەوە لە پەكەكە. گەورەترین كێشە ئەوەبوو كە بەداخەوە بەداخەوە پەكەكە هەوڵیدا شەرعییەتی خۆی وەربگرێت لە ڕێگەی كوردەكانی سووریاوە، ئەم بەڵاو بەدبەختییەی كە بەسەر كوردەكان لەوێ هات لەئەنجامی ئەو سیاسەتە هەڵەیەبوو كە پەیڕەو كرا".
سەرۆكی هەرێم ئاماژەی بەوەشكرد پەیوەندیی بەردەوامی لەگەڵ مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هەسەدە هەیەو بینیویشیەتی، وتی، بەرلەوەی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سەردانی هەرێم بكات ئەو قسەی لەگەڵ جەنەڕاڵ مەزڵوم كردووەو باسی لەوە كردووە كە هەسەدە گفتوگۆ لەگەڵ سووریا بكات، "جەنەڕاڵ مەزڵوم وتی تەواوەو دەتوانن ئەم داوایە لە ڕوسیا بكەن، منیش ئەو داوایەم لە لاڤرۆڤ كرد هەوڵبدات بۆ چارەسەرێكی ئاشتییانە لەگەڵ دیمەشق كە بتوانێت كێشەكانی كورد لە ناوخۆی سوریا چارەسەر بكات".
"ئەو قسانەی پێویست بووە لەگەڵ جەنەڕاڵ مەزڵوم بیكەین كردومانەو ئەوەی پێمانوابووە زەرورییە گوێی لێبێت گوێی لێبووە. بەپێی ئەزموونی خۆمان هەوڵدەدەین ئەوەی باشە بۆ ئەوان ئەو ڕێگایەیان پیشان بدەین. زۆر ڕاشكاو و ڕاستگۆبووین لەگەڵیانو بەردەوام دەبینو ئەوەی پێمان بكرێت بۆ یارمەتیدانیان كردوومانەو بەردەوام دەبین" نێچیرڤان بارزانی وای وت.
لەبارەی نیگەرانییەكانی هەرێمی كوردستان لە هێرشەكانی توركیا بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان، نێچیرڤان بارزانی باسی لە سێ خاڵ كرد، وتی"نیگەرانیی ئێمە لە توركیا، یەكەم شت ئەو هێزانەن كە لەگەڵ توركیانو لە هاتنیان بۆ عەفرین شتی زۆر خراپ ڕوویداو ئێمە بەجددی نیگەرانین لە دووبارە بوونەوەی ئەو دۆخە، هەروەها ئێمە نیگەرانیشین لە هاتنی ئاوارەی نوێ بۆ هەرێم. نیگەرانییەكی تری زۆر جددی ئێمە پرسی داعشەو پێمان وانییە داعشو فكری داعش كۆتایی هاتبێتو ئێستاش مەترسییەكی جدییە لەسەر كوردستانو عێراق".
سەرۆكی هەرێم ئەوەشی خستە ڕوو، هەوڵەكانیان بەردەوام دەبێتو ئەوەی پێیان بكرێت بۆ دۆخی ڕۆژئاوای كوردستان دەیكەنو تەئكید لە چارەسەری ئاشتییانە دەكەنەوە، "لە هەموو دیدارەكانمان لەگەڵ بەرپرسانی توركیا ئەو پرسەمان فەرامۆش نەكردووە كە كێشەی كورد بە ئاشتییانەو دوور لە توندوتیژی چارەسەر بكرێتو چارەسەری سەربازیی بۆ نییەو بەو ڕێگایە ناكرێت".