گۆڕان خۆی ڕێكدەخاتەوە؛ ڕێكخەر بۆ سێ ژوور دیاریكران

09-11-2019 06:13
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان. وێنە؛ بڕیار نامیق


پەرەگراف

جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا ڕێكخەری بۆ سێ ژووری بزووتنەوەكە دیاریی كرد‌و هەڵسەنگاندنی بۆ كارەكانی حكومەتی هەرێم‌و ڕێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت كرد.

ئەوە یەكەم كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕانە لە دوای هەڵبژاردنی خانەی نوێی ڕاپەڕاندن، لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا هەریەكە لە كاوە عەبدوڵا وەك ڕێكخەری ژوری حكومەت، د.محەمەد شوانی وەك ڕێكخەری ژوری ناوچە دابڕاوەكان و دلێر عەبدولخالق وەك ڕێكخەری ژوری ڕۆژنامەوانیی گۆڕان دیاریكران، ئەو سێ كەسە ڕاستەوخۆ دەبنە ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان كە بەرزترین دامەزراوەی بڕیاردانی بزووتنەوەكەیە.

برزۆ مەجید، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەی خستەڕوو، وتی "هەڵسەنگاندنی سەرەتایی كرا بۆ كارەكانی حكومەت‌و دەرگای هەڵسەنگاندن بە كراوەیی هێڵرایەوە، هەروەها بۆ قسەكردن لەبارەی چۆنیەتی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت بڕیاردرا ئەو تەوەرەش بە كراوەیی بهێڵرێتەوە تا كۆتاییەكانی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەكان".

ئەو ئەندامەی خانەی ڕاپەڕاندن باسیلەوەش كرد، بۆ هەندێك كاروباری ناوخۆیی بڕیاری پێویست وەرگیراون‌و لەگەڵ دانانی سێ ڕێكخەری ژوور، هاوكات ژوری پەرلەمان و حكومەت كراوە بە دو ژور.

دلێر عەبدولخالق ڕێكخەری ژوری ڕۆژنامەوانیی گۆڕان - كاوە عەبدوڵا ڕێكخەری ژوری حكومەت - د.محەمەد شوانی ڕێكخەری ژوری ناوچە دابڕاوەكان

كۆبونەوەكانی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان دریژەی دەبێت و بڕیارە هەفتەی ئایندە لەسەر پرسە ناوخۆییەكان بڕیاری دیكە بدات، برزۆ مەجید وتی"سەبارەت بە كاروباری ناوخۆیی و بەستنی كۆنفرانسی نیشتیمانی و پێكهێنانی لیژنە باڵاكان و لیژنەكانی دیكە بۆ كۆنفرانسەكە و دواتر هەڵبژاردنی ناوخۆیی، بڕیاردرا لە بەشی دوەمی كۆبونەوەكانی جڤای نیشتیمانی و لە هەفتەكانی داهاتودا گفتوگۆی زیاتری لەبارەوە بكرێت و بڕیاریان لەبارەوە دەدرێت".

كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی گۆڕان هاوكاتە لەگەڵ خۆپیشاندانەكانی عێراق‌و داوای چاكسازیی‌و گۆڕانكاریی، لە كۆبونەوەكەدا فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاپۆرتێكی لەبارەی باردودۆخی عێراق خستووەتە ڕوو، گۆڕان پشتیوانیی خۆپیشاندانی هاوڵاتیان بۆ داواكارییەكانیان دەكات، لە هەمانكاندا جەخت دەكاتەوە كە پێویستە دەسەڵاتەكان چاكسازیی بكەن و داوای خۆپیشاندەران جێبەجێ بكەن.

"گۆڕان وەك مەبدەئی نیشتیمانی خۆی، یەكڕیزیی هێز و لایەنە سیاسییەكانی بە گرنگ زانیوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو دۆخە و هەر دۆخێكی دیكە، لەوە گرنگتر یەكڕیزیی و مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا، بەندە بە شەراكەتی ڕاستەقینە و یەكڕیزیی لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان، چەند شەراكەت و یەك گوتاریی لەناوخۆی هەرێم پتەوبێت ئەوەندەش ڕەنگدەداتەوە لەسەر یەكڕیزیی لایەنەكان لەسەرجەم پرسەكاندا" برزۆ مەجید وای وت.