خۆپیشاندانی سەتاسەری دژی گرانبوونی بەنزین بۆ سێیەم ڕۆژ لە ئێران بەردەوامە

17-11-2019 02:47

پەرەگراف

خۆپیشاندانی سەتاسەری دژی بڕیاری بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین بۆ سێیەم ڕۆژ لە ئێران بەردەوامە و خامنەیی پاڵپشتیی بۆ بڕیارەكە ڕاگەیاند. كوژرانی بەرپرسێكی هێزە ئەمنییەكانی كرماشان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە ڕاگەیەندرا و پەرلەمانتارێكیش دەستی لە كار كێشایەوە.

ماوەی سێ‌ ڕۆژە لە دەیان شار و شارۆچكەی ئێران بە ڕۆژهەڵاتی كوردستانیشەوە، خۆپیشاندانی بەرفراوان دژی بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین بۆ سێ‌ هێندەی نرخی پێشووی بەردەوامە.

ئەمڕۆ لە تارانی پایتەخت و شار و شارۆچكەكانی كرماشان، سنە، تەبرێز، شەهریار، ماهشەهر، كەرەج، شیراز، داراب، گورگان، بوشەهر و چەندین ناوچەی دیكە خۆپیشاندان دەستی پێ‌ كردووەتەوە.

بە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، هێڵی ئینتەرنێت لە زۆرینەی ناوچەكانی ئێران پچڕێندراوە، بەو هۆیەوە زانیاری سەبارەت بە خۆپیشاندانەكان و گرتەی ڤیدیۆیی خۆپیشاندان، كەمتر لە ڕۆژدانی دیكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو دەبنەوە.

ئەمڕۆ لە شاری كرماشانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ڕووبەڕوو بوونەوەی توند لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەنییەكان دروست بووە.

‏ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو كە چاودێریی ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكات، بڵاوی كردەوە "بەرپرسێكی هێزە ئەمنییەكانی حكوومەتی ئێران بە ناوی ئیرەج جەواهری، بە دەستی خەڵكی كرماشان كوژرا".

محەمەدڕەزا ئامویی، فەرماندەی هێزە ئەمنییەكانی پارێزگای كرماشان، كوژرانی ئەو بەرپرسە ئەمنییەی بە پلەی "سەرگورد" پشتڕاست كردەوە دەڵێت "ڕۆژی شەممە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خۆپیشاندەران كوژراوە".

خۆپیشاندانی ئەمڕۆی شاری كرماشان.

هەروەها لە بازاڕی گەورەی تاران و گەڕەكی تارانپارس و ناوچەكانی دیكەی تارانی پایتەخت خۆپیشاندان سەری هەڵداوەتەوە.

بەپێی میدیاكان، لە تارانپارس هەریەك لە بانكی سادیرات و سینا سووتێندراون. لە بوشهەریش بەنزینخانەیەك لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە سووتێندراوە.

خۆپیشاندانی ئەمڕۆی شاری سنە.

هاوكات لە زانكۆی تەبرێز قوتابیانی زانكۆ دەستیان بە خۆپیشاندان كردووە. لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش خۆپیشاندەران لە مەیدانی ئیقباڵی شارەكە كۆبوونەتەوە و هێزێكی ئەمنیی زۆر لە ناوچەكە بڵاوەی پێ كراوە.

لە كاردانەوەی خۆپیشاندانەكاندا، مەحموود سادقی، نوێنەری تارانی پایتەخت لە پەرلەمانی ئێران و ئەندامی فراكسیۆنی ئومێد، ڕایگەیاند لە كاردانەوەی بەرزكردنەوەی نرخی بەنزیندا دەست لە كار دەكێشێتەوە.

هاوكات مەحموود شاهنشین، نوێنەری شەهریار لە پەرلەمانی ئێران، دەڵێت "لە خۆپیشاندانەكانی ڕۆژی شەممەی شەهریار، كەسێك لە ئەنجامی بەركەوتنی بەرد گیانی لەدەست داوە".

بەیانیی ئەمڕۆ عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، دەربارەی بڕیاری بەرزكرنەوەی نرخی بەنزین، ڕایگەیاند "گوتبووم ئەگەر سەرۆكایەتیی سێ‌ دەسەڵاتەكە بڕیار بدەن، من پاڵپشتیی دەكەم".

ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە ئاگاداربوونی لە بڕیارەكە، ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەو شارەزایی لەو بوارەدا نییە و خاوەنی بۆچوون نەبووە، بەڵام جەخت لەوە دەكاتەوە بڕیاری سێ‌ سەرۆكایەتییەكە بۆ بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین "لە ڕووی شارەزاییەوە بووە" و "دەبێت جێبەجێ‌ بكرێت".

سەبارەت بە خۆپیشاندانەكانی ئێران، خامنەیی دانی بە "گیانلەدەستدان و برینداربوونی ژماەیەك كەس"دا نا و سووتاندنی بانك و دامودەزگاكانی حكوومەتی بە كاری "شەڕانگێزەكان" ناو برد. لەو ڕووەشەوە داوای لە هێزە ئەمنییەكان كردووە "بە ئەركی خۆیان هەڵسن".

عەلی خامنەیی خۆپیشاندانەكانی دایە پاڵ "دژە شۆڕشەكان و دوژمنانی ئێران" و دەڵێت "ئەوان هەمیشە پاڵپشتی لەم كارە تێكدەرانانە دەكەن و ئێستاش خەریكی ئەوەن".

داوای لە خەڵكی ئێرانیش كرد كە "بزانن ئەو ڕووداوە تێكدەرانانە لەلایەن كێوەن و خۆیانی لێ‌ بە دوور بگرن".

لە خۆپیشاندانەكانی دوو ڕۆژی ڕابردووی ئێراندا، سەدان خۆپیشاندەر كوژراون و بریندار بوون.

بەپێی نوێترین ئاماری ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە خۆپیشاندانەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا "26 كەس خۆپیشاندەر كوژراون و 147ی دیكە بریندار بوون".

"14 خۆپیشاندەر لە جوانڕۆ، شەشە خۆپیشاندەر لە مەریوان، پێنج خۆپیشاندەر لە كرماشان و خۆپیشاندەرێكیش لە سنە كوژراون"، هەنگاو وا دەڵێت.