مەسرور بارزانی دەربارەی كڕینی ڤێلایەك لە ئەمریكا بێدەنگیی شكاند

17-11-2019 03:09


پەرەگراف

نوسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەواڵی ماڵپەڕێكی ئەمریكی ڕەتدەكاتەوە لەبارەی كڕینی ڤێلایەك لە ئەمریكا.

لە ڕوونكردنەوەیەكدا نوسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت، دەڵێت"لەم چەند رۆژەی دواییدا، هەواڵێكی ناڕاست لە سایتێكی ئەمەریكی بڵاوكرابوویەوە و بە شێوەیەكی ناڕەوا، ناوی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بابەتی كڕینی ڤیلایێكەوە لكێندرابوو. بەداخەوە هەندێ سایت و میدیای ناوخۆش بە شێوەیەكی چەواشەكارانە پەرەیان بەو هەواڵە ناڕاستە داوە. ئێمە لە نووسینگەی سەرۆكی حكوومەت، سەر لەبەری ئەو هەواڵە رەتدەكەینەوە و، رێكاری یاساییش بەرامبەر بەو چەواشەكارییانە دەگرینەبەر".

ڕوونكردنەوەكە دوای ئەوەدێت ڕۆژنامەنووسێكی تایبەتمەندی بواری ئاشكراكردنی خاوەنی ڤێلا گرانبەهاكانی ئەمەریكا بابەتێكی بڵاوكردەوە كە تێیدا باسلەوە دەكات، چەند كەسێك لە بنەماڵەی بارزانی بەم دواییانە دوو ڤێلای گرانبەهایان لە ئەمریكا بە بەهای 47 ملیۆن دۆلار كڕیوە.

ڕۆژنامەنووسەكە وردەكاریی مامەڵەی كڕینی ڤێلاكان‌و تایبەتمەندیی ڤێلاكانی بڵاوكردەوەو لە بەدواداچوونەكەیدا ئەوەی خستووەتە ڕوو، دوای قووڵبوونەوە لە تۆمارەكاندا، بۆی دەردەكەوێت كە ناوێك هەیە پەیوەستە بەكڕینی هەردوو ڤێلاكەوە، ئەویش هەڤاڵ دۆسكی-یە، كە كەسێكی دانیشتووی ویلایەتی ڤێرجینیایە و بەڕەگەز كوردە و پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ هەریەك لە مەنسور و مەسرور بارزانی كوڕانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان هەیە.