دواین ئاماری كوژراوانی خۆپیشاندانەكان لە ڕۆژهەڵات‌و ئێران

19-11-2019 07:21
خۆپیشاندەران لە تارانی پایتەخت


پەرەگراف

ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دواین ئاماری كوژراوانی خۆپیشاندانەكانی ئێرانی بڵاوكردەوەو دەڵێت، لانیكەم 106 كەس لە 21 شار كوژراون.

بەپێی ئامارەكەی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە پارێزگای كرماشان 30 كەس‌و لە سنە 10 كەس كوژراون.

ئەو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییە پێیوایە ژمارەی كوژراوان لەوە زیاترەو بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بەوان گەیشتووە ژمارەكە دەگاتە 200 كەس، بەڵام پشتڕاست نەكراونەتەوە.

ئامارەكەی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئەوەدەخاتە ڕوو، زۆرترین كوژراو لە پارێزگای خوزستانە كە 35 كەسەو دواتر كرماشان‌و پاشان سنە دێن، پاش ئەوانیش لە تاران 9 كەس‌و لە پارێزگای فارس 6 كەس كوژراون‌و پارێزگاكانی دیكەش لەو ژمارانە كەمتر كوژراویان هەیە.

خۆپیشاندانەكانی ئێران لە پێنج هەمین ڕۆژیدایەو ڕۆژنامەیەكی نزیك لە ڕابەری باڵای ئەو وڵاتە ئەمڕۆ لە زاری بەرپرسانی دادگاوە هەڕەشەی "لەسێدارەدان"ی خۆپیشاندەرانی بڵاوكردەوە. ڕۆژنامەكە دەڵێت "بەشێك لە خۆپیشاندەران ئێرانی نین و بە زمانی غەیری فارسی قسە دەكەن".

ڕۆژنامەی (كەیهان)ی ئێرانی كە لەژێر چاودێریی نوێنەری عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێراندا بڵاو دەكرێتەوە، لە ژمارەی ئەمڕۆیدا خۆپیشاندەرانی ئێرانی بە "ئاژاوەگێڕی بەكرێگیراو" ناو بردووە.

ڕۆژنامەكە دەڵێت "هەندێك لە دەستگیركراوەكان لە دانپێدانانەكاندا گوتوویانە: بڕیار بووە ئەگەر ئاشكرا بووین، پەیوەندی بە سەرووی خۆمانەوە بكەین بۆ ئەوەی لە وڵات بچینە دەرەوە. ئەگەریش ئاشكرا نەبووین، بڕێك پارە وەربگرین و بۆ پشێوییەكانی دواتر ئامادە بین. هەروەها ئەو كەسانە بۆ ناو خۆمان ڕابكێشین كە ئەگەری هەیە هاوكارمان بن".

كەیهان خۆپیشاندانەكانی ئەم چەند ڕۆژەی بە "ئاژاوە" ناو بردووە و لە زاری سەرچاوەكانی دادگاوە، سزای "شەرعی و یاسایی سەركردەكان"ی خۆپیشاندانەكانی بە "لەسێدارەدان" ڕگەیاندووە.

پێشتریش پارێزگارەكانی تاران، یەزد، ئازەربایجانی شەرقی و پارێزگاری چەند پارێزگایەكی دیكەش، خۆپیشاندەرانیان بە "بێگانە" ناو بردبوو.

كەیهان لە زاری ئیستیوار میمەندی، بەڕێوەبەری حەوزەی زانستیی پارێزگای فارسەوە دەڵێت "لەناو پشێوییەكاندا كەسانێك هەبوون كە دەمامكیان پۆشیوە و دەمانچەیان پێ‌ بووە. هەندێك لە ئاژاوەگێڕەكان ئێرانی نەبوون و بە زمانی غەیری فارسی قسەیان كردووە".

هەروەها ڕۆژنامەكەی نزیك لە خامنەیی ئاماژە بە هێرشی خۆپیشاندەران بۆ سەر حەوزە زانستییەكان دەكات و نووسیویەتی "لە شارەكانی كازرون، شیراز و موسەڵای شاری قودس، قەڵای حەسەن خان، قورئانەكانیان سووتاندووە و لە هەندێك ناوچە هێرشیان كردووەتە سەر مزگەوت و ناوەندە زانستییەكان".

لە ئێوارەی ڕۆژی هەینیی ڕابردووەوە خۆپیشاندان لە شار و شارۆچكەكانی ئێران بە ڕۆژهەڵاتی كوردستانیشەوە دژی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بۆ سێ‌ هێندەی پێشتر دەستی پێ‌ كردووە‌و زیانی زۆری گیانی‌و ماددی لێكەوتووەتەوە.

بەپێی ئامارەكان زۆرترین قوربانییەكان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بوون، بە جۆرێك ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەڵێت، بەپێی ئاماری تۆماركراو لەلایەن ناوەندی ئاماری ڕێكخراوەكەوە، "45 كەس كوژراون و ناسنامەی 20 كەسیان تا ئێستا ئاشكرا كراوە".

هەنگاو كە چاودێری ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكات، لە نوێترین ئاماردا ڕایگەیاندووە "لە خۆپیشاندانەكانی دوو ڕۆژی شەممە و یەكشەممەدا، بە لای كەمەوە 45 خۆپیشاندەر لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی سوپای پاسداران كوژراون و زیاتر لە 500ی دیكەش بریندار بوون".

ئاماری خۆپیشاندەرە كوژراوەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەپێی شارەكان بەم جۆرەیە:

جوانڕۆ: 15 كەس

ناسنامەی حەوت كەسیان ئاشكرا كراوە "كاوە محەمەدی، حەمزە نەقدی، ئیبراهیم مورادی، عەزیز، موبین عەبدوڵڵاهی، جەبار تیجارە و یونس هۆشەنگی".

مەریوان: هەشت كەس

ناسنامەی شەش كەسیان ئاشكرا كراوە "عوسمان نادری، میهران تاك، شاهۆ وەلیدی، بیهرووز مولكی، ئیدریس بیوارە و دانیاڵ ئیستیواری".

كرماشان: 15 كەس

ناسنامەی سێ‌ كەسیان ئاشكرا كراوە "محەمەد میرزایی، نادر بیرانود و موزەفەر زەهیری".

بۆكان: پێنج كەس

ناسنامەی سیانیان ئاشكرا كراوە "شلێر دادوەند، هیوا و ئیدریس".

هەروەها لە شاری سەقز كەسێك بە ناوی "مینا شیخی" كوژراوە و لە شاری سنەیش خۆپیشاندەرێك كوژراوە كە ناسنامەكەی ئاشكرا نەبووە.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەڵێت "بە لای كەمەوە چوار كەس لە ڕیزی هێزە ئەمنییەكان لە كرماشان و مەریوان و جوانڕۆ، لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە كوژراون. زیاتر لە 300 كەسیش لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە دەستگیر كراون".