ڕێككەوتنی سەركردە سیاسییەكان بۆ كۆتاییهێنان بە خۆپیشاندەكانی عێراق ئاشكرا دەكرێت

25-11-2019 02:15

پەرەگراف

كۆمیسیۆنی مافەكانی مرۆڤی عێراق، ئاماری قوربانیان و ڕووداوەكانی 21 تا 24-11-2019ی خۆپیشاندانەكانی عێراقی بڵاو كردەوە و دەڵێت "11 خۆپیشاندەر لە سێ‌ پارێزگا كوژراون".

هاوكات بەشی فارسیی ماڵپەڕی ئیندیپێندتی بەریتانی باس لە پلانی هاوبەشی حكوومەت و سەركردە سیاسی و كەسایەتییە ئایینییەكان بۆ كۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەكانی عێراق دەكات.

هەر ئەمڕۆیش عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، لەگەڵ سەركردە سەربازییەكان و ژمارەیەك لە وەزیرەكان، سەردانی شاری ناسریەی کرد كە ئەو شارە دوێنێ‌ تا درەنگانێكی شەویش زۆرترین توندووتیژیی بەخۆوە بینی.

كۆمیسیۆنی مافەكانی مرۆڤی عێراق دەڵێت "بەهۆی بەردەوامیی توندووتیژییەكانی هێزە ئەمنییەكان دژ بە خۆپیشاندەران، لە بەغدا خۆپیشاندەرێك شەهید بووە و 68ی دیكە بریندار بوون. لە پارێزگای بەسرەیش سێ‌ خۆپیشاندەر شەهید و 90ی دیكە بریندار بوون".

زۆرترین توندووتیژی پێكدادانەكانی ئەم چەند ڕۆژە لە پارێزگای زیقاری باشووری عێراق بووە، بە تایبەتیش لە شاری ناسریەی ناوەندی پارێزگاكە.

بەپێی ئاماری كۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ، لە پارێزگای زیقار "حەوت خۆپیساندەر شەهید و 131ی دیكە بریندار" بوون.

هاوكات دەستگیركردنی خۆپیشاندەران بەردەوامە و تەنیا لە بەغدا پایتەخت "93" خۆپیشاندەر دەستگیر كراون، لەو ژمارەیەش تەنیا "14"یان ئازاد كراون. هاوكات لە بەسرە "38" و زیقار "22" و كەربەلا "34" خۆپیشاندەر دەستگیر كراون.

كۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤی عێراق داوای لە هێزە ئەمنییەكان كردووە بە شێوەیەكی نایاسایی خۆپیشاندەران دەستگیر نەكەن. داوا لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریش دەكات ئەو خۆپیشاندەرانە ئازاد بكات كە لە "خۆپیشاندانی ئاشتییانە"دا دەستگیر كراون.

هاوكات ئاماژەی بەوە كردووە كە خۆپیشاندەران بە "مۆلۆتۆڤ" هێرشیان كردووەتە سەر هێزە ئەمنییەكان و ژمارەیەك بینا و شوێنی بازرگانییان لە گۆڕەپانی خەلانی و شەقامی ڕەشیدی بەغدا سووتاندووە. لە زیقاریش بینای بەڕێوەبەرایەتیی كاروباری عەشائیر سووتێندراوە. ئەو ڕێگایانەی بۆ بیرە نەوتەكان دەچن لە پارێزگاكانی میسان و واست و بەسرە و ڕێگای مینای ئوم قەسر و ژمارەیەك پردی ناو پارێزگاكانیش، چەند جارێك داخراون.

كۆمیسیۆنەكە باس لەوە دەكات هێشتا سكاڵاكان لەبارەی ڕفاندنی چالاكان، میدیاكاران، پارێزەر و بازرگانەكان لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە بەردەوامە.

لە لایەكی دیكەوە بەشی فارسیی ماڵپەڕی ئیندیپێندتی بەریتانی لە زاری چالاكانی عێراقییەوە بڵاوی كردووەتەوە كە "لە كۆبوونەوەیەكدا كە لە ماڵی عەمار حەكیم، سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی بەڕێوە چووە، سەركردە سیاسییەكانی عێراق و كەسایەتییە ئایینییە دیارەكان لەسەر كۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەكان ڕێككەوتوون".

"بڕیارە بە هەر نرخێك بێت، كۆتایی بە خۆپیشاندانەكان بهێنرێت. هێزە ئەمنییەكان بڵاوە بە خۆپیشاندەران بكەن و ڕێگری لە كۆبوونەوەی خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانە گەورەكانی شارەكان بكەن"، ماڵپەڕەكە وا دەڵێت.

هەروەها ئاماژەی بەوەش كردووە كە "عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق، ڕەزامەندیی لەسەر كۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەكانی دەربڕیوە، بەڵام بە مەرجی ڕوونەدانی كوشتار و خوێنڕێژی".

بەپێی ئامارەكان تا ئێستا زیاتر لە 350 كەس لە خۆپیشاندانەكانی عێراقدا كوژراون و زیاتر لە 17 هەزار كەسیش بریندار بوون، بەڵام هەندێك سەرچاوەی نافەمی و باس لە كوژرانی نزیكەی 600 خۆپیشاندەر دەكەن.