نێچیرڤان بارزانی هەوڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی گۆڕان و یەكێتی دەدات

26-11-2019 01:44
وێنە؛ بڕیار نامیق.

پەرەگراف

ڕاوێژكاری سەرۆكی هەرێم ڕایگەیاند كە سەردانی شاندی سەرۆكایەتیی هەرێم بۆ لای گۆڕان و یەكێتی پەیوەست بووە بە "یەكگوتاریی كورد" و سەردانی لایەنەكانی دیكەش دەكرێت. هاوكات ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی گۆڕان و یەكێتی ئامانجێكی سەرەكیی سەردانەكە بووە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مستەفا سەید قادر و جەعفەر شێخ مستەفا، جێگرانی سەرۆكی هەرێم، سەردانی شاری سلێمانییان كرد و لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نیشتمانی كۆبوونەوە.

دڵشاد شەهاب، ڕاوێژكاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەبارەت بە ئامانجی سەردانەكە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "لەو بارودۆخەی كە هەرێم و بە تایبەتیش عێراقی پێدا تێپەڕ دەبێت، خەڵكی هەرێمی كوردستان چاوەڕوانی یەكگوتاری لە لایەنە سیاسییەكان دەكەن و سەرۆكایەتیی هەرێمیش دەستی داوەتە ئەو ئەركە. بۆ ئەوەی هەنگاوەكانی ئەو پرۆسەیە بەردەوامییان هەبێت، سەرۆكی هەرێم و جێگرەكانی سەردانیان بۆ لای لایەنەكان دەست پێ‌ كردووە".

دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوەش كرد كە سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ دوو ئامانج بووە، سوپاسی لایەنەكان بكات بۆ بەدەنگەوەهاتن بۆ پرسی یەكگوتاریی كورد، هەروەها گفتوگۆكانی ئەو پرۆسەیە بەردەوام بن.

بۆ هەمان مەبەستیش، لە ڕۆژانی ئایندەدا "ئەم سەردانانە بەردەوام دەبن و سەردانی لایەنەكانی دیكەش دەكرێت".

"لە كۆبوونەوەكان لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان، قسەی دڵخۆشكەر كران و جەخت كرایەوە كە دەبێت هەموو تواناكان یەك بخرێن بۆ پاڵپشتیی پرۆسەی پەیوەندییەكی باش لە نێوان هەرێم و حكوومەتی فیدراڵی، كە ئامانجی سەرەكی تێدا یەكگوتاریی هەرێمی كوردستان و بەدەستهێنانی مافەكانی خەڵكی هەرێم بێت، لەوانەش مافە داراییەكان لە پرۆژەیاسای بوودجەی عێراقدا"، ڕاوێژكاری سەرۆكی هەرێم وای وت.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مستەفا سەید قادر و جەعفەر شێخ مستەفا، جێگرانی سەرۆكی هەرێم، بە سەردانێك گەیشتنە شاری سلێمانی و لە گردی زەرگەتە لەگەڵ عومەر سەیدعەلی، ڕێكخەری گشتی و بەرپرسانی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوە.

ئامانجێكی سەرەكیی سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتیی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕان بووە. لە كۆبوونەوەی نێوانیشیان گفتوگۆ لەوبارەیەوە كراوە.

بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف، هەر لە كۆبوونەوەكەدا شێخ جەعفەر مستەفا، جێگری سەرۆكی هەرێم، سەبارەت بە هێرشكردنە سەر مەكۆی سەرەكیی بزووتنەوەی گۆڕان لە سەروبەندی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە ناوبراو بە ئەنجامدانی هێرشەكە تۆمەتبار كراوە، داوای لێبوردنی لە سەركردەكانی گۆڕان كردووە و گوتوویەتی كە بۆ ئەو ڕووداوانەی لە ڕابردوودا ڕوویان داوە، داوای لێبوردن دەكات.

داوای لێبوردنەکەی شێخ جەعفەر پەیوەستە بە ڕووداوی تەقەكردن لە مەكۆی سەرەكی گۆڕان لە شەوی 12-5-2019، لە كاتێكدا كە كە ئەندامانی وەفدی كۆبوونەوەی گۆڕان، كۆمەڵ، هاوپەیمانی ‌و یەكگرتوو، لە كۆبوونەوەیەكی بەپەلەدابوون دەربارەی ڕەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

* وردەكاری هێرشكردنەسەر مەكۆی سەرەكی گۆڕان لەلایەن هێزەكەی یەكێتییەوە

نێچیرڤان بازانیی سەرۆكی هەرێم و جێگرەكانی، نانی نیوەڕۆیان لە ماڵی نەوشیروان مستەفا، ڕێكخەری گشتیی كۆچكردووی گۆڕان خواردووە. هەروەها سەردانی مەزارگەی نەوشیروان مستەفایان لە گردی زەرگەتە كرد.

هەر ئەمڕۆیش شاندەكەی سەرۆكایەتیی هەرێم سەردانی یەكێتیی نیشتمانی كرد و لەگەڵ كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتی و سەركردەكانی ئەو حیزبە كۆبوونەوە.