عێراق دوێنێ‌ خوێناویترین ڕۆژی خۆپیشاندانەكانی بەڕێ‌ كردووە

29-11-2019 02:34

پەرەگراف

بەپێی ئامارەكان، دوێنێ‌ عێراق خوێناویترین ڕۆژی خۆپیشاندانەكانی بەڕێ‌ كردووە. دەیان خۆپیشاندەر لە ناسریە، نەجەف و كەربەلا كوژراون و سەدانی دیكە بریندار بوون. حەیدەر عەبادی داوا لە پەرلەمان دەكات لە دانیشتنێكی تایبەتدا متمانە لە حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی وەربگیرێتەوە و حكوومەتێكی نوێی بێلایەن پێك بهێنرێت.

كۆمیسیۆنی مافەكانی مرۆڤی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماری كوژراو و بریندارانی سێ ڕۆژی ڕابردووی خۆپیشاندانەكانی عێراقی بڵاو كردەوە. بەپێی ئامارەكە تەنیا لە پارێزگای زیقار "25" كەس كوژراون و "250" كەسی دیكە بریندار بوون.

هەروەها لە نەجەف "چوار" كەس كوژراون و "354"ی دیكەش بریندار بوون. لە خۆپیشاندانەكانی بەغدایش "دوو" كەس كوژراون، "67" خۆپیشاندەری دیكە بریندار بوون.

هاوكات "50" ئەندامی هێزە ئەمنییەكان نەجەف و "25" لە بەغدا بریندار بوون.

بەڵام بەپێی ئاماری هەندێك لە میدیا عێراقییەكان، ژمارەی خۆپیشاندەرە كوژراوەكان تەنیا لە خۆپیشاندانەكانی دوێنێ‌ 50 كەسی تێپەڕاندووە. بە جۆرێك لە شاری ناسریەی ناوەندی پارێزگای زیقار "32" خۆپیشاندەر و لە نەجەف "16" خۆپیشاندەر و لە بەغدا "چوار" خۆپیشاندەر كوژراون.

بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی نەجەفیش كوژرانی "16" خۆپیشاندەر و برینداربوونی "500" كەسی دیكەی لە خۆپیشاندانەكانی دوێنێدا ڕاگەیاندووە.

لە وتاری ئەمڕۆ هەینیشدا نوێنەری سیستانی لە كەربەلا پەیامی مەرجەعییەتی باڵای ئایینیی خوێندەوە كە داوا دەكات بە خێرایی یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە و وڵات بەرەو هەڵبژاردنێكی پاك‌ و بێگەرد هەنگاو بنێت و ئامادەكاریی بۆ بكرێت.

سیستانی ئاماژە بەوە دەكات، پەرلەمانی عێراق خۆی متمانەی بە حكوومەت داوە ‌و دەبێت پێداچوونەوە بە بڕیارەكانیدا بكات. تەئكیدیش دەكاتەوە كە نابێت عێراق بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دیكتاتۆری.

سیستانی، حكوومەتی عێراق بە "كەمتەرخەم" لە "جێبەجێكردنی داواكاریی خۆپیشاندەران و ڕاگرتنی خوێنڕێژی" تۆمەتبار دەكات.

مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق دووپاتی دەكاتەوە كە كوشتنی ئەو خۆپیشاندەرانەی بە ئاشتییانە هاتوونەتە سەر شەقام، "حەرام"ـە، هاوكات داوا لە خۆپیشاندەران دەكات ڕیزەكانی خۆیان جیابكەنەوە لە خۆپیشاندانەرانی "نائاشتییانە" و "تێكدەران".

هەر ئەمڕۆ حەیدەر عەبادی، سەرۆكی هاوپەیمانیی نەسر و سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێكدا پاڵپشتیی بۆ پەیامەكەی سیستانی ڕاگەیاندووە و هاوكات داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەكات سبەینێ‌ دانیشتنێكی تایبەت بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی و پێكهێنانی حكوومەتێكی نوێ‌ ئەنجام بدات.

هەروەها داوای هەرچی زووە پەسەندكردنی پرۆژەیاسایەكی "دادپەروەرانە"ی هەڵبژارن و پێكهێنانی كۆمیسیۆنێكی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشەوەخت.

"ئەگەر حكوومەت دەست لە كار نەكێشێتەوە، ئەوە سەرەتای كۆتایی عێراقە ‌و ئامۆژگارییەكانم بۆ خۆپیشاندانی ئاشتییانە بێسوود دەبێت، ڕەنگە داوا لە هەموو خۆشەویستان بكەم ئەوانیش خۆپیشاندان بكەن"، ئەمە نوێترین پەیامی موقتەدا سەدرە دەربارەی دۆخی عێراق ‌و خۆپیشاندانەكان كە دوێنێ‌ بڵاوی كردەوە.

ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە بەیاننامەیەكدا كە ئێوارەی دوێنێ‌ بڵاوی كردەوە، جارێكی دیكە داوای گۆڕینی حكوومەت دەكات ‌و پشتیوانیی خۆپیشاندانی ئاشتییانە دەكات. سەدر دەڵێت، ئەو پشتیوانی حكومەتێكی "گەندەڵ" ناكات ‌و لە دژی كارەكانی دەوەستێت ‌و لە سەرەتاوە ماوەی ساڵێك مۆڵەتی داوە بە حكومەت، بەڵام سوودی نەبووە.

"داوا لە لایەنی یەكەم دەكەم كە حكوومەتە، دەست لە كار بكێشێتەوە، بە مەبەستی ڕاگرتنی خوێنڕشتن. داواش لە لایەنی دووەم دەكەم (خۆپیشاندەران) پابەندی ئاكارە گشتییەكانی خۆپیشاندان بن"، سەدر وا دەڵێت.

سەدر دژایەتیی خۆی نیشان دەدات بۆ هێرش‌ و پەلاماری خۆپیشاندەران بۆسەر شوێنە گشتیی‌و تایبەتەكان‌و نوێنەرایەتیی وڵاتان لە عێراق، هاوكات ڕەتی دەكاتەوە سواری شەپۆلی خۆپیشاندانەكان بووبێت‌و هاوسۆزیی بۆ داواكارییەكانی شەقام دەردەبڕێت‌و ئەوە دەخاتە ڕوو، ئیرادەی گەل لە هەمووان گەورەترە.