ڕێكارە دەستوورییەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق چین؟

29-11-2019 07:23

پەرەگراف

پسپۆڕێكی یاسایی و دەستووریی عێراقی دەڵێت: دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكوەزیران لەو كاتەوەی كە ڕایگەیاندووە، بەركارە و پێویستی بە پەسەندكردن لەلایەن پەرلەمان، یان سەرۆككۆمار و هەر لایەنێكی دیكەوە نییە.

تاریق حەرب، پسپۆڕی یاسایی و دەستووریی عێراقی، ئاماژەی بەوەش كردووە كە دەستوور مەرجی پەسەندكردنی بۆ دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكوەزیران دانەناوە و لە ئێستادا عادل عەبدولمەهدی بە دەستلەكاركێشاوە دادەنرێت.

ئەمە لە كاتێكدایە ئێوارەی ئەمڕۆ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، بە پەرۆشییەوە گوێی بۆ گوتارەكەی ئەمڕۆی مەرجەعیەتی باڵا گرتووە و وتی "نووسراوی فەرمیی دەستلەكاركێشانەوەم لە سەرۆكایەتیی حكوومەتی ئێستا بۆ بەڕێز ئەنجوومەنی نوێنەران بەرز دەكەمەوە بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران چاو بە بژاردەكانیدا بگێڕێت".

تاریق حەرب دەڵێت "لە دوای دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكوەزیران، بەپێی ماددەی 64ی دەستوور، تێكڕای وەزیرەكانیش بە دەستلەكاركێشاوە دادەنرێن و نابێت وەكو وەزیر مامەڵە بكەن".

"حكوومەتی ئێستا پاش دەستلەكاركێشانەوەی، دەبێت بە حكوومەتی كاربەڕێكەر، تەنیا دەتوانێن ئەو كارانە ئەنجام بدات كە زۆر پێویستن و كاری ڕۆژانەی هاووڵاتیانن كە ناكرێت دوابخرێن، لەوانە: دابەشكردنی مووچە، بەڵام ناتوانێت پرۆژەیاسا ئامادە بكات، فەرمانبەر دابمەزرێنێت، ڕێككەوتننامە و گرێبەست لەگەڵ هیچ لایەنێك واژوو بكات"، ئەو پسپۆڕەی یاسا و دەستوور وا دەڵێت.

هاوكات سەلیم شووشكەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەبارەت بە ڕاپەڕاندنی كارەكانی عادل عەبدولمەهدی تا كاتی هەڵبژاردنی سەرۆكوەزیرانی نوێ‌، دەڵێت "بەپێی ماددەی ۸۱ لە دەستووری عێراق، سەرۆككۆماری كاروبارەكان ڕادەپەڕێنێت تا ماوەی پازدە ڕۆژ و داوا لە كوتلەی گەورەی ناو پەرلەمان دەكات كەسێك بەربژێر بكات (بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران)، بەپێی ماددەی ۷٦ لە دەستووری عێراق".

بەپێی دەستوور، پێویستە لە ماوەی ئەو 15 ڕۆژەدا، گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان كاندیدی خۆی بۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران پێشكەش بە سەرۆككۆمار بكات، تا ئەویش ڕایبسپێرێت بە پێكهێنانی حكوومەت.

پێویستە كاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەت، لە ماوەی 30 ڕۆژدا پێكهاتەی كابینە حكوومییەكەی و كارنامەكەی ڕابگەیەنێت. دواتر لەلایەن حكوومەتەوە دەنگ بە پێكهاتەی كابینە حكوومییەكە دەدرێت، كە بۆ پەسەندكردنی پێویستی بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی ئامادەبوو هەیە.

تارق حەر ب دەڵێت "ئەگەر لە كۆبوونەوەكەی پەرلەماندا 200 ئەندام ئامادە بن، ئەوا تەنیا 101 دەنگ بەسە بۆ پەسەندكردنی كابینەكە".

لە دوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، بەپێی دەستوور 45 ڕۆژ لەبەردەم پەرلەمان و سەرۆكایەتیی كۆمار و فراكسیۆنەكاندایە كە حكوومەتی نوێ‌ پێكبهێنن.

سەلیم شووشكەیی دەڵێت "لە ڕاستیدا عێراق دوای عادل عەبدولمەهدی ڕووبەڕووی كارەساتی گەورە دەبێتەوە، ئەگەر نەتوانرێ ئەم بۆ شاییانە بە زووی پڕ بكرێنەوە".

"بە ئاسانی نابینم وا بە ئاسانی شوێنی سەرۆكوەزیران پڕ بكرێتەوە، شەڕی ناوخۆ لەناو شیعە ئەگەرێكی بەهیێزە "، ئەو پەرلەمانتارە وا دەڵێت.