ئاسایش كەوتە كەمینەوە؛ چەكدارانی داعش چۆن دزەیانكردە ناو كوڵەجۆ؟

30-11-2019 07:28
شەهیدانی هێرشەكەی شەوی ڕابردووی كوڵەجۆ


پەرەگراف- هەڤاڵ زەنگەنە

چەكدارانی داعش، بە قۆستنەوەی بۆشایی ئەمنی دزەیانكردە ناو ناحیەیەكی ژێر دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان و لە كەمینێكیشدا، بە هاوەن و چەكی جۆراوجۆر، بوونە هۆی شەهیدبونی سێ كارمەندی ئاسایش و برینداربونی ژمارەیەكی تر.

ڕوداوەكە شەوی ڕابردوو، 29ی نۆڤەمبەر بوو، لە ناحیەی كوڵەجۆی سەر بە قەزای كفری، كە دۆسیەی ئەمنی ناوچەكە بە دەست هێزەكانی حكومەتی هەرێمەوەیە، بە تایبەت ئاسایش.

لیوا نەوشیروان ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان بۆ پەرەگراف وتی "كاتژمێر 9ی شەوی ڕابردو داعش دزەیانكردۆتەوە پشتی كوڵەجۆ، لەنێوانی گوندی قەرەبڵاغ و كوڵەجۆ مینێكی چێنراویان دانابوو، ئەو مینە تەقییەوە بە ئۆتۆمبێلێكی ئاسایش دا، چەند گولـلەهاوەنێكیشیان ئاڕاستەی ناو ناحیەی كوڵەجۆ كرد".

لە كوڵەجۆ و بەشێك لە ناوچەكانی تری ژێر دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندی عێراق، لە نزیكی كفری، بۆشایی ئەمنیی هەیە و وایكردووە چەكدارانی داعش جموجۆڵ بكەن.

"لە هێرشەكەی داعشدا، مەفرەزەیەكی هێزەكانی ئاسایش كەوتنە ناو كەمینی چەكدارەكانیانەوە و بەوهۆیەوە، سێ كارمەندمان شەهیدبوون و چوار كارمەندی تریش برینداربوون" لیوا نەوشیروان وای وت.

لە نێو قوربانییەكانی ئەو ڕوداوەدا؛ ڕائید سمكۆ عەلی، بەڕێوەبەری یاریدەدەرێتی ئاسایشی كوڵەجۆ شەهید بوو، ئەوەش دوای ڕەوانەكردنی بۆ نەخۆشخانەكانی سلێمانی بەهۆی سەختی برینەكەیەوە.

هەریەك لە مەحمود جومعە و جومعە عەبد، كارمەندانی ئاسایشی كوڵەجۆ شەهید بون و ژمارەیەك كەسی تر برینداربون، لە نێویاندا دوو منداڵ و ژنێك هەن.

سەرباری ئەو هێرشەی داعش، بەڵام بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان دڵنیایی دا، داعش لە سنوری ئەواندا نابێتە مەترسی بۆ گیانی خەڵك، "ئەوان هیچیان پێ ناكرێـت، تەنها دێن تەڵەیەك دەنێنەوە یان مینێك دادەنێن".

لیوا نەوشیروان ئەحمەد دەڵێت، ناوچەكەی ئەوان، ناوچەیەكی سەربازییە و لە زۆربەی شەڕەكانیشدا بەشدارن، بۆیە پێویستە تەواوی پێداویستییەكانی ڕوبەڕوبونەوە و پاراستنی گیانی كارمەندەكانی ئاسایش فەراهەمبكرێن، كە ئێستا بەشێكیان بەردەست و دابینكراون.

هەرچەندە دوو ساڵ تێپەڕبووە بەسەر ڕاگەیاندنی كۆتایی داعش، بەڵام لە چەندین ناوچە، بە تایبەت هێڵەكانی تەماسی نێوان هێزە ئەمنییەكانی كورد و سوپای عێراقی، ئەو ڕێكخراوە جموجۆڵیان هەیە و ناوبەناو هێرش دەكەنە سەر خەڵك.

جەلال نوری، قائیمقامی قەزای كفری بۆ پەرگراف وتی "ئێمە دەزانین ماوەیەكە ڕۆژ بە ڕۆژ داعش لە سنورەكە جموجۆڵی زیادكردووە، چاودێریشیان دەكرێت لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە، بەڵام ئەوان هەمووكات بەرنامەی نەزۆكیان هەیە و دەیانەوێت دزە بكەنە ناوچەكە و گورزێك لە هێزە ئەمنیەكان بدەن بەتایبەت ئاسایش".

ناحیەی كوڵەجۆ، دانیشتوانەكەی زیاتر لە 5 هەزار و ٣٠٠ كەسن و لە هەزار خێزان پێكهاتون، 36 گوندی لەسەرە و لەڕوی ئیدارییەوە سەر بە قەزای كفریە لە چوارچێوەی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیاندا.

قائیمقامی كفری نەیشاردەوە بەهۆی هاوسنوری لەگەڵ حكومەتی عێراق، بۆشایی ئەمنی هەیە و بەغدا وەك پێویست ناتوانن ئیدارەی ئەو ناوچەیە بدات و ئەمنیەتی بپارێزێت، لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێگەنادات هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگە بچنەوە ئەو سنورە.

پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی تری سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بەدواوە لە زۆربەی ناوچەكانی جێناكۆك كشانەوە و هێزی عێراقی جێی گرتنەوە، بەهۆی ئاڵۆزییەكانی نێوان هەردوو حكومەتی هەولێر و بەغدا لە دەرەنجامی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستاندا، كە سەرباری ناڕەزایی زۆربەی وڵاتانی دونیا لە هەرێم و ناوچەكانی جێناكۆك بۆ سەربەخۆیی ئەنجامدرا.