حكومەتی هەرێم: لەگەڵ بەغداد گەیشتینە ڕێككەوتنی كۆتایی

03-12-2019 03:27
كۆبوونەوەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم‌ لەگەڵ شاندی هەرێم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد


پەرەگراف

حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لەگەڵ حكومەتی ناوەندیی عێراق لەبارەی بودجەوە گەیشتوونەتە ڕێككەوتنی كۆتایی و هیوادارن ڕێككەوتنەكە وەك خۆی جێبەجێ بكرێت.

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ لەگەڵ شاندی حكومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ تایبەت بە پرسی بودجەی 2020 كۆبووەوە، شاندەكەی هەرێم دوو ڕۆژی ڕابردووی بە كۆبوونەوەی چڕ لە بەغداد بەسەربرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، سەرۆك و ئەندامانی شاندەكە، وردەكاری ئەو ڕێككەوتنەیان خستووەتە ڕوو، كە لە ژێر ڕێنمایی و بە چاودێری سەرۆكی حكومەت لە گەڵ وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق لە بارەی بودجەوە ئەنجامدراوە.

"شاندەكە ئاماژەی بەوەدا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە گەڵ وەزارەتی دارایی عێراق گەیشتووەتە دەرئەنجامی كۆتایی لەسەر پڕۆژەی بودجەی 2020. ئەمەش یەكەمجارە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە قۆناخی سەرەتایی ئامادەكردنی ڕەشنووسی بودجەی فیدراڵ بەشدار بێت".

حكومەتی هەرێمی كوردستان، هیوادارە ڕێككەوتنەكە وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت و داواش لە فراكسیۆنە كوردستانییەكان و فراكسیۆنەكانی دیكە لە پەرلەمانی عێراق دەكات، لە قۆناخی داهاتوو كە پڕۆژەی بودجە دەچێتە پەرلەمانی عێراق، هاوكار و پشتیوان بن، لە چەسپاندن و پاراستنی ماف و شایستە داراییە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان.

حكومەتی هەرێم زانیاریی ئاشكرا نەكردووە لەبارەی ناوەڕۆكی ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ بەغداد، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف‌ كە لەسەرچاوەی باڵای كود لە بەغداد دەستی كەوتووە، ڕێككەوتنەكە بە جۆرێكە، هەرێم ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆی عێراق دەكات‌و 200 هەزار بەرمیلی دیكە بە چاودێریی سۆمۆ دەفرۆشێت‌و قەرزی كۆمپانیاكان‌و خەرجیی بەرهەم هێنانی نەوتی لێدەدات، لە بەرامبەردا عێراق پشكی لەسەدا 12 پۆینت 67ی بودجە بۆ هەرێم دەنێرێت.

ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەكان‌و یاریدەدەری ئێستای سەرۆكی حكومەت بۆ وزە بەشدار بوو لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەسرور بارزانی لەگەڵ شاندەكەی هەرێم، هەورامی ماوەیەكی زۆرەو لە دوای دەست بەكار بوونی كابینەی نوێوە لە میدیاكانەوە دەرناكەوێت.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا شێخ باز بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای كار بەشداربوو كە سەرپەرشتی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات، شێخ باز تائێستا بە فەرمیی هەبوونی پۆستی لە كابینەی نوێ ڕانەگەیەندراوە لەگەڵ ئەوەشدا ئەندامی وەفدی هەرێم بوو بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد كە دواجار ڕێككەوتنی كۆتایی لێكەوتەوە.

لەبارەی ڕێككەوتنەكەی هەرێم‌و بەغداد، ئەحمەد حاجی ڕەشید ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باسلەوە دەكات، ڕێككەوتنی نێوان هەرێم‌و بەغداد هێشتا واژوو نەكراوەو ماوەتەوە واژوو بكرێت‌و هەندێك وردەكاریی دیكەی ماوە.

"ئەوەی ڕێككەوتوون لەسەری بریتییە لەوەی كە مووچەی فەرمانبەران وەكو ساڵی پار بمێنێتەوە بە 453 ملیار دینار. ئەوەی گۆڕانكاریی تێدا كراوە پشكی پێشمەرگەیە كە لە 68 ملیار دینارەكەی بوودجەی ساڵی ڕابردوو زیاترە، بڕەكەی ناڵێم لەبەر ئەوەی نەوەكو گۆڕانكاریی بەسەردا بێت" ئەو پەرلەمانتارە بۆ پەرەگراف وا دەڵێت.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید وتیشی، هەرێم ڕازی بووە لەسەر ڕادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت بە كۆمپانیای سۆمۆ، پارەی كۆمپانیاكانی نەوت لەو بڕە نەوتە دەدرێت كە دەمێنێتەوە بۆ هەرێم، "بەڵام حكوومەتی ناوەندی وردبینی لە پارەی كۆمپانیاكانی نەوتدا دەكات پاشان ڕاز دەبێت لەسەری".

لەبارەی پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق، ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمان وتی "بودجە بە لەسەدا 12 و پۆینت 67 ماوەتەوە. لە بودجەی سیادی 15 بڕگە لابراون كە ئەوە بە قازانجی هەرێمە. تێكڕای بوودجەی عێراق 162 تریلیۆنە، كە 48 تریلیۆن كورتهێنانی هەیە و ئەوی دیكەی داهاتە. بە بڕوای من ئەستەمە عێراق ئەو داهاتە بەدەست بهێنێت، بۆیە كورتهێنانەكە زۆر گەورەیە".