حكومەتی هەرێم پڕۆژەی چاكسازیی پەسەند دەكات‌و دەینێرێت بۆ پەرلەمان

09-12-2019 09:34
بە پەسەند كردنی پڕۆژەكە لە پەرلەمان مانگانە بڕە پارەیەكی زۆر بۆ بودجەی گشتیی دەگەڕێتەوە.


پەرەگراف

بڕیارە ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو حكومەتی هەرێم پڕۆژە یاسای چاكسازیی لە موچە و خانەنشینی و دەرماڵەكان پەسەند بكات‌و ڕاستەوخۆ بینێرێت بۆ پەرلەمانی كوردستان، دوای پەسەند كردنیشی ئەوانەی بە نایاسایی خانەنشین كراون، "هەڵدەوەشێنەوە"و مووچەكانیان دەبڕدرێت.

هێڤیدار ئەحمەد جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی‌و ئابوری لە پەرلەمانی كوردستان، لە گفتوگۆیەكدا لە كەناڵی ڕووداو، هۆكاری دواكەوتنی پڕۆژەكەی تا ئێستا بۆ یەكێتی گەڕاندەوە، وتی "دواكەوتنەكەی پەیوەندیی بە یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە بووەو داوایان كردووە موماتەڵەی پێبكرێت"، بەبێ ئەوەی هۆكارەكەی ڕوون بكاتەوە، هێڤیدار وتیشی"ئەمڕۆش كۆبوونەوەی لەبارەوە كراوەو بەڕێز سەرۆكی حكومەت گوتوویەتی دەبێت چوارشەممە پەسەند بكرێت".

جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی‌و ئابوری ئاماژەی بەوەش كرد، بەپێی پڕۆژە یاساكە "ئەوانەی پێشتر بە نایاسایی خانەنشين كراون بە وەزیرو پلەی باڵا هەڵدەوەشێنەوە، هەروەها جیاوازیی مووچە لە نێوان پلەباڵا و مووچە كەمەكان كەمدەكرێتەوە".

یەكێتی و پارتی، تۆمەتبارن بە بڕینەوەی موچە یان دوو موچەیی بۆ هەزاران كادیری ڕێكخستنەكانی خۆیان‌و خانەنشین كردنی چەندین كەسی حیزبیی بە پلەی باڵا‌و لە دەرەوەی یاسا، ئەوەش لەسەر بودجەی حكومەت.

حیزبە سەرەكییەكانی هەرێمی كوردستان، هەریەكە خۆی بە پاڵەوان و خاوەنی ڕاستەقینەی چاكسازی لە موچە و دەرماڵە و خانەنشینیی دەزانێت، لە كاتێكدا هێشتا پڕۆژەكە لە حكومەتەوە ڕەوانەی پەرلەمان نەكراوەتەوە.

دوو ڕۆژ لەمەوبەر مەسرور بارزانی كاتێك ئەنجامی كارەكانی كابینەكەی لە 100 ڕۆژی یەكەمی كاركرندا خستە ڕوو، ڕایگەیاند: لە 100 ڕۆژی كاركردندا قۆناغی باشیان بڕیوەو "دەستكەوتی بەرچاو" بە دەست هاتوون، وتی: پڕۆژەی یاسای چاكسازیی ئامادەیەو ڕەوانەی پەرلەمان دەكرێت.

سەرۆكی حكومەت باسی چاكسازیی‌و ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵیی كردو ئەوەی خستە ڕوو، تاكۆتایی ئەمساڵ داهاتی ناوخۆ لەسەدا 50 زیاد دەكەن‌و گەندەڵییان بەڕادەیەكی بەرچاو سنوردار كردووە‌و كەشێكیان هێناوەتە ئاراوە كە گەندەڵیی تێیدا گەشە ناكات، وتیشی "ڕێكاری تووندمان بەرامبەر بەرتیل دەرو بەرتیل وەرگر گرتووەتەبەر. لەو ماوەیەدا هەوڵ هەبووە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ساردم بكەنەوە، بەڵام من دڵنیایی دەدەم بەردەوام دەبم".

كابینەی پێشووی حكومەت بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، نیوەی تەمەنی بە بەڵێنی ئەنجامدانی چاكسازی گەورە بەڕێكرد لە ڕێی پڕۆژەیەكەوە لە موچە و خانەنشینیدا، بەڵام بێ ئەنجام مایەوە تا حكومەتی نوێی مەسرور بارزانی، كە ئەویش چەند مانگێكە هەمان دروشمی بەرزكردۆتەوە.

لیژنەیەكی هەماهەنگی لە ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانی كوردستان، چەند مانگێكە سەرقاڵی گفتوگۆ و داڕشتنەوەی جارێكیتری پڕۆژە یاساكەن، ئەوەش دوای ئەوەی لە خولی پێشووی پەرلەمان پەسەند كرا، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی خەڵك و بەشێك لە فراكسیۆنەكانەوە، گەڕێندرایەوە بۆ حكومەت.

لایەنە بەشدارەكانی حكومەت دەیانەوێت پڕۆژە یاساكە بەپێی تەوافوقی نێوانیان، بدرێتە دەست پەرلەمانتاران و بەبێ گرفت تێیپەڕێنن.

پڕۆژە یاساكە تایبەتە بە پێداچوونەوە بە موچە، خانەنشینی، دەرماڵە، هەژماركردنی ساڵەكانی خزمەت، بوارەكانی سەربازی، ئاسایشی ناوخۆ، كەسوكاری شەهیدان، زیندانیانی سیاسی، چارەسەری دوو موچەیی.

بەشێك لە لایەنە سیاسییەكانی حكومەت، پێشتر و زیاد لە جارێك، ناڕاستەوخۆ یەكترییان بە دروستكردنی گرفت بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژە یاساكە تۆمەتباركردووە، بە تایبەت كە دەست دەبات بۆ كەمكردنەوەی ئیمتیازاتی پلە باڵاكان و نەهێشتنی دووموچەیی و بندیوار.

بیرۆكەی داڕشتنی ئەو پڕۆژەیاسایە، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2014، هاوكات لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستان، كە بەهۆیەوە موچەی فەرمانبەران بۆ نیوە كەمكرایەوە بەناوی پاشەكەوتەوە و تەواوی پڕۆژەكانیش ڕاگیران.