نێچیرڤان بارزانی: دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت ئاساییەو دەمانەوێت سەقامگیری‌و خۆشگوزەرانی هەبێت

22-04-2019 12:17
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم. وێنە؛ پەرەگراف.


پەرەگراف


نێچیرڤان بارزانی دواكەوتنی پڕۆسەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم بە "ئاسایی" لەقەڵەم دەدات‌و دەڵێت، بەرژەوەندیی كوردستان لەوەدایە كاتی زیاتر بدرێت بە گفتوگۆی نێوان لایەنەكان‌و نایانەوێت لە داهاتوودا گرژیی‌و ناتەبایی ڕووبدات.

ئەو وتانەی سەرۆكی حكومەت‌و جێگری سەرۆكی پارتی لە كاتێكدایە 204 ڕۆژە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراوەو هێشتا لایەنە براوەكان نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتنی كۆتایی بۆ دابەشكردنی پۆستەكان‌و كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.

نێچیرڤان بارزانی ئەمڕۆ لەمیانی ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە مێژوونووسی كورد كەلیموڵڵا تەوەحودی لە هەولێر، وتارێكی پێشكەش كردو لە بەشێكیدا باسی دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەتی كرد، وتی"هەموو لایەك دڵنیا دەكەمەوە لایەنە سیاسییەكان هەردەبێت بگەنە ڕێككەوتن."

سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، "دەبێت پشوومان درێژ بێت‌و لایەنەكان كاتی تەواویان هەبێت بۆ چارەسەری كێشەكان، ئەم دواكەوتنە ئاساییە، بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان وادەخوازێت كە كاتی تەواو بدرێتە پڕۆسەی گفتوگۆی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، چونكە دەمانەوێت سەقامگیریی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و تەبایی‌و ئاشتەوایی‌و بوژانەوەی ئابوری‌و خۆشگوزەرانی هەبێت بۆ وڵاتەكەمان."

پارتی دیموكراتی كوردستان وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردن كە پۆستەكانی سەرۆكی هەرێم‌و سەرۆك وەزیرانی كابینەی نوێی بەردەكەوێت، تائێستا تەنها لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان ڕێككەوتنی واژۆ كردووە بۆ دابەشكردنی پۆستەكان.

پارتی چەندجارێك دڵنیایی داوە بە گۆڕان كە پابەندی ڕێككەوتنەكە دەبێت‌و وەكخۆی جێبەجێی دەكات، هەربۆیە ئێستا بەدوای ڕێگایەكدا دەگەڕێت بۆ ڕازیكردنی گۆڕان بە زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێم كە پارتی بەڵێنی بە یەكێتی داوە ئەو پۆستە زیاد بكرێت‌و بدرێت بە یەكێتی‌و لەسەر ئەو بنەمایە پارتی لەگەڵ یەكێتیش گەیشتووەتە ڕێككەوتن، بەڵام ئەو بەڵێنەی پارتی بە یەكێتی، نیگەرانیی گۆڕانی لێكەوتووەتەوە بەو پێیەی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بەر گۆڕان كەوتووە.

"ئەوەی گرنگە یەكڕیزی‌و تەبایی ناوخۆیی‌و هەروەها پاراستنی تەباییە لەگەڵ دەوروبەر"، نێچیرڤان بارزانی وای وت، وتیشی"هەوڵدەدەین گرژی‌و ناتەبایی لە داهاتوو ڕوونەدەنەوەو دڵنیابن ڕۆژانی خۆشتر چاوەڕێی گەلی كوردستان دەكەن، پێكەوە هەنگاو دەنێین بەرەو كوردستانێكی بەهێز."