پەرلەمان سیفەتی بەپەلەی بە پڕۆژەی چاكسازیی دا؛ "پیلانی مەترسیدار" لە دژی هەیە

16-12-2019 06:56


پەرەگراف

پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پڕۆژەیاسای چاكسازیی كردو سیفەتی بەپەلەی پێ دا، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان چەندین ڕەخنەو تێبینییان لەسەر پڕۆژەكە هەیەو یەكگرتووی ئیسلامی دەڵێت: پیلانی مەترسیدار لە دژی پڕۆژەكە هەیە.

بڕیاریشە سبەینێ هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم كۆببنەوەو بڕیارە گفتوگۆكردن لەسەر پڕۆژەیاسای چاكسازیی یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە بێت.

حیزبە سەرەكییەكانی هەرێمی كوردستان، هەریەكە خۆی بە پاڵەوان و خاوەنی ڕاستەقینەی چاكسازی لە موچە و دەرماڵە و خانەنشینیی دەزانێت، هەربۆیە پڕۆژەكە گفتوگۆی زۆری لەبارەوە دەكرێت لە ڕاگەیاندنەكانەوە بایەخی تایبەتی پێ دەدرێت.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا، سەرۆكایەتی پەرلەمان پڕۆژەیاسای (چاكسازی لە خانەنشینی و موچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكانی تر لە هەرێمی كوردستان)ی ئاڕاستەی لیژنە پەیوەندیدارەكان كرد بۆ ئامادەكردنی ڕاپۆرت لە باریەوە، بەپێی ئەو سیفەتی بەپەلەیەی بە پڕۆژەكە درا، پێویستە لە ماوەی یەك هەفتەدا لیژنەی یاسایی ڕاپۆرتی خۆی لەبارەوە ئامادە بكات‌و پەرلەمان بیخاتە بەرنامەوە بۆ خوێندنەوەی دووەم.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمان هۆشداری لە بەلاڕێدا بردنی پڕۆژەیاساكە دەدات‌و دەڵێت "پیلانێكی مەترسیدار لە ئارادایە بۆ بە لاڕێدا بردنی".

شێركۆ جەودەت وتیشی، كەس ناوێرێت بە ئاشكرا ڕووبەڕووی پڕۆژەی چاكسازی ببێتەوە، بەڵام لە ژێرەوە بە نهێنی و شاراوە ڕووبەڕووی دەبنەوەو فشار دروست دەكرێت بۆ ئەوەی سەر نەگرێت.

"دەبێت یاسای چاكسازی ڕەنگدانەوەو دەستەبەری ماف و داخوازی خەڵك و ستەملێكراوان بكات، وەكو زیندانیان سیاسی كە دەبێت موچەیان هاوتای عێراق بكرێت، هەروەها موچەی خانەنشینی لە 400 هەزار دینار كەمتر نەبێت، لەگەڵ ئەمەشدا گێڕانەوەی پاشەكەوتی موچە بڕیاری لەسەر بدرێت" سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو وای وت.

شێركۆ جەودەت وتیشی "بەپێی خەمڵاندنی وەزارەتی دارایی بە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی 100 ملیار دینار بۆ دارایی گشتی دەگەڕێتەوە، كە دەتوانرێت بەو پارەیە 200 هەزار گەنجی بێكارو دەرچووی زانكۆ و پەیمانگاكانی پێ دابمەزرێنرێت".

پڕۆژەیاساكە تایبەتە بە پێداچوونەوە بە موچە، خانەنشینی، دەرماڵە، هەژماركردنی ساڵەكانی خزمەت، بوارەكانی سەربازی، ئاسایشی ناوخۆ، كەسوكاری شەهیدان، زیندانیانی سیاسی، چارەسەری دوو موچەیی.

كابینەی پێشووی حكومەت بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، نیوەی تەمەنی بە بەڵێنی ئەنجامدانی چاكسازی گەورە بەڕێكرد لە ڕێی پڕۆژەیەكەوە لە موچە و خانەنشینیدا، بەڵام بێ ئەنجام مایەوە، حكومەتی نوێی مەسرور بارزانی كە ئەویش هەمان دروشمی بەرزكردۆتەوە پڕۆژە یاساكەی جارێكی دیكە ناردەوە بۆ پەرلەمان‌و چاوەڕوانە پەسەند بكرێت بۆ جێبەجێ كردن.

فراكسیۆنی كۆمەڵ ڕەخنەو تێبینیی لەبارەی پڕۆژەیاساكەوە هەیە، سەرۆكی فراكسۆنی كۆمەڵ دەڵێت: پڕۆژەیەكی ناتەواوە، چونكە باسی سێكتەرە گرنگەكانی نەكردووە، وەك نەوت و گومرگ و خاڵە سنورییەكان.

عەبدولستار مەجید لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا ئەوەشی خستە ڕوو، بەناهەقیی دەزانن كە لە پڕۆژەكەدا باسی كەمترین موچەی خانەنشینی نەكراوە‌و ئەوان داوا دەكەن كەمترین مووچەی خانەنشین 400 هەزار دینار بێت.

"لە هەرێمی كوردستان دوو مووچەیی تا پێنج مووچەیی هەیە‌و 62 هەزار دوو موچەیی هەیە و لە پڕۆژەكەدا ئاماژەی پێنەكراوە" عەبدولستار مەجید وای وت.

سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ داواشی كرد، مووچە پاشەكەوت كراوەكانی فەرمانبەران بدرێنەوەو مووچەی پلە تایبەتەكانیش كەم بكرێتەوە وەك؛ دادوەران و ئەنجومەنی دادوەریی.

بەشێك لە لایەنە سیاسییەكانی حكومەت، پێشتر و زیاد لە جارێك، ناڕاستەوخۆ یەكترییان بە دروستكردنی گرفت بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساكە تۆمەتباركردووە، بە تایبەت كە دەست دەبات بۆ كەمكردنەوەی ئیمتیازاتی پلە باڵاكان و نەهێشتنی دووموچەیی و بندیوار.

بیرۆكەی داڕشتنی ئەو پڕۆژەیاسایە، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2014، هاوكات لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستان، كە بەهۆیەوە موچەی فەرمانبەران بۆ نیوە كەمكرایەوە بەناوی پاشەكەوتەوە و تەواوی پڕۆژەكانیش ڕاگیران.