پەرەگراف
كۆمپانیاكان هەڵمەتی سەوزكردنی شاخی گۆیژە لە سلێمانی دەست پێ دەكەن، لە هەنگاوی یەكەمدا گروپی كۆمپانیاكانی ئاسیاسێڵ سەربە فاروق گروپو هواوی بڕی یەك ملیۆن دۆلار بۆ ئەو پڕۆسەیە تەرخان دەكەن.
بە ئامادەبوونی بەرپرسانی ئیداریی شارەكەو كۆمپانیاكان، ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەك لەبارەی سەوزكردنی گۆیژە ئەنجام دراو لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا دەست پێ كردنی هەڵمەتەكە ڕاگەیەندرا.
هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی ئەوەی خستە ڕوو، ڕوبەری شاخی گۆیژە زیاتر لە 6 هەزار دۆنمەو تەنها نزیكەی 2 هەزارو 80 دۆنمی سەوز كراوەو دەیانەوێت ئەو چوار هەزار دۆنمەی دیكە بە پلانێكی درێژخایەن و كاری بەردەوامو بە كوالێتییەكی باش سەوز بكەن.
كۆمپانیای ئاسیاسێڵ بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیای هواوی چینیی، بەخشینی بڕی یەك ملیۆن دۆلاری ڕاگەیاند بە پڕۆژەی سەوزكردنی چیای گۆیژە، زرنگ فاروق لە گروپی كۆمپانیاكانی فاروق ڕایگەیاند، مانگ 3ی ساڵی ئایندە دەستدەكەن بە یەكەم هەڵمەتی ناشتنی درەختو دروستكردنی ئاگربڕو خانووی چاودێرییو كەڵەكی پاراستنی خاك لە ڕاماڵین.
"پڕۆژەكە تەنها ناشتنی نەمامەكان نییە بە تەنها، بەڵكو پلانی دووساڵی پەروەردەو پارێزگاریكردنی هەمەلایەن لە خۆ دەگرێت" زرنگ فاروق وای وت.
كۆمپانیاكانی دیكەی كەرتی تایبەتیش بەشداربوون لە كۆبوونەوەی سەوزكردنی گۆیژەو ئامادەییان پیشانداوە ڕۆڵیان هەبێتو پشتیوانیی ماددی پڕۆسەكە بكەن، بۆئەوەش بۆردێكی تایبەت دروست دەكەنو سندوقێكی بۆ دەكەنەوە.
پارێزگاری سلێمانی ئەوەی خستە ڕوو، كۆمپانیای دەروازەش ئەركی گەیاندنی تۆڕی ئاو و دابینكردنی تەنكییو خەزانی ئاوی بۆ ئاودانی پڕۆژەكە لە ئەستۆ گرتووە، پارەی پڕۆژەكەش لەلای كۆمپانیاكان خۆیان دەبێتو هەرخۆشیان سەرپەرشتی دەكەن، دامودەزگا حكومییەكانیش پاڵپشتو چاودێر دەبن.
هەر ئەمڕۆ پارێزگاری سلێمانیو ئامادەبووانی كۆبوونەوەی سەوزكردنی گۆیژە سەردانی شاخەكەیان كردو هەڤاڵ ئەبوبەكر یەكەم نەمامی دەست پێ كردنی پڕۆسەكەی ڕواند.