پەرەگراف
لە دووەم ڕۆژی كۆنگرەی یەكێتیدا كۆسرەت ڕەسوڵ ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی دیاری كرد كە لە 9 كەس پێكدێنو خۆی سەرۆكایەتییان دەكات.
هەر ئەمڕۆ پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی پەسەند كراو بڕگەیەكی بۆ زیاد كرا كە ئەنجومەنی سەركردایەتی دەتوانێت لە داهاتوودا دەستكاری ئەو بەندانەی پەیڕەوەكە بكات كە "ئەساسیی نین"، بڕیارە سبەینێش ڕاستەوخۆ بە دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی سەركردایەتی سێیەم ڕۆژی كۆنگرە دەست پێ بكات.
مەلا یاسین وتەبێژی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا كە تەنها ڕاگەیاندنەكانی یەكێتی ئامادەی بوون، وتی"جەنابی كاك كۆسرەت ئەو ئەندامانەی لەگەڵیدا دەبن دیاریی كردنو بە چەپڵە لەلایەن ئەندامانی كۆنگرەوە پەسەند كرا، ئەوانیش ئەو كەسانەن كە پێشتر ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بوونو بریتین لە؛ مەلا بەختیار، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، عومەر فەتاح، قادر حەمەجان، عەدنان موفتی، ئەرسەلان بایز، دلێری سەید مەجیدو جەعفەر شێخ مستەفا".
وتەبێژی كۆنگرەی یەكێتی ئەوەشی خستە ڕوو، بڕگەیەكی دیكەی ئەمڕۆی كۆنگرە پەیڕەوی ناوخۆ بووە كە بە زۆرینەی هەرە زۆری دەنگدەرانی ئامادەبووی كۆنگرە پەسەند كرا، بەڵام ئەو مەرجەی تێكراوە كە ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتیی دەتوانێت دەستكاری هەندێك بەند بكات كە ئەساسی نیین، ئەوەش سەركردایەتی خۆی دیاریی دەكات كامانەنو پێویستیان بە دەستكارییە.
زیاتر لە 400 كەس خۆیان بۆ ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كاندید كردووە كە لە 121 كەس پێكدێتو دوێنێ 3 كەسیان دیاریی كران، سبەینێ ئەندامانی كۆنگرە لەسەریان پێویستە هەریەكەیان دەنگ بۆ 60 كاندید بەرەو سەرەوە بدەن تا 121 كاندید، لەوە كەمترو زیاتر دەنگەكەیان دەسووتێت، ڕاستەوخۆش دوای دەنگدانەكە دەست دەكرێت بە جیاكردنەوەو هەژماركردنی دەنگەكانو هەمان ڕۆژ ئەنجامەكان ئاشكرا دەكرێن.