پەرەگراف
ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای ئازادكردنی دەستگیركراوانی خۆپیشاندانەكانی ئێران دەكاتو دەڵێت: ئەشكەنجەدەدرێن و لە ڕەوشێكی خراپدا ڕاگیراون.
لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە، هەزاران كەس لەلایەن هێزەكانی ئێرانەوە دەستبەسەركراون كە لەنێویاندا مێرمنداڵانی 15 ساڵ هەروەها ڕۆژنامەنوس، خوێندكاران و چالاكوانی بواری مافی مرۆڤ هەیە.
ئەو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییە كە چاودێری دۆخی مافی مرۆڤ دەكات دەشڵێت "بەندكراوان بە توندی ئەشكەنجە دەدرێن لەلایەن هێزەكانی ئێرانەوە".
لێبوردنی نێودەوڵەتی داوا لە دەسەڵاتی دادی ئێران دەكات بەپەلە بڕیار بدات ئەشكەنجەدان ڕابگیرێتو ئەو كەسانەی كە بەبێ هۆكار دەستبەسەركراون، ئازاد بكرێن. هاوكات داوا لە چاودێرانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات سەردانی گرتوخانەكانی ئێران بكەن و چاویان بە دەستبەسەركراوان بكەوێت.
ڕاپۆرتەكەی لێبوردنی نێودەوڵەتی دوای ئەوەدێت، هەفتەی ڕابردوو ئاژانسی هەواڵیی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە سێ بەرپرسی ناو وەزارەتی ناوخۆی ئێران ئەوەی ئاشكرا كرد، نزیكەی هەزار و 500 كەس لە ماوەی 14 ڕۆژی خۆپیشاندانەكانی ئێراندا كوژراون.
ڕۆیتەرز ئەوەشی خستە ڕوو، لەناو ئەو ژمارەیە لە كوژراواندا، لانیكەم 17 مێردمنداڵ و نزیكەی 400 ژن و ژمارەیەكیش لە هێزە ئەمنییەكان و پۆلیس هەبوون.
ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو، خۆپیشاندان لە شار و شارۆچكەكانی ئێران بە ڕۆژهەڵاتی كوردستانیشەوە دژی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بۆ سێ هێندەی پێشتر دەستی پێ كردو زیاتر لە دوو هەفتە بەردەوام بوو.
خۆپیشاندانەكان زیانی زۆری گیانیو ماددی لێكەوتەوەو شەڕو پێكدانان لە چەندین ناوچە لە نێوان هێزە ئەمنییەكانو خەڵكدا ڕوویدا، لە شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش ئاماری كوژراو و برینداران ژمارەیەكی بەرزی تۆمار كرد.