ئەمریكا سەركەوتنی ڕاگەیاندو حەشد هەڕەشەی تۆڵەو وەڵامی توند دەكات

30-12-2019 03:01
ئەو ناوچەیەی ئەمریكا بۆردومانی كرد‌و بارەگای حیزبوڵڵایە لە قەزای قائیم لە پارێزگای ئەنبار


پەرەگراف

ئەمریكا سەركەوتنی ئەو هێرشە ئاسمانییەی ڕاگەیاند كە كردییەسەر كەتەیبەكانی حیزبوڵڵا لە عێراق‌و سوریا، واشنتۆن ڕێوشوێنی دیكەش دەگرێتەبەرو هەڕەشەی وەڵامی یەكلاكەرەوەی دیكە دەكات لەكاتی پێویستدا، حەشدی شەعبی‌و ئێران‌و عێراق كاردانەوەی توندیان دژی ئەمریكا پیشاندا، حەشد هەڕەشەی تووند دەكات.

سەرۆكایەتییەكانی عێراق‌و لایەنە شیعەكان ئیدانەی هێرشەكەی ئەمریكایان كردو هەریەكەیان بە جۆرێك ناڕەزایی پیشان دەدەن، حەشدی شەعبی دەڵێت: ئەو خوێن ڕژانە بەبێ وەڵامی تووند تێناپەڕێت.

دوابەدوای هێرشەكانی ئێوارەی ڕابردوو، وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا(پنتاگۆن) بەرپرسیارێتی خۆی ڕاگەیاندو وتی: پێنج بارەگای حیزبوڵڵای عێراق بۆردومانكراون كە ٣ یان لە عێراق بوون و ٢ یان لە ناو خاكی سوریا بوون. بۆردومانەكەی ئەمریكا بۆسەر بارەگاكانی حیزبوڵڵا لانیكەم 25 كوژراو و زیاتر لە 50 برینداری لێكەوتووەتەوە.

وەزارەتی بەرگری ئەمریكا، حیزبوڵڵا بە نزیك لە سوپای پاسدارانی ئێران لە قەڵەم دەدات و ئەوەش دەخاتە ڕوو لە بارەگاكانیدا موشەك و جبەخانەی چەك ھەبووەو پلانی ھێرش دانراوە، حیزبوڵڵا لە لیستی تیرۆری ئەمریكادایە.

ئەو بۆردومانەی ئەمریكا دوای ئاڕاستەكردنی چەند موشەكێك بوو بۆ سەر سەربازگەی كەی وەن لە كەركوك كە ھێزەكانی ئەمریكای تێدایەو بەھۆی ئەو موشەكانەوە بەڵێندەرێكی ئەمریكی كوژرا، پنتاگۆن دەڵێت، بۆردومانەكەیان وەڵامدانەوەی ئەو موشەكانەیە.

ئەمریكا: هەركات هەڕەشە هەبێت وەڵامی یەكلاكەرەوەمان دەبێت

مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ مارك ئێسپەر، وەزیری بەرگری و سوپاسالاری وڵاتەكەی، ئەوەی خستە ڕوو، ئەو هێرشەی كراوەتەسەر حیزبوڵڵا دوای هەڕەشە بووە بۆ سەر هێزە ئەمریكییەكان‌و مەترسیی لەسەر ئەمریكییەكان دروست بووە.

"ئەوەی ئێمە كردمان وەڵامێكی یەكلاكەرەوە بوو، هەروەها بەڕوونی ئەو گوتانەی سەرۆكیشی دووپات كردەوە كە چەند مانگێكە لەوبارەوە دەیكات، پەیامەكەش ئەوەیە ئێمە دەستەوەستان نابین بەرامبەر كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەر كردەوەیەك كە ژن و پیاوی ئەمریكی بخاتە مەترسی، ئێمە بەردەوام ڕێزی ئەو پابەندبوونەمان دەگرین بۆ ئەوەی كردەوەی یەكلاكەرەوەمان هەبێت كاتێك ئەو هەڕەشانە هەبن"پۆمپیۆ وای وت.

هەروەها مارك ئێسپەر وەزیری بەرگری ئەمریكا سەركەوتنی هێرشەكەی ڕاگەیاند كە بە فڕۆكەی ئێف 15 ئەنجامدراوەو وتی"ئەو پێگانە یان بارەگای فەرماندەیی یان كۆگای چەكی كەتایبی حیزبوڵڵا بوون، بۆردوومانەكان بەسەركەوتوویی ئامانجەكەیان پێكا، فڕۆكەوان و فڕۆكەكانیش بە سەلامەتی گەیشتنەوە بنكەی ئاسمانی".

مارك ئێسپەر ئەوەشی خستە ڕوو، لە گفتوگۆیان لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا، تاوتوێی بژاردەی دیكەی بەردەستیان كردووە وتیشی"هەنگاو و كرداری دیكەش دەگرینەبەر بەگوێرەی پێویست بۆ دڵنیابوون لە بەرگری لە خۆكردن و بەرپەرچدانەوەی كرداری خراپی ئەو گروپە چەكدارانەی سەر بە ئێرانن".

حەشد: بەبێ تۆڵەو وەڵامی توندی تێناپەڕێت

جیاواز لە ئیدانەی هێرشەكە لەلایەن سەرۆكایەتییەكانی عێراق‌و لایەنەكانی دیكە، حەشدی شەعبی‌و ئێران لەگەڵ ئیدانەكردنیاندا پەیامی هەڕەشەئامێزیان ئاڕاستەی ئەمریكا كرد. لەناو هەڵوێستی وڵاتاندا تائێستا تەنها بەحرەین پشتیوانیی بۆ ئەمریكا پیشانداوە.

حیزبوڵڵای عێراق بە شێكە لە حەشدی شەعبی، ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی درەنگانێكی شەوی ڕابردو لە كاردانەوەی هێرشەكانی ئەمریكادا بە ڕۆژنامەنوسانی وت"ڕژانی خوێنی كوژراو و بریندارەكان بەبێ تۆڵەو وەڵامدانەوەیەكی توندی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق تێناپەڕێت".

هەروەها عەباس موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمریكا‌و بە پاڵپشتیی تیرۆر ناوبردو ڕایگەیاند"ئەمریكا پیشانیدا هیچ ڕێزێك بۆ سەروەری وڵاتان دانانێت و دەبێت چاوەڕێی دەرهاویشتەی ئەم هێرشە نایاساییانەی بكات".

لایەنە عێراقییەكان ترسیان هەیە وڵاتەكە ببێتە گۆڕەپانی شەڕو یەكلایی كردنەوەی ململانێی نێوان ئەمریكاو ئێران، هەربۆیە لە پەیام‌و هەڵوێستەكانیاندا ئاماژەیان بەوە كردووەو هەندێكیان ئەگەرێكی لەو جۆرە بە "كۆتایی هاتنی عێراق" ناودەبەن.

عەبدولكەریم خەلەف، وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق ئەوەی ئاشكرا كرد، ئەمریكا بەرلەوەی بۆردومانی حیزبوڵڵا بكات لە ڕێی مایك ئسپێەر، وەزیری بەرگری ئەو وڵاتەوە عادل عەبدولمەهدی لە ئەنجامدانی هێرشەكە ئاگادار كردووەتەوە، "لە بەرامبەردا سەرۆك وەزیران ڕەتیكردووەتەوەو داوایكردووە، ئەمریكییەكان هێرشەكە ئەنجام نەدەن".

ئەمریكا گوێی بە داواكارییەكەی عادل عەبدولمەهدی نەداوەو هێرشەكەی ئەنجام دا، واشنتۆن نیگەرانە لە هەژموونی ئێران لە وڵاتانی ناوچەكە بەتایبەت؛ عێراق، یەمەن، لوبنان‌و تاڕادەیەك سوریاش، ئەوەشی چەند جارێك ڕاگەیاندووە كە بە پێویستی دەزانێت سنوور بۆ دەستوەردان‌و هەژموونی ئێران لەو وڵاتانە دابنرێت.

بە ڤیدیۆ؛ ئاگر کەوتنەوە لە بارەگاکانی حیزبوڵڵا بەھۆی بۆردومانەکەی ئەمریکاوە