قاسم سلێمانی چۆن كوژراو كێی لەگەڵدا بوو؟

03-01-2020 12:38


پەرەگراف

ناوی ئەو كەسانە ئاشكرا كران كە لەگەڵ قاسم سلێمانی‌و ئەبومەهدی موهەندیس كوژراون بە بۆردومانی ئەمریكا، لەناو كوژراوەكاندا زاوایەكی قاسم سلێمانی‌و زاوایەكی عیماد موغنییە هەن.

فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆردومانی كردن

درەنگانی شەوی ڕابردوو قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران گەیشتووەتە بەغداد(هەندێك سەرچاوە دەڵێن لە لوبنانەوەو هەندێكی دیكە دەڵێن لە سوریاوە هاتووەتە بەغداد)، ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی‌و كەسی نزیكی قاسم سلێمانی، لە فڕۆكەخانەی بەغداد پێشوازیی لێكردووە.

كاتێك كاروانی ئۆتۆمبێلەكانیان فڕۆكەخانەی بەغدادی بەجێ هێشتووە، لە نزیك خاڵی پشكنینی دەرەوەی فڕۆكەخانەكە لەلایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئەمریكییەوە بۆردومان كراون، جگە لە سلێمانی‌و ئەبومەهدی چەند كەسێكی دیكەش كوژراون.

میدیا عێراقییەكان ناوی ئەوكەسانەیان ئاشكرا كردووە كە لە هێرشەكەدا كوژراون‌و بریتین لە:

1. قاسم سلێمانی، فەرماندەی فەیلەقی سوپای قودسی سوپای پاسدارانی ئێران.

2. ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی.

3. سامر عەبدوڵڵا، زاوای عیماد موغنییە(موغنییە یەكێك لە سەركردە باڵاكانی حیزبوڵڵای لوبنان بوو لە سوریا كوژرا).

4. زاوایەكی قاسم سلێمانی.

5. محەممەد ڕەزا جابری، بەڕێوەبەری پرَۆتۆكۆڵی حەشد لە فڕۆكەخانە

6. حەسەن عەبدولهادی، حەشدی شەعبی

7. محەممەد شەیبانی، حەشدی شەعبی

8. حەیدەر عەلی، حەشدی شەعبی

هەروەها فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند چوار بەرپرسی باڵای سەربازیی وڵاتەکەیان لەگەڵ قاسم سلێمانیدا کوژراون بە بۆردومانەکەی ئەمریکا لە بەغداد، ئە پلەدارانە بریتین لە:

جەنەڕاڵ حسێن جەعفەری نیا

عەقید شەھرود مزەفەری نیا

ڕائید ھادی تارمی

نەقیب وەحید زەمانیان

گرتەیەکەی ڤیدیۆیی ئاسەواری ئەو ئۆتۆمبێلانەی ئەمریکا کردنییە ئامانج و قاسم سلێمانی و ئەبومەھدی موھەندیسی تێدا کوژران

ئێران ئامادەكاریی دەكات بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی قاسم سلێمانی‌و سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتیی لەو وڵاتە ڕاگەیەندراوە، بڕیاریشە سبەینێ لە مەراسیمێكی فراواندا ئەبومەهدی موهەندیس‌و كوژراوانی حەشدی شەعبی بەخاك بسپێردرێن.

لە نوێترین پێشهاتدا باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد داوا لە هاووڵاتییانی ئەمریكی دەكات عێراق بەجێ بهێڵن، ئەوەش دوای هەڕەشەی تۆڵەكردنەوە لەلایەن گروپەكانی حەشد شەعبیی نزیك لە ئێران.

دوابەدوای ڕووداوەكە ئەمریكا بە فەرمی بەرپرسیارێتی كوشتنیانی لە ئەستۆ گرت‌و ڕایگەیاند، بە فەرمانی ترەمپ ئەو كارە كراوە. هاوكات ئێران هەڕەشەی "تۆڵەیەكی كوشندەو سەخت" دەكات‌و دەڵێت، مەترسییەكی زۆر گەورەیە.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا ڕایگەیاند "بەفەرمانی سەرۆكی ئەمریكا، سوپای ئەمریكا هێرشێكی یەكلاكەرەوەی ئەنجامدا بەمەبەستی پاراستنی ئەمریكییەكان لەدەرەوەی وڵات لە ڕێگەی كوشتنی قاسم سلێمانی سەرۆكی سوپای قودس كە كەسێكە پێشتر بە تیرۆریست لەقەڵەم دراوە".

پێنتاگۆن دەشڵێت "ئەو بەرپرس بووە لە هێرشەكانی سەر بنكەكانی هاوپەیمانان لە عێراق لە چەند مانگی ڕابردوو و لەنێویاندا هێرشەكەی 27-12-2019. هەروەها گڵۆپی سەوزی هەڵكردووە بۆ هێرشەكەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد".

ڤیدیۆ؛ مەراسیمی پرسەو خەفەتباریی بۆ کوژرانی قاسم سلێمانی لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لە شاری کرمانی ئێران

وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا، هێرشەكە بە ڕێگریكردن لە هێرشەكانی ئێران لە داهاتوودا ناودەبات و دەڵێت "ئەمریكا ئامادەیە هەموو ڕێگەكان بگرێتەبەر بۆ پاراستنی خەڵك و بەرژەوەندییەكانی لە هەموو شوێنێكی جیهان".

لە دوای ئەو ڕووداوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا وێنەیەكی ئاڵای وڵاتەكەی لە تویتەرەكەی بڵاو كردووەتەوە بەبێ ئەوەی هیچ نووسینێكی لەگەڵدا بێت، هاوكات مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند "عێراقییەكان دڵخۆشن بە كوشتنی قاسم سلێمانی".

هەڕەشەی "تۆڵەیەكی كوشندەو سەخت"

عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران، بەبۆنەی كوژرانی قاسم سلێمانی، سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتیی لە ئێران ڕاگەیاندو هەڕەشەی ئەوە دەكات كە "تۆڵەیەكی كوشندەو سەخت" دەكەنەوە.

خامنەیی لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "شەهادەت خەڵاتی هەوڵی بێوچانی ئەو لەم هەموو ساڵە بوو، بە شەهید بوونی ئەو پشت بە خوا كارەكانی و ڕێگاكەی ناوەستێت، بەڵام تۆڵەیەكی كوشندە و سەخت چاوەڕوانی جەنایەتكارەكان دەكات".

لەبارەی ئەبومەهدی موهەندیس كە لەگەڵ قاسم سلێمانی لەلایەن ئەمریكاوە كوژرا، خامنەیی دەڵێت، گەلی ئێران یاد و ناوی شەهیدی گەورە سەردار قاسم سلێمانی و شەهیدانی هاوڕێی ئەو بە تایبەت "موجاهیدی گەورەی ئیسلام ئەبو موهەندیس" بە بەرزیی ڕادەگرێت.

هاوكات محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتێكیدا دەڵێت"هەنگاوە تیرۆرۆستانە نێودەوڵەتییەكەی ئەمریكا، بە ئامانجگرتن‌و تیرۆركردنی ژەنەڕاڵ سلێمانی، كاریگەرترین هێز لە شەڕی دژ بە داعش، بەرەی نووسرە، ئەلقاعیدە و هێزە هاوشێوەكانیان، مەترسییەكی زۆر گەورەیەو پەرەسەندنێكی گەمژانەیە".

زەریف دەشڵێت"ئەمریكا بەرپرسیارییەتی هەموو دەرئەنجامێكی پیلانگێرییە خراپەكەی هەڵدەگرێت".