وەزیری بەرگریی ئەمریكا: هیچ پلانێك لە ئارادا نییە بۆ كشانەوە لە عێراق

06-01-2020 11:58


پەرەگراف

مارك ئێسپەر وەزیری بەرگریی ئەمریكا ڕایگەیاند، هیچ پلانێك لە ئارادا نییە بۆ كشانەوەی هێزەكانیان لە عێراق.

وەزیری بەرگریی ئەمریكا دەشڵێت، جێگۆڕكێ بە هەندێك لە هێزەكانیان دەكەن نەك كشانەوە.

ئەو لێدوانە دوای بڵاوبوونەوەی نامەیەكی سوپای ئەمریكا دێت كە ئاڕاستەی ئاڕاستەی وەزارەتی بەرگریی عێراق كراوەو میدیاكان‌و ئاژانسەكان هەواڵ بڵاویان كردەوە وەك نامەی ئاگاداركردنەوەی عێراق كە گوایە ئەمریكا دەست بە ئامادەكاری دەكات بۆ كشانەوەی هێزەكانی لە عێراق.

لە كاردانەوەی بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەركردنی ھێزە بیانییەكان كە ئامانج لێی هێزەكانی ئەمریكایە، دۆناڵد ترەمپ ھەڕەشەی سزادانی "زۆر تووندو بێوێنە" لە عێراق دەكات.

سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاند، ئەگەر عێراق ھێزەكانیان ناچار بە جێھێشتنی ئەو وڵاتە بكات، سزایەكی زۆر تووندی عێراق دەدەن كە پێشتر وێنەی نەبووبێت و قورستر لەوەی بەسەر ئێراندا سەپێندراوە.

ترەمپ لە لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان وتیشی: ئەمریكا بنكەیەكی ئاسمانیی لە عێراق ھەیە كە چەندین ملیار دۆلار لە دروستكردنیدا خەرج كراوەو عێراق بەجێناھێڵن ھەتا پارەی تێچووی ئەو بنكەیە نەداتەوە بە ئەمریكا.

ترەمپ ھۆشداریی ئەوەیشی دا كە ئەو چاوەڕوانی پێبژاردنی ئەو بنكە ئاسمانییە دەكات لەلایەن عێراقەوە.

لایەنە شیعەكانی عێراق سوورن لەسەر دەركردنی هێزەكانی ئەمریكاو فشاری بەردەوام دەكەن لەوبارەیەوەو لە ژێر فشاری ئەوانیشدا پەرلەمان ئەو بڕیارەی دا، ئەوەش لە كاردانەوەی كوشتنی قاسم سلێمانی‌و ئەبومەهدی موهەندیس لەلایەن ئەمریكاوە.

بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە ئەمڕۆ بڵاوكرایەوەو لە كۆبوونەوەكەی پەرلەمانەوە دزەی كردووە، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هۆشداریی دەدات لە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا.

لە دانیشتنەكەی دوێنێی پەرلەمان، محەمەد حەلبوسی چووەتە ناو پەرلەمانتاران و ھۆشداریی داوە لەوەی دەركردنی ھێزەكانی ئەمریكا ھەنگاونانی عێراق بێت بەرەو دواوە.

حەلبوسی ڕووەو عادل عەبدولمەھدی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەڵێت"یەكێك لەو هەنگاوانەی كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەینێت بریتییە لە وەستانی مامەڵەی دارایی لەگەڵ عێراق، هیوادارین بەڕێزتان ئەمە بۆ پەرلەمانتاران روون بكەنەوە. ڕەنگە نەتوانین پابەندبین بەوەی لە ئەستۆماندایە لەڕووی داراییەوە بەرامبەر بە ھاووڵاتییانمان لەھەر ساتێكدا بێت".