كۆشكی سپی: ترەمپ ئاگاداری هێرشی سەر بنكەكەمانە لە عێراق

08-01-2020 02:54


پەرەگراف

سكرتێری ڕۆژنامەوانیی كۆشكی سپی ئەمریكا ڕایگەیاند: ڕاپۆرتی هێرشكردنەسەر بنكە سەربازییەكەیان لە عێراق پێگەیشتووەو سەرۆك ترەمپ ئاگاداری هێرشەكەیەو لە نزیكەوە چاودێریی دۆخەكە دەكات‌و لە ڕاوێژدایە لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتیمانی.

سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەكدا بە فەرمیی مووشەكبارانی بنكەی عەین ئەسەدی ئەمریكای لە عێراق ڕاگەیاند،  "سەركەوتن"ی هەروەها هێرشەكەی ڕاگەیاند‌و دەڵێت: لە تۆڵەی "شەهیدكردنی ناجوامێرانەی" قاسم سلێمانی بووە.

بەیاننامەكەی سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت "هێزی ئاسمانیی سوپا ئۆپەراسیۆنێكی سەركەوتووی بەناوی ئۆپەراسیۆنی شەهید سلێمانی بە ڕەمزی پیرۆزی یازەهرا بە دەیان مووشەكی زەوی بە زەوی ئەنجامدا لە دژی سوپای تیرۆریست‌و دەستدرێژیكاری ئەمریكا لە بنكەی عەین ئەسەد".

بەرلەو بەیاننامەیە كەناڵی فارس نیوزی ئێران لە ھەواڵێكی بەپەلەدا لەزاری چەند سەرچاوەیەكەوە ڕایگەیاند: ئێران بە مووشەكی بالستیكی بنكەیەكی ئەمریكای لە عێراق بۆردومان كردووە.

هەروەها كەناڵی تەسنیمی ئێران كە نزیكە لە سوپای پاسداران مووشەكبارانەكەی پشتڕاست كردووەتەوەو نووسیویەتی "سوپای پاسداران تۆڵەی تیرۆركردنی شەهید سلێمانی كردەوە بە لێدان بە مووشەكی بالستیك لە بنكەی عەین ئەسەدی ئەمریكا لە عێراق".

ھاوكات كارلا باب پەیامنێری دەنگی ئەمریكا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەتویتەر نووسیویەتی: بنكەی عەین ئەسەد بۆردومان كراوەو نزیكەی 30 مووشەكی پێوە نراوە.

بنكەی عەین ئەسەد دەكەوێتە پارێزگای ئەنبارو هێزەكانی ئەمریكای لێیە.

فارس نیوز ساتی مووشەكبارانی بنكەكەی ئەمریكای لە عێراق بڵاوكردەوە