دوو خێزانی كورد لەناو فڕۆكە ئۆكرانییە تێكشكاوەكەی تاراندا بوون و گیانیان لەدەستدا

08-01-2020 01:37
تیمە فریاگوزارییەكانی ئێران لە شوێنی فڕۆكە تێكشكاوەكە


پەرەگراف

دوو خێزانی كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە بە سەردان گەڕاونەتەوە بۆ ڕۆهەڵات، لە سەرنشینانی ئەو فڕۆكە ئۆكرانییە بوون كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە باشوری تاران كەوتە خوارەوەو سەرجەم سەرنشینەكانی گیانیان لەدەستدا.

ڕزگار ڕەحیمی و هیوا مەولانی كە هاوتەمەنی یەكترن‌و لە یەك ڕۆژو مانگ‌و ساڵ لە دایك بوون، خۆیان‌و خێزانەكانیان لەناو فڕۆكەكەدا بوون كە لە تارانەوە بەرەو ئۆكرانیا فڕیوەو دوای ماوەیەكی كەم لە بەرزبوونەوەی تێكشكاوە.

ڕزگار كوردێكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە ٧ ساڵ لەمەوبەر بۆ خوێندن چووە بۆ كەنەداو ماوەیەك لەمەوبەر بڕوانامەی دكتۆرای بەدەستھێناوەو بووە بە مامۆستا، دوای چەندین ساڵ دوریی، مانگێك لەمەوبەر لەگەڵ خێزانەكەیدا گەڕاونەتەوە بۆ سەقز.

عارف سەلیمی ئامۆزای ڕزگار وێنەیەكی ڕزگاری لە تویتەر بڵاوكردووەتەوەو لەسەری نووسیوە "لەناو ئەو فڕۆكەیەی ئۆكرانیا بوون، خۆی و ژنەكەی و منداڵەكەی و كۆرپەلەیەكی حەوت مانگە لە ناو سكی ژنەكەی".

عارف سەلیمی دەشڵێت: ڕزگار و هیوا هەردووکیان لە یەک ڕۆژ و مانگ و ساڵ لەدایک بوون، هەردووکیان بە خۆیان و خێزانەکانیانەوە لەناو ئەو فڕۆکەیەدا گیانیان لەدەست دا.

هاوكات ناوەندی هەواڵ‌و شرۆڤەی ڕۆژ،ناوی ژمارەیەک هاوڵاتیی کوردی بڵاو كردەوە کە لەناو فڕۆکە ئۆکرانییەکەدا بوون و گیانیان لە دەست داوە: ڕزگار ڕەحیمی‌و فەریدە غوڵامیی خێزانی ڕزگارو ژیوانی كوڕیان، هیوا مەولانی‌و ئەوین ئەرسەلانیی خێزانی هیوا، سروە پەساوەندی، سنوور پوورقادری.

فڕۆكە ئۆكرانییەكە مەدەنیی بووەو بەهۆی كێشەیەكی تەكنیكییەوە، دوای فڕینی لە فڕۆكەخانەی تاران بەرەو ئۆكرانیا، لە باشوری تاران كەوتووەتە خوارەوە، تیمی فریاگوزاریی ئێرانی ڕایگەیاند: سەرجەم سەرنشینەكانی فڕۆكەكە گیانیان لەدەست داوەو كەس ڕزگاری نەبووە.

فڕۆكەكە نزیكەی ١٧٠ سەرنشینی ھەڵگرتووەو لە جۆری بۆینگ 737 بووەو، دوای فڕینی لە فڕۆكەخانەی تاران بەھۆی كێشەی تەكنیكییەوە كەوتووەتە خوارەوە.

فڕۆكەوانیی ئۆكرانیا ڕایگەیاند، سەرنشینانی فڕۆكەكە 82یان ئێرانی‌و 63 یان كەنەدیی، 11 ئۆكرانی، 4 ئەفغانیی‌و 3 ئەڵمانی‌و 3 بەریتانیی بوون.