دەستلەكاركێشانەوەی بەرپرسانی كۆمەڵ لە هەولێر درێژەی هەیە

23-04-2019 02:29
بانگەشەی هەڵبژاردنی كۆمەڵی ئیسلامی

پەرەگراف

دەستلەكاركێشانەوەی بەرپرسانی كۆمەڵ لە هەولێر بەردەوامەو ئەمڕۆ چوار بەرپرسی دیكە چوونە ئەو ڕیزەوە، پەرەگراف زانیویەتی، دەستلەكاركێشانەوەكان بە شێوەی گرووپ، پلان بۆ داڕێژراون‌و درێژەیان دەبێت.

لەچوارچێوەی دەستلەكاركێشانەوەی بەرپرسانی كۆمەڵی ئیسلامی لە سنووری هەولێر، سێ‌ ئەندام مەڵبەندو كارگێڕێكی مەڵبەندی 11ی دەوروبەری هەولێری ئەو حیزبە، نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان ئاڕاستەی ڕایگشتی كرد.

لە نامەكەیاندا دەڵێن"دوای ئەوەی چەندین هەوڵ‌و پێشنیارمان لەلایەن باڵی دەستڕۆیشتووی ئەنجوومەنی بانگەواز و بەڕێوەبردن بۆ چاككردنی كێشەو گرفتە سەپێنراوەكانی هەردوو مەڵبەندی هەولێر ڕەتكرایەوە، ئێمەی كارگێڕ و ئەندامانی مەڵبەندی 11ی هەولێری كۆمەڵی ئیسلامی كە لە خوارەوە ناو و پۆستەكانمان هاتووە، دەستلەكاركێشانەوەی خۆمان ڕادەگەیەنین."

ئەو بەرپرسانەی كۆمەڵ، هەر یەكە لە هێمن ڕەسوڵ، كارگێڕی مەڵبەند، عەبدولقادر ئیبراهیم‌و ڕەفعەت ڕەئوف‌و بروسك عوسمان، ئەندامانی مەڵبەندی 11ی دەوروبەری هەولێری ئەو حیزبەن.

ئەو چوار بەرپرسەی كۆمەڵ لە نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەیاندا پشتگیرییان بۆ سێ ئەندام سەركردایەتییە دەستلەكاركێشاوەكەی سنووری هەولێر ڕاگەیاندووە، "بۆ هەر پڕۆژەیەكی سیاسیی سەربەخۆ."

پەرەگراف لە سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كێشە ناوخۆییەكانی كۆمەڵ، زانیاریی ئەوەی دەستكەوتووە، دەستلەكاركێشانەوەی بەرپرسانی كۆمەڵی ئیسلامی لە هەولێر بە شێوەی گرووپ و دەستەی جیاواز، پلانی بەرپرسانی ناڕازیی ئەو حیزبەیە لە سنوورەكە، لەپێناو بەردەوامیی‌و زیاتركردنی فشارەكان.

ئەو سەرچاوەیە كە ناوی ناهێنرێت بەوپێیەی ڕێگەپێدراو نییە قسەلەسەر ئەو پرسە بكات، وتی"ژمارەی بەرپرسە ناڕازییەكان زیاترەو چاوەڕێ‌ دەكرێت لە ماوەی داهاتوودا بەم شێوەیەی ئێستا بە گروپ دەستلەكاركێشانەوەیان بەردەوام بێت‌و نایانەوێت سەرجەمیان لە یەك كاتدا دەست لە كار بكێشنەوە."

ڕۆژی 19ی نیسان، سێ‌ ئەندامی سەركردایەتیی كۆمەڵی ئیسلامی كە دوانیان لێپرسراوانی مەڵبەندەكانی سێ‌ و 11ی هەولێری ئەو حیزبە بوون، دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان ڕاگەیاند. بە دوای ئەوانیشدا لە 21ی مانگدا چوار كارگێڕی مەڵبەندی 3ی كۆمەڵ دەستیان لەكار كێشایەوە.

بەرپرسانی دەستلەكاركێشاوەی كۆمەڵی ئیسلامی هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەیان بۆ چارەسەرنەكردنی كێشەكانی ئەو دوو مەڵبەندەی هەولێر دەگەڕێننەوە. هەروەها جەخت لەوە دەكەنەوە ئەنجومەنی بانگەوازی حیزبەكەیان لەو پرسەدا "ڕۆڵی خراپ"ی هەبووە.

ئەو بەرپرسانەی كۆمەڵ لە هەرسێ‌ نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەدا باسیان لە دروستكردنی پڕۆژەی سیاسیی ئیسلامیی سەربەخۆ كردووە و لەو ڕووەوە پاڵپشتییان بۆ یەكدی دەربڕیوە، بەبێ ئەوەی زانیاریی زیاتر لەو بارەیەوە بخەنەڕوو.

كێشەی هەڵبژاردنی بەرپرسانی هەردوو مەڵبەندی 3ی هەولێر و 11ی دەوروبەری هەولێری كۆمەڵی ئیسلامی، ماوەیەكی زۆرە بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە. بەرپرسانی ئەو دوو مەڵبەندە بەهۆی ناڕەزایی نێوخۆیی حیزبەكە ماوەیەكی زۆر پۆستەكانیان جێشتبوو و چاوەڕێی چارەسەر بوون.

پاش ئەوەی بۆ ماوەیەك عەبدولستار مەجید ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی وەك بەرپرسی مەڵبەندی 3ی هەولێر دیاری كرا، بارودۆخە بە شێوەیەكی كاتی ئاسایی بووەوە، بەڵام كە ناوبراو بوو بە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، جارێكی دیكە كێشەكان سەریان هەڵدایەوە.

دواتر بە نیازی چارەسەركردنی كێشەكان، ئەنجومەنی بانگەوازی كۆمەڵ كەسێكی دیكەی وەك بەرپرسی مەڵبەندی هەولێر دەستنیشان كرد، ئەوەش بە بێ‌ ڕەزامەندیی زۆرێك لە بەرپرسانی حیزبەكە لەو سنوورە، هەربۆیە ئەو هەنگاوە كێشەكەی بە بنبەست گەیاندو دەستلەكاركێشانەوەی بەرپرسانی حیزبەكەی لە سنووری هەولێر بە دوادا هات.